پێیان وابوو گەر کۆمسیۆن کوردستانی نەبێت پارتی قەتیس دەکەن

188
بڵند نەوڕەس
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەپێی پێوەرە ناوخۆیی و عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و هەرێمی کوردستانیش قۆناغێکی گەورەتری بڕی لە پەیڕەوکردنی پرۆسەی دیموکراسیدا.
لە ڕابردوودا زۆرینەی لایەنەکان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە ڕەخنەی ئەوەیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرت، کە گوایە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بە خواستی پارتی لایەنگرییان کردووە و لیستی دەنگدان مردووی تێدا بووە و قەبارەی زیاتر دراوە بە پارتی.
لە هەمان کاتدا هەموو هەوڵێکیان دا کە سیستەمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بکرێت بە فرە یان چوار بازنەیی، گوایە گۆڵی خۆیانیان لە پارتی کردووە و کۆمسیۆنیش ئیتر کۆمسیۆنی عێراقە و پارتی دەسەڵاتی بەسەردا نییە و پارتی کەوتە ناو تەڵەکەوە.
پێشینەیەک
پارتی ئەو کاتەی کە لایەنە سیاسییەکان داوای فرە بازنەییان دەکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بری یەک بازنەیی، مانۆڕێکی سیاسی و دیپلۆماسی ئەنجام دا بۆ لای لایەنە سیاسییەکان و تێیگەیاندن کە فرە بازنەیی لە سودی پارتە گەورەکان و زیانی ئەواندایە و پارتە بچووکەکان زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، بەڵام ئەوان چونکە دەیانزانی خواستەکە دڵخوازی پارتییە بۆیە دژی یەک بازنەیی وەستانەوە و لەگەڵ فرەبازنەییدا بوون.
سەبارەت بە کۆمسیۆنیش، بە خۆچەماندن و دەستماچکردنی بێگانە و نەیاران و خۆدزینەوە لە کاراکردنی کۆمسیۆن، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیان پەکخست و ئامادە نەبوون لەسەر درێژکردنەوەی وادەکەی یان دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک و ئەندامەکانی ڕێککەوتن بکەن و پەنایان برد بۆ کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، گوایە بێلایەن و پیشەییە و پارتی ناتوانێت دەستێوەردانی تێدا بکات.
ئەوان پێیان وابوو گەر کۆمسیۆن کوردستانی نەبێت و گەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بێت پارتی قەتیس دەکەن لە دوو لاوە، هەم دەنگی لیستەکەی بە فراوانی خزمەتی کاندیدەکانی تری ناکات لە پارێزگاکانی تر و هەم کۆمسیۆنیشی لەدەست دەرهێنراوە و هەم بە هەموان دەتوانن گەلەکۆمە لە پارتی بکەن و بچووکی بکەنەوە.
هەڵبەتە کۆی ئەم پلانانە بە خۆچەماندن بۆ لایەن و نەیارە دەستڕۆیشتووەکان و لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە ئەنجام دەدران!
بانگەشەی هەڵبژاردن
لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەکاندا، کۆی پارتەکان جگە لە پارتی دروشمێکی هاوبەشیان هەبوو کە هەمیشە بە دەنگی بەرز دەیانگوتەوە کە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو بێلایەنە و پارتی ناتوانێت ساختەی تێدا بکات و، بەر لە هەڵبژاردن دەیانگوت لە ئێستاوە بەر لە هەڵبژاردن بە ئەنجامەکان ڕازین.
کۆی دروشمی سەرجەم لایەنەکانیش لە یەک چوارچێوەدا دەسوڕایەوە، ئەویش لێدان بوو لە پارتی و حکوومەتی هەرێم بە دەربڕینی جیاواز و بۆ یەک ئامانج و ئاراستە.
هەموو میدیای لایەنەکانیش بە یەک ئاراستە و بە پەیامی جۆراوجۆر خەڵکیان هان دەدا دەژی پارتی و حکوومەتی هەرێم و دامەزراوەکانی تری هەرێمی کوردستان و باسی قۆرخکاری و دەستبەسەرداگرتنیان دەکرد.
هەڵبژاردن
کە هەڵبژاردنی تایبەت کرا لە ڕۆژی ١٨-١٠دا و ئەنجامە بەراییەکان بڵاوکرانەوە، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دڵخۆشی و کەیفخۆشیی خۆیان ڕاگەیاند لە ئەنجامەکان و هەریەکەیان بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاماژەیان بۆ پاکی و بێگەردی و بێلایەنی ئەنجامەکان دەکرد.
لە ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتیشدا لە ٢٠-١٠ بە هەمان شێوە سەرجەم کاراکتەرە سیاسییەکان و میدیا حزبییەکانییان بە ستایشەوە باسیان لە پاکی و ئارامی و بێخەوشی پرۆسەکە دەکرد و تەنانەت بەراوردیان دەکرد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوودا کە ئەمەی ئێستا چەند ڕاستگۆیانەیە.
بەڵام دوای ئەوەی ئەنجامە بەراییەکانی دەرکەوتن و پارتی زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگی هێنا لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردندا و تەنیا دەنگی بازنەی دهۆکی پارتی بارتەقای هەموو دەنگی لایەنی دووەم بوو لە پرۆسەکەدا، ئەوکاتە شۆک لێیدان و کەوتنە سۆڕی متبوونەوە!
ئیستاش دوای ئەوەی ئەنجامە بەراییەکان لە کۆمسیۆنەوە بە فەرمی ڕاگەیەندران، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان کە پێشتر بانگەشەیان بۆ کۆمسیۆنی عێراق دەکرد، کەوتنە تانەدان و بێبەهاکردنی کۆمسیۆن و پرۆسەکە، تەنیا لەبەر ئەوە قەبارەی خۆیانیان زانی و قەبارەی پارتیشیان بینی، شۆک بوون لەوەی کە چۆن دەبێت خەڵکی کوردستان بە زۆرینەی رەهاوە هێشتا لەگەڵ پارتیدا بن و ئەوان شکست بە دروشم و بانگەشە و بەرنامەی سیاسییان بێت.
ئەنجام
سەرەڕای خەیاڵ پڵاوی خۆیان پارتی هەر زۆرینەی ڕەهایە و متمانەی خەڵکی کوردستانی بە شایستەییەوە بەدەستهێنایەوە و بۆ یار و نەیار ئاشکرابوو کە پارتی نوێنەرایەتیی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان دەکات و لەسەر ئاستی عێراقیش پارتێکی ملیۆنییە.
کەلەڕەقی سیاسی بێ شرۆڤەکردن و لێکدانەوەی بابەتییانە، هەمیشە ئەو دەرەنجامەی دەبێت کە ئێستا دەرکەوتووە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا.
ئەوانەی بە ناهەق گومانیان دەخستەسەر هەموو شتێکی پارتی و هەرێمی کوردستان، گەر دوای هەڵبژاردن هەر لەسەر هەمان ڕەوت و ڕەفتار بەردەوام بوون، دەبێت گومان بخرێتەسەر خۆیان لە ڕووی پێگەیشتوویی سیاسی و واقعبینی و ئەزموونی کاری سیاسییەوە.
کورد دەڵێت: هەرکەسێک چاڵ بۆ کەسێکی تر هەڵبکەنێت، خۆی تێی دەکەوێت. ڕێک وەک ئەمەی ئێستا دەیبینین لە گۆڕەپانەکەدا.