د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان
خەبات: ئاشتی شەهباز:- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەسەر شێوەی شووقە، لە قۆناغی یەكەم بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشینان لە هەرێمی كوردستان، لە قەزای عەنكاوەی سەر بە شاری هەولێر دەستكرا بە دروستكردنی 700 شووقە و لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەردی بناغەی دانرا، لە شاری هەولێریش لە دوو جێگەی جیا شوێن دەستنیشانكراوە، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان د.محەمەد شوكری سەبارەت بە دوایین قۆناغەكانی یەكەی نیشتەجێبوون و سوومەندان بۆ رۆژنامەی خەبات دەڵێت: پرۆژەی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشین و كەمدەرامەتان ئێستا دەستیپێكردووە و لەلایەن سەرۆكی حكوومەت بەردی بناغەی لە عەنكاوە بۆ 700 شووقە دانراوە، بە هەمان شێوە لە دوو شوێنی جیا لە هەولێر شوێنی بۆ تەرخان كراوە، بەڵام بە حوكمی بارودۆخی ئابووری كوردستان كەمێك گۆڕانكاری تێكەوت, دوای جێگیربوونی باری دارایی هەرێم لە قۆناغەكانی داهاتوو بەپێی زەروورەتی هەرێم زیاد دەكرێت و پرۆسەیەكی بەردەوامە و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم مەبەستیەتی هەموو كەمدەرامەت و كرێنشینانی خەڵكی كوردستان خاوەن یەكەی نیشتەجێبوونی تایبەتی خۆیان بن، دواتر لە هەولێر , دهۆك , سلێمانی و شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە گەرمیانیشەوە بە ئالیەتێكی جیاواز دەست پێدەكرێت.
د. محەمەد شوكری گوتیشی: یەكێك لە ئەولەویەتەكانی كابینەی نۆیەم پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و باشتركردنی بارودۆخی هاووڵاتییانە، لە پاڵ بڕیاری دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدرامەت و كرێنشینان بڕیاری دابەشكردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە و یەكێكە لەو بڕیارانەی خزمەت بە فەرمانبەرانی كوردستان دەكات، كەوا لە لایەن خودی سەرۆك وەزیران بڕیاری لەبارەوە درا، بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كرێنشینی لە ریزی فەرمانبەران و لە پارێزگاكان خەریكی ئامادەكاری و دیاریكردنی شوێنی زەوین بە پێی ماستەرپلان.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا فەرمانبەرانی كرێنشین دەتوانن لەو شووقانە سوودەمەند بن یاخود تەنیا لەو پارچە زەوییەی كەوا بڕیاری لێدراوە؟ سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: ئەوانەی سوودمەند دەبن لەو شووقانە بە سوودمەند هەژمار ناكرێن، ئەگەر لەلایەن حكوومەتی هەرێم پارچە زەوی وەربگرێت، چ بە بڕێك پارە یاخود بە شێوەیەكی خۆڕایی و پەیوەندییان بەیەكەوە نییە.
د. محمەد شوكری گوتیشی: پرۆژەی یەكەی نیشتەجێبوون هیچ پەیوەندی بە دابەشكردنی زەوییەوە نییە و پێدانی شووقە لەبەرنامەی سەرۆك وەزیرانە بۆ سوود وەرگرتنی هەموو چین و توێژەكانە لە پرۆژەكانی وەربەهێنان لە كەرتی تایبەت، سەبارەت بەوەیش ئایا توێژی خاوەن پێداویستی تایبەت دەتوانن لەو یەكانەی دروست دەكرێت سوومەندبن و بە خۆڕایی دەبێت ؟ د. محەمەد شوكری گوتی: ئێمە لە پرۆژەماندایە كاتێ گەیشتە قۆناغی كۆتایی لەسەر داواكاری وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بەشێك لەو پرۆژانە دەدرێتە ئەو چین و توێژەی هەرێمی كوردستان، ئەو كات وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی خۆی لەو بەشە سەرپشك دەبێت لەناو شارو شارۆچكەكان كەوا چۆن و بە چ میكانیزمێك دابەشی دەكات.
لەبارەی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ئەوەی ئەو شووقانەی بە خانەوادەی شەهیدانی داعش دراوە، هەمان ئەو شووقانە بوون كە بۆ كەمدەرامەت و كرێنشینان دروستكراوە، ئایا ئەوە تا چەند راستە ؟ د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: نزیكەی 10 هەزار شووقە هەیە و وەستاوە، نەخێر ئەو شووقانە چەند ساڵێك بوو وەستابوون و شووقەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەبوون و پێموابێ خانەوادەی شەهیدانی داعش لە هەموو خەڵك لە پێشترن بۆ بەسەركردنەوە و ئەو شووقانەیان پێبدرێت و جێگای فەخرو شانازییە.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بۆ خەبات دەدوێ