خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- هونەرمەند و سینەماکار لازیۆ زانا، سەرەتای دەرکەوتن و بە ناو بانگ بوونی بە بچووکترین دەرهێنەری کورد ناسێنرا. خاوەن 5 کورتە فیلمە، لە زۆرینەی کارەکانی فیلمیشدا لە پشت کامێرا ڕۆڵی تایبەتی هەبووە، لەم دیدارەدا وەڵامی چەند پرسیارێکی داینەوە.
لازۆ، دەربارەی ئەو فبلمە کوردییانەی بەرهەم دێن وەک دەرهێنەرێک دەڵێت: ئەو فیلمە کوردییانەی ئێستا پەخش دەکرێن تا ڕادەیەک نەیانتوانیووە تامەزرۆیی بینەر پڕ بکەنەوە، دەکرێت ئەوە بۆ سێ هۆکار بگەڕێنینەوە: سیناریۆی خراپ کە نزیک نین لە هیچ پێوەرێکی کۆمەڵایەتی و هۆشیاری گونجاو, بە جۆرێکە کە سەیری سیناریۆکە دەکەی شلەژان و پەرت بوونێکی زۆری پێوە دیارە, هەرچەند لەم دوایانە چەند فیلمێک توانیان بینەرەکانی سینەما بە تامەزرۆیەوە لە سینەماکان کۆبکەنەوە ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە. دەرهێنەری قازانج ویست کە تەنها بەرهەمێنانی فیلم بۆ قازانجی خۆیان بەکار دەهێنن وەک دەبینین چەند فیلمێک بەم دووایانە بەرهەم هاتوون تەنها بۆ قازانج بەرهەم بووە، لەبەر ئەم هۆکارەیە بینەر متمانە بە فیلمی کوردی ناکەن و کاتی خۆیان تەرخان ناکەن.
ئومێد دەکەم پێش ئەوەی فیلمێک بەرهەم بهێنرێت وەزارەتی ڕۆشنبیری بە چاوی سیناماکارەنە بە سیناریۆکاندا بچێتەوە و بزانرێت کە پەیامی ئەم فیلمە لە چیدایە، ئایا کۆمەڵگە هۆشیار دەکاتەوە؟! هەروەها هۆکارێکی تر بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە کۆمەڵێک دەرهێنەر قۆرغکار ڕێگە نادەن ئەو سینەماکارە گەنجە پڕ وزە و بیرە نوێیانە بتوانن خۆیان بسەلمێنن، ئەمەش بۆ لاوازی ڕاگەیاندنەکان دەگەڕێتەوە کە نەیان توانیووە لەو لایەنەوە خزمەت بگەیەنن بە سینەماکارە گەنجەکانمان.
لەوەڵامی بەرهەمی نوێی خۆی لەبواری سینەما، لازۆ گوتی: ماوەی سێ ساڵە ئامانجمە فیلمێکی سینەمایی بەرهەم بهێنم، لەدوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین فیلم لە دیدی بینەرانەوە لە کوردستان، سەرقاڵی ئامادەکردنی فیلمێکم بە ناوی درەمان و چیرۆکی نهێنی ئامێز، پەیامێکە بۆ هەموو جیهان لەسەر کوشتنی کەسانی بێ دەسەڵات، ئەم فیلمە بۆ زۆرترین فیستیڤاڵە جیهانییەکانە و بەتایبەت لە فیستیڤاڵی (کان) ی فەڕەنسا و بەرەو جیهانی بوون، تا ئێستا لە هەوڵدانم بۆ وەرگرتنی سپۆنسەر، بەداخەوە کە هیچ لایەنێک نەهاتووە بۆ گرنگیدان بە منی دەرهێنەری لاو کە خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانیم، تەنیا کەسێک بە ناوی هۆزار تۆفیق ئەندازیاری شارستانی جیاواز لە کاری من هاوکاری ماددی و مەعنەوی بڕێکی بۆ فیلمەکەم دابینکردووە کە ئەمە نیشانەی سەرکەوتنە، وەک ستافی فیلمەکەمان لەبەرچاومان دەبێت، لە داهاتوویەکی نزیک هەموو شتێک ئامادە دەبێت و بەرهەمی دەهێنین بە نییەتی کارکردنی باشترین فیلمی کوردی.