سهرهتا وتار لە گوتاری پیلانگێڕیدا (مەسرور بارزانی) دەکرێتە ئامانج!
غازی حەسەن
گوتاری پیلانگێری (موئامەرە) لە زۆر شوێن و لە دۆخی جیاوازی وەکوو (بانگەشەی هەڵبژاردن، ململانێی سیاسی و حزبی، ناکۆکی کەسی و خودی، قەیران و ململانێی کۆمەڵایەتی و تەنگەژەی ڕۆشنبیریی و پەیوەندی نێودەوڵەتی و ململانێی دەوڵەتەکان … تاد) بەکاردێت. لەچەند ساڵی ڕابردوو گوتارێکی گومانهەڵگری ئامانجدار دژی سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (مەسرور بارزانی) بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو بێ وەستان و بەهاندان و فووتێکردنی ئاشکرا و نائاشکرا هەیە، چ لە (گوتار و ڕاگەیاندنی فەرمی، یان گوتاری نافەرمی و سۆشیال میدیا)ی بارگاوی، بە مەبەست و خواستێکی سیاسی و ئامانجداری کەسی، فۆرموڵە بووە، گوایە لەم ڕێگەیەوە (پێگە و دەسەڵات و توانای کەسی) (مەسرور بارزانی) لەلایەن گرووپە جیاکان سنووردار دەکەن و دواتریش گوتاری فەشەل پێهێنان و شکاندن و ڕووخانی ئەم سەرکردە پراگماتیکییە دەگەیننە شوێنێک، کە حەزی پێ نەکەن، ئەگەر خودی سەرۆک وەزیرانیش نەشکێت، ئەوە ژێرخان و سەرخانی دەسەڵات و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان تێک وپێک دەدەن. بە واتایەکی دیکە ئەگەر بە خۆشی نەوەستان، ئەوە پێلەقەیەکی کاولکاری بەهێز لە دەسەڵات و پێکهاتە و دامەزراوەکانی هەرێم دەدەن. ئەمە گوتاری ئەم چەند ساڵە بوو.
گوتاری پیلانگێڕی لەنێو ڕاگەیاندن و ژینگەی سیاسی ئەمەریکا و وڵاتە گەشەکردووەکانی ئەورووپاش پیادە دەکرێت، بەڵام لێرەدا ئەم گوتارە بە جۆرێکە، کە دەمارگیری و تۆڵە و پەنابردنە بەر بیرۆکە و فکرەی دەستکرد و زانیاریی فریودەری بۆگەنکردوو و ڕقهەڵگری تێدایە، لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی شتەکان پەیڕەو دەکرێت، نەک پێشکەشکردنی جێگرەوەیەکی باشتر و لەبارتر. بێگومان ئەوانەی گوتاریان هەیە، یان دەیانەوێت پەیام و خواست و شتەکانیان لەڕێگەی گوتارەکانیانەوە ڕاپەرێنن، دەبێت لە گرنگی و کاریگەری و کارتێکردن و کاردانەوەکانی خودی گوتاریش بگەن. بەلای کەمەوە لەوە بگەن گوتار کردارە و بەرپرسیاریەتی تێدایە، چونکە هەندێک جار کورد گوتەنی سەری خاوەنەکەشی دەخوات.
هیچ کاتێک و هیچ کەسێک لەپرۆسەی سیاسی جێگەی بەزەیی و پاڕانەوە نییە. (مەسرور بارزانی) چۆن ستایش دەکرێت، ئاساییە هەڵەش بکات و ڕەخنەشی لێبگیرێت، چونکە سیاسەت خۆی زۆنگاوێکی تەژی لە میکرۆب کراوی پڕ لەکێشە و ناکۆییە، بەڵام شیکردنەوەی گوتار و دەرخستنی مەبەست و نیازەکان ئەرکێکی ئەخلاقی و کەلتوورییە. زمانی بەکارهێنراوی گوتار بڕیار لەزۆر شت دەدات و دەبێتە ساخکەرەوەی زۆر شتی شاراوەی نادیاریش.
لەبیرمە پێش پێکهێنانی کابینەی نۆیەم بەئاشکرا دەیانگوت (ئەوانەی بە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی قایل نەبوون، ئەوە کاک مەسرور بارزانی دەبێتە سەرۆک وەزیران، خۆ بگرن ئینجا دەبینن، چ دەقەومێت ئەو پیاوێکی توند و ڕەقەکارە و ڕێگە بە سەرپێچی و گەندەڵی و دوو ئیدارەیی و خۆفەرزکردنی حزبی نادات)، هەندێک دەیانگوت پێکەنینیشی نییە. ئەمە گوتارێک بوو دوو ئامانجی لەخۆگرتبوو:
یەکەم: دەرخستنی بەهێزیی کەسایەتی سەرۆک وەزیران و جدییەتی لەکار و بڕیار و لێپرسینەوە و پێداگری لەسەر بەڕیوەچوونی بەرنامەکانی لە حوکمڕانی.
دووەم: ترساندنی لایەنەکانیش بوو، بەوەی کاک (مەسرور بارزانی) کەسێکی توندە، ئیدی بواری سازش و مانۆڕی سیاسی و کلک بادان بۆ هیچ کەسێک نامێنێت.
لەگەڵ ساتی یەکەمی ڕاگەیاندنی کابینەی نۆیەم، گوتاری پیلانگێڕی دژی کابینەکە و خودی سەرۆک وەزیران بە ئاشکرا و شاراوە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئەو گرووپ و لایەنانە دەستی پێکرد، کە ئامانجیان هەر لە سەرەتاوە ڕووخانی (مەسرور بارزانی) بووە. ئەمەش لەکۆتایی هەندێک گەیشتنە ئەوەی کە (ناتوانن سەرۆک وەزیران تێکبشکێنن و سنوورداری بکەن)، بۆیە لەگەڕان بەدوای ئەڵتەرناتیڤی ئەم (تێک نەشکانە)، بیریان لە بەکارهێنانی (کارتی بەغدا) و (شتی دیکە) کردەوە. کارتی بەغدا لەململانێی نێوخۆییش ئەنجامێکی بەئازار و سەخت و پڕکێشەیە، بەڵام یەکلاکەرەوە نەبوو، بەپێچەوانەوە زاراوەی (خیانەت)ی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەو هێرش و سووکایەتی و بەرنامە گومانهەڵگرانەیان گەیاندە لووتکە، بێ ئەوەی بتوانن شوێن پێ و پلە و کەسایەتی و دونیابینی و تێڕوانینەکانی ئەم سەرکردە نەلەقیوە بۆ حوکمڕانی بگۆڕن. تەنیا گوتارێک پێیان کرابێت ڕێگری بووە لە نەهێشتنی گەندەڵی، درێژەدان بە ئاژاوەی سیاسی و دروستکردنی ترس و نیگەرانی لای هاووڵاتیان و ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکی باش و خراپ.
گوتاری ئەمجارەشیان بریتی بوو لە (شەرعیەت دان بە بەغدا و حەشد و دەستوەردانی دەرەکی تاکو هەرێمی کوردستان لەڕقی پارتی و سەرۆک وەزیران) تێکبشکێنرێت، ئەم ڕقە بەئاشکرا لەگوتاری پیلانگێڕیدا هەیە و ناشاردرێتەوە. لەمەش خراپتر لەپێش دەنگدانی هەڵبژاردنی 2024 بە ڕاشکاوانە هەموو ئەو لایەنانەی خۆیان بە دژی حکوومەتی هەرێم و (پارتی بەپلەی یەکەم) و (سەرۆک وەزیران) دەزانی، چەند شتێکیان کرد و ڕاشکاوانە لەڕێگەی ڤیدیۆ و ڕاگەیاندنەوە ئەم شتانەیان ڕاگەیاند، لەوانە:
یەکەم: گوتاری ڕووخان و وەستاندن و سزادان و لەسێدارەدان و هاوپەیمانی حەشدی شەعبی و خۆبەستنەوە بە ئێران بە کارێکی ڕەوا و مۆدێڕن لە سیاسەت نمایش بکەن، ئەمەش یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان لەڕقی کەسێک و لایەنێک، یان بۆ شاردنەوەی فەشەلەکانیان بەرانبەر مانەوە و بەهێزبوونی پتری سەرۆک وەزیران، لە دروشم دەرچن و بچنە سنووری کردار و بەکردەوە گوتاری پیلانگێڕی بکەنە گوتاری ڕووخاندنی هەرێم. لە کردەوە وەکوو هەندێک دەڵێن (سیاسەتی دێزە پیادە بکەن) و لە ڕقی (مەسرور بارزانی و پارتی) ئەگەر خۆشیان لەناو بچن گرنگ نییە، تەنیا ئەوان لەناو ببەن و پێیان وابێت بە کەوتنی پارتی و سەرۆک وەزیران کێشە کۆتایی دێت. لەکاتێکدا گوتاری لەمجۆرە خۆی لەخۆیدا بریتییە لە چاندنی دووبەرەکی و کێشە و ئاژاوەیەکی درێژخایەن.
دووەم: ئەوانی دیکە (تەنیا پارتی و بەرپرسە یەکەمەکانی پارتی نەبێت) دەیانگوت، ئەم هەڵبژاردنە زۆر باش و پاک و بێگەرد دەبێت، چونکە:
– کۆمیسۆنی بەغدا سەرپەرشتی دەکات.
– لیستی دەنگدەران پاک دەکرێتەوە.
– دەنگدەری مردوو نامێنێت.
– تەزویر ناکرێت.
نیازیشیان ئەوە بوو، کە ئەم هەڵبژاردنە زەمانی ئەوەی تێدایە کراوە و نەخشەی بۆ دانراوە ئەوان چەند کورسی بەدەست دەهێنن، واتە دڵنیابوون لەوەی دەزانن چەند کورسی بەدەستی بهێنن و ئەمەشیان بەدەنگی بەرز وەکوو تۆڵەکردنەوە لە پارتی دەردەبڕی.!!
واتە گوتاری پیلانگێڕی دەکرێت لەهەموو سەردەمێک و بۆ هەر بابەتێک و بەهەر پاساوێک بێت بەکار بهێنێرێت، بەڵام دیسان فەشەلیان هێنا، گوتارەکە بەسەر خۆیاندا شکایەوە و ئێستا دەبێژن ئەمە خراپترین و تەزویرترین دەنگدان بووە و (ئەنجامەکان پێشتر دیزاین کراون).
دەگەڕێمەوە سەر گوتاری پیلانگێڕی دژی (مەسرور بارزانی)، من پێم وایە لەتەک نیەتی دوژمنکارانە، ڕق و تۆڵەسەندنەوە و پڕکردنی گوتار بە (فیشەکە وشە)ی هێرشکەر، ڕاگەیاندنی توند کە لایەنە نەیارەکان بەڕێوەیان بردووە، لەنێو ڕاگەیاندنی پارتیش بەلای کەمەوە دەرهەق بە سەرۆک وەزیران دوو هەڵەی پێشوەختە کراوە، لەوانە:
یەکەم: لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی (مەسرور بارزانی) وەکوو سەرۆک وەزیران گوتیان ئەو دەتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات و سوپەرمانە و ئەوەی کەس پێی نەکراوە ئەو دەیکات. ئەمە هەندێک دوور کەوتنەوە لەواقیعی تێدایە، ئەرکی ئەویشیان لەهەنگاوی یەکەم قورستر کرد، چونکە هەندێک کێشە هەن (سی ساڵە) بەهێز و قووڵ ڕۆچووەتە نێو کەلتوور و سیاسەت و کەسایەتی و ئەخلاقی کۆمەڵگە، بە چەند ساڵێک و بە بڕیارێک و تەنیا هێزیک چارەسەر ناکرێن. نموونەی گەندەڵی کە وەکوو کەلتووری لێ هاتووە، لایەنێک بەتەنیا ناتوانێت کۆتایی پێ بهێنێت و بیوەستێنێت. یەکخستنی هێزی پێشمەرگە کە ئەمەریکا و ئەورووپا داوای دەکەن و هاوکارن. پەروەردە، یەکخستنەوەی ئیدارەکان، پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێزی بچووک.
دووەم: پێش بانگەشەی هەڵبژاردنی 2024 ڕایانگەیاند سەرۆک وەزیرانی داهاتوو (کاک مەسرور بارزانی)ە ئەمەش دوو بۆچوون و لێکدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا:
یەکەم: پارتی براوەی یەکەم دەبێت و حکوومەت پێکدەهێنێت و بێ ڕکابەرە، واتە لایەنەکان ناتوانن و توانای پاشەکشەپێکردنی پارتییان نییە. لەهەمان کاتدا بەکارهێنانی ناوی (مەسرور بارزانی) وەکوو هێما و نیشانەیەکەی سیاسی بەهێز دژی ڕکابەرە سیاسییەکانی دیکە گوزارشتی لێکرا، کە لە کردەوەدا کەسایەتییەکی خۆڕاگرە و دەتوانێت ڕووبەڕووی قەیران و کێشەی گەورە ببێتەوە.
دووەم: لایەنێکی دیکەی پەیامی ئەم گوتارە ڕەنگە نەرێنی بووبێت، چونکە دەرفەتێکی خراپی بە ناحەزانی (مەسرور بارزانی) دا، ئەم لێدوان و گوتارە ئیستغلال بکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فراوان و ڕاستەوخۆ و بەشێوازێکی هەندێکجار نزم ناوی بهێنن و هێرشی بکەنە سەر و نەیشارنەوە کە دەیانەوێت و دەمێکە کار دەکەن تێکی بشکێنن و داوای ڕووخاندنی ئەو و حکوومەتەکەیان کرد، ڕەنگە ئەگەر ئەم لێدوانە نەبووایە، نەیانتوانیبایە ڕاستەوخۆ ئاماژە بەناو و ڕۆڵی (مەسرور بارزانی) بکەن، وەکوو ئەوەی ڕوویدا. ئەنجامەکان دەریانخست ئەم چەشنە قسەکردن و گوتارە سەرکەوتنیان تێدا نییە. مرۆڤ پێویستی بە دانانی نەخشە و بەرنامەیە بۆ دروستکردنی گوتاری سیاسی و هەڵبژاردن، یان هەر جۆرە گوتارێکی دیکە، گوتاری پیلانگێری نەیتوانی سەرکەوێت، نەیتوانی نیەتی (ڕووخان و کۆتایی پێهێنان و شکاندن و تێکدان) بەدی بهێنێت، بەڵام ئەم گوتارە زەمینەیەکی یەکجار خراپی بۆ تێكدانی (متمانە و لێکگەیشتن) دروستکردووە.
گوتاری پیلانگێڕی هەمیشە پشت بە (زمانێکی خراپ و ئابڕووبەر و سوککردن و بچووکردنەوە و قەبەکردنی کێشە و شتی دروستکراوی درۆزنانە و تێکدان و ئاژاوە و یاری کردن بە دەروونی گوێگرەکانی و هاووڵاتیان) دەبەستێت، لای ئاساییە لەکاتی گوتاردان خاوەنی گوتارەکە چاوی بنوقێنێت، وەکوو ئەوەی کەس لەبەردەمی نەبێت و تەمسیل بکات و هەمیشە شتە بچووکەکان بەقەبارەی گەورەتر لە هەقیقەتی خۆیان ئاماژە پێی بکەن. مشکێک دەکەنە گامێشێک.
لەنێو گوتاری پیلانگێڕی دەیانەوێت زۆر شت وەکوو (شتی ترسێنەر، خۆسەپێن، بەهێز تا دەگاتە سەرکوتی بەرانبەرەکەی) نیشان بدەن، ڕێک بۆ هێرشکردنە سەر کەسایەتی و توانای (مەسرور بارزانی) ئەم سیاسەت و گوتارەیان پیادە کردووە، لەکاتێکدا من پێم وایە هەرێمی کوردستان، کە ئێستا تەنیا چوار پارێزگایە، دەبووایە بەهێز یەکبخرابایە و هیچ حکومەتۆکەیەک لە دەرەوەی ئیدارە و یاساکانی فەرمیی هەرێم ڕێگەی پێ نەدرابایە.
گوتاری پیلانگێڕی لە جیاتی پەرەپێدان و خزمەت و بەهێزکردنی وڵات، بانگەشەی ئەوە دەکات، نابێت ئەم پێشکەوتنە لەهیچ ناوچەیەک هەبێت، چونکە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خاوەنی ئەم گوتارە گەشەی پێ نەدراوە و ئەمەشیان دەبەستەوە بە (سیاسەتی جیاوازیکردن!). ئەمە بەکردەوە گوتارێکی پیلانگێڕانەی پیس و گەمژانەیە لەسەر بنەمای (گەمژەیی و نەزانین بۆ ناساندنی زانین بیناکراوە). بۆ؟ ئەگەر گوتارەکە پیلانگێڕانە و بۆ موئامەرە نەبێت، دەبێت داوا بکرێت ناوچەکانی ئەوانیش گەشە بکەن، وەکوو چۆن هەولێر و دهۆک و زاخۆ گەشەیان کردووە، نەک گەشەکردنی هەولێر و دهۆک و زاخۆ ڕابگیرێت و وەکوو ناوچەکانی ئەوانی لێبکرێت، چونکە ئەوان هیچیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان نەکردووە.
گوتاری پیلانگێڕی وەرگر و گوێگر بە گەمژە دەزانێت، یان ڕکابەرەکەی بە نەزان و نزم و لاواز و تاوانبار نیشان دەدات، لەکاتێکدا گوتارەکەی خۆی بریتییە لە (تاوانکاری بە قسە)، چونکە ژمارەیەک دەستەواژە و زاراوە و وشەی نەگونجاوی تۆقینەری دەروونی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنێت، کە بەکردەوە بەپێی شیکاریی زمانەوانی ڕاپەراندنی کردەیەکە و کردەکەش بڕیاردانە لە شتێک کە بەڕاستی و دروستی باسی هەقیقەتی شتەکان ناکرێت، ئەمەش شیاوی کۆمەڵگەیەکی ئارام و تەندروست نییە. واتە:
یەکەم: خەڵک و جەماوەر بە گەمژە دەبینێت، ئەمەش سووکایەتی و جۆرێکە لەتاوانی بەهەڵە هەڵسەنگاندنی خەڵک.
دووەم: ڕکابەرەکەی بە نەزان و تاوانبار و نزم نیشان دەدات، بێ ئەوەی بەکردەوە ئەوە بسەلمێنێت خۆی لە ڕکابەرەکەی باشترە و خۆی گەمژە نییە، کە جەماوەر بە گەمژە دەبینێت.
سێیەم: قسە لەسەر بێ هیواکردنی خەڵک دەکرێت، لەکردەوەدا بەشی زۆری ئەو گوتارانەی دژی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوون، گوتاری لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی ڕەسەنایەتی، ئیلتیزام و ئینتمای خەڵک بۆ کوردستان و نەتەوە بوو. بۆیە بەرانبەر ئەم گوتارانە، گوتارێکی دیکە کاری خۆی کرد، کە پەیوەندی بە مانەوە و پەرەپێدانی کەسایەتی کوردستان و بیناکردنی وڵات بوو.
چوارەم: ئەوانەی دژی پارتی بوون (یەک گوتاری) هاوشێوە و لەیەکچوو، نزیک و تەواوکەری یەکتریان هەبوو، بەڵام دابەشی سەر چەندین هێزی ناکۆک و دژ بەیەکتر بوون و کەسایەتی خۆیان دابەشی سەر (کاردانەوە و حزبایەتی و هێرشی دوژمنکارانە و ڕق، ستایشی بێگانە پتر لەستایشی خۆیان) کردبوو. گوتاری پارتی چەند هێزێک و کاریزمایەکی وەکوو (سەرۆک بارزانی ڕێبەری نەتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی هەرێم) بەڕێوەی دەبرد، بەڵام یەک ئامانجی هەبوو ئەویش (دروستکردن و مانەوە و ئاوەدانی) بوو. ئەم گوتارە پشتی بە خۆی بەستبوو.
پێنجەم: گوتاری (مەسرور بارزانی) سەرۆک وەزیران و پارتی گوتارێکی خۆماڵی، بە زمان و ستایلی سادە و سروشتیی خەڵک بوو، شتیان پێشکەش دەکرد لەڕووی سیاسی و ئاسایش و ئابووری. ئەوانی دیکە گوتارێکی هاوردە بەستایلێکی توندی چاولێکەرانە و دروستکراو بوو، تەنیا خاوەنی ڕەخنەبوون، خاوەنی پێشکەشکردنی هیچ شتێک نەبوون.
شەشەم: دەتوانم بێژم گوتاری (مەسرور بارزانی) گوتاری ئیش و کردەوە و ڕاپەڕاندنی بەکردەوەی بەرنامە و شتەکان بوو، گوتاری ئەوانی دیکە گوتاری قسەکردن و تاوانبارکردنی بێ بەڵگە بوو.
لەبیری نەکەین تیۆری پیلانگێڕی و گوتاری پیلانگێڕی هاوبەشییەکی توند و زۆریان بەیەکەوە هەیە، ڕاستە لە زاراوە و شێوازدا جیاوازن، بەڵام هەردووکیان دەیانەوێت “بڵاوبوونەوەی هوشیاریی سیاسی لەنێو خەڵک و دەستەبژێردا تەمومژاوی بکەن”، هەر کاتێک زانیاریی و هوشیار لەبارەی قەیرانەکان کەمتر بێت، ئاستی چارەسەریش نزمتر دەبێت. لەهەمان کاتدا ئەم جۆرە گوتارە پشت بە “توندڕەوی و فشار و ئاژاوە” دەبەستێت. بڕوای وایە بەهێرشی بەردەوام، سەرکەوتنی بەردەوام بەدەست دەهێنێت.
لەچەند ساڵی ڕابردوو، بەتایبەتیش لەبانگەشەی ئەمجارەی پەرلەمان (ئۆکتۆبەری ساڵی 2024) گوتاری پیلانگێڕی بەجۆرێک زەق بوو، کەس ناتوانێت هەستی پێ نەکات. لەوەش تێپەڕی جۆرێک لە کۆمیدیا و تڕۆکردنی بەرنامە و پڕۆژە جدییەکانی لەخۆ گرتبوو، بۆ؟ وەکوو گوتمان (تەمومژاوی کردنی هوشیاریی) و (توندڕەویی و فشار و ئاژاوە) بنەمای سەرەکین بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم جۆرە گوتارانە، کە لەبنەڕەتدا پشت بە (هێرش و بچووکردنەوەی ئەوانی دیکە و سڕینەوەی بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان دەبەستێت و پڕە لە هاتوهاوار و پچڕپچڕبوون و بەیەک نەبەستنەوەی قسەکان).
لەبەر ئەوە بینیمان (مەسرور بارزانی) کە سەرۆکایەتی حکوومەت دەکات لەسەردەمی سەختترین قەیران و ئاڵۆزیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فشاری هەمەجۆری ناوخۆیی و دەرەکی، لەبەرچاو بوو پارتی جارێکی دیکەش لەجیاتی پاشەکشە، بووەوە براوەی یەکەم. ئەو هۆکارانەی بوونە سەرچاوە بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆر متمانەی بە قسە و گوتاری (مەسرور بارزانی) هەبێت، لەبەر چەند هۆکارێک بوو، لەوانە:
یەکەم: سەرۆک وەزیران دابەزییە نێو خەڵک و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هاووڵاتیان و کۆمەڵگەوە کرد. واتە بایەخی بەگرنگی پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ دا، دەکرێت لەمەودوا لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانیش ئەم کرانەوە و لەگەڵ دەستبەژێر و کەسانی خودان پڕۆژەی فکریی و سیاسی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی هەمان شت درێژە پێ بدات.
دووەم: پارتی براوەی یەکەم بوو.
سێیەم: گوتاری سەرۆک وەزیران گوتاری (کارکردن و پڕۆژە و دوور لە خۆدەرخستن و سووکایەتی) بوو. لەهەمان کاتیشدا گوتارەکەی متمانە بەخۆبوونێکی بەهێزی نیشان دا.
چوارەم: ئەگەر پارتی پێشتر بیرۆکەی دیکەشی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەبووبێت، ئێستا لە بەر کاردانەوەی خاوەنەکانی گوتاری پیلانگێڕی و ئەو لایەنانەی بەئاشکرا و ستراتیژییانە کاریان بۆ ڕووخاندنی سەرۆک وەزیران کرد، نیشانیان دا ئەوانە لە (مەسرور بارزانی) ترساون، بۆیەشە پارتی هەر خودی ئەو وەکوو کاندێدی ئایندەی حکوومەت بەربژێر دەکاتەوە.
پێنجەم: (مەسرور بارزانی) بە زمانێکی فەرمی و بەرز، دوور لە هەڵچوون و کاردانەوەی سلبی ئیدارەی گوتار و گفتوگۆ و قسەکانی خۆی کرد، ئەو تەنیا گوتی “ناتوانن”، ناتوانن بووە ڕەمز و هێمای بانگەشەی پارتییەکان، ئەم گوزارشتە هیچ سووکایەتی و هەڕەشە و بچووکردنەوە و سنووربەزاندنێکی سروشتیی تێدا نییە، بەڵام بە ڕکابەرەکانی دەڵێت: “ئێوە هێزی ئەوەتان نییە، ئێمە پاشەکشە پێ بکەن و بشکێنن و بڕووخێنن”، فەرموون خۆتان تاقی بکەنەوە.
شەشەم: گوتاری فەرمیی (مەسرور بارزانی) گوتاری کارەکتەرێکی سیاسی متمانەدار و بڕوابەخۆ و بەرنامەدار بوو. ئەم چەشنە گوتارە پشت بە (هوشیاری و ژینگەیەکی ئارام و ستراتیژیی سەرکردایەتی و ڕێبەرایەتی) دەبەستێت.
یەکێتی ئەورووپا و دەزگا جیهانییەکان چەند ساڵێکە لێکۆڵینەوە لەبارەی تیۆری پیلانگێڕی ئەنجام دەدەن، کە پەیوەندییەکی توندی بە سیاسەتی پۆپۆلیستییەوە هەیە. منیش ئەمە بە دەرفەتێکی گونجاو دەزانم لێکۆڵینەوە لە گوتاری پیلانگێڕی و ئاژاوە بکەم، تاکوو لەو پەیوەندیی و هاوسۆزییە بکۆڵینەوە کە شتەکان دەبەستێتەوە بە ڕەفتاری پۆپۆلیستی و ئاژاوەگێڕی و تێکدان و وێرانکردن.