خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- بەسەرپەرشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق و فیدراسیۆنی بادمنتۆنی عێراق، خولێکی مەشق و ڕاهێنانی نێودەوڵەتی بادمنتۆن لە سەر ئاستی کوڕان و کچانی ڕاهێنەرە پێشکەوتووەکان لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو، خولەکە لە هۆڵی یانەی وەرزشی ئەکاد لە 18/10/2024 دەستیپێکرد و ماوەی 12 رۆژی خایاند.
سەرۆکی فیدراسیۆنی بادمنتۆنی عێراق هەڤال محەمەد لەبارەی رێکخستنی خولەکە لە شاری هەولێر بە خەباتی ڕایگەیاند: سوپاسی دەستەی کارگێری یانەی وەرزشی ئەکاد دەکەین، کە دەرفەتی ئەوەیان پێداین خولی بەهێزکردنی ئاستی ڕاهێنەرانی یاری بادمنتۆن لە شاری هەولێر و لە نێو هۆڵی یانەکەیان ئەنجام بدەین، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هاوکار و پاڵپشتمان بوونە لەبەڕێوەبردنی خولەکە.
هەروەها دووپاتیکردەوە کە رێژەیەکی زۆر لە ڕاهێنەرانی کوڕان و کچانی شارەکانی عێراق بەشداریان تێدا کردبوو، وانەکانیش لەلایەن مامۆستای نێودەوڵەتی مالیزی (سام بانتی ) و یاریدەدەری وانەبێژ لوبنانی (پۆڵ جان) پێشکەش دەکران، لە كۆتاییدا گوتی: کردنەوەو ڕێکخستنی خولی مەشق وڕاهێنانی یاری بادمنتۆن لەشاری هەولێر، خۆی لە خۆیدا سیمایەکی جوانی بە خولەکە بەخشی و ڕەنگدانەوەی پێشخستن و پەرەپێدانی ئاستی ڕاهێنانی ناوخۆیی یاری بادمنتۆن پێشدەخات.