هەڵبژاردنی پەڕینەوە بەرەو مانەوە

149
غازی حەسەن
نامەوێت لێرەدا هەڵسەنگاندن بۆ پێگە و تێڕوانین و مەزەندەی لایەنە سیاسییەکان و سەربەخۆکان بکەم و ئەم هەڵبژاردنە لە ڕووی سۆز و ئینتمای سیاسی و حزبی هەڵبسەنگێنم، ئەم هەڵبژاردنە ململانێ بوو لەنێوان (مردن و ژیان)، (هەڵوەشانەوە و بەردەوامی) و (ڕووخان و تێکدان و دروستکردن و چاککردن)، لە هەمووشی گرنگتر ململانێ بوو لە نێوان (سڕینەوەی هەرێم و مانەوەی هەرێم). ئەنجامەکەی لە هەمووی گرنگتر پەڕینەوە بوو لە نەمان بەرەو بەردەوامی و بەرپرسیاریەتی نوێ و شێواز و فۆرمی نوێ.
کێ بردیەوە و زۆرترینی هێنا لەقۆناغی دوای هەڵبژاردن گرنگ نییە، چونکە قۆناغی داهاتوو، قۆناغی سەردەمێکی جیاواز دەبێت. بەقەد ئەوەی براوە دەبێت لە قۆناغی داهاتوودا باوکێکی دادپەروەر و بە‌هێز و یەکگرتوو بێت، هەمیشە بە عەقڵێکی کراوە و ئارام و دووربینانە هەنگاو بنێت. لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ زۆربەی کێشەکان، لەم هەڵبژاردنە ئەم چەند خاڵە، ستراتیژیی بوون:
یەکەم: شەرعییەتی دەستووری و سیاسی هەرێمی کوردستان بەهێز و ڕەوا لە ڕێگەی بەشداری زۆری خەڵک بەردەوام دەبێت، ئەوانەی ویستیان کوردستان بخەنە نێو بۆشاییەکی دەستووری و سیاسی، سەرکەوتوو نەبوون.
دووەم: خەڵک بەشێوەیەکی کارا و فراوان بەشداری دەنگدانیان کرد و سەلماندیان کوردستان ئارەزووی دیموکراتی و کرانەوە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی زۆر، لە خۆبەستنەوە بە‌ هێز و خۆسەپاندن و فریودان و تاکڕەوی و پشت بەستن بە هێزی دەرەکی هەیە.
سێیەم: هاووڵاتیان لەگەڵ ئەوەی مووچەشیان نەبووە، بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز بەشداری دەنگدانیان کرد، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خەڵکی کوردستان (هەرێمیان دەوێت و لەگەڵ مانەوە و بە‌هێزبوون و گەشەکردنی هەرێمن).
چوارەم: پێچەوانە هەندێک لە گوتارە نەرێنی و توند و ڕەقەکان، هاووڵاتییان پشتگیری گوتاری نەرم و واقیعی و بەردەوامبوونیان کرد. ئەگەر حزبەکان ویستبێتیان خەڵک بچن بەگژ یەکدا، ئەوە هاووڵاتی ئەوەیان نەویست، هێزی دەنگیان لا گرنگتر بوو لە هێزی هێزدار.
لەبەر ئەوە پرۆسەکە باشبوو، پێشنیار بۆ پەرلەمانی داهاتوو دەکەم:
یەکەم: بڕیار لە نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بدات.
دووەم: بەزوویی حکوومەتێکی نیشتمانیی هاوسەنگ بۆ خزمەت و کارکردن و پەرەپێدان و چاکسازیی پێکبهێنرێت.
سێیەم: هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت، هەر لایەنێک دژی ئەم هەنگاوە بوو، بە ئاشکراو لە بەردەم ڕای گشتیی سزا بدرێت.
چوارەم: یەکخستنەوەی حکوومەتی هەرێم لەنێو یەک دەسەڵاتدا، ئەم دەسەڵاتە بەرپرس دەبێت لە چاکە و خراپە.
پێنجەم: ئەنجوومەنێکی دادوەریی باڵا هەبێت، بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە گرنگ و ستراتیژی و سەختەکان.