پارتى جوانترین سیماى دیموکراسى پیشانى هەموو جیهان دا

163
ڕێبوار حەمەلاو شوانى
گرنگە ئەو ڕاستییە بزانین کە پارتى دیموکراتى کوردستان کاتێک دروشمى ئاشتى و ئازادى و بەتایبەتى دیموکراسى بەرزکردووەتەوە، هەر تەنیا لە چوارچێوەى دروشمێکى خاڵى و بێکردار نییە، بەڵکوو بە هەموو بیروباوەرێکەوە پابەند و بە کردەوەش کارى کردووە و ڕەنگدانەوەى لە سەر خەبات و کۆمەڵگەى کوردستان داناوە، بەتایبەت لە دواى دەستپێکردنى قۆناغى خەباتى شارستانى و ئەزموونى 32 ساڵى حوکمڕانى و هەڵگرتنى ئەو دروشمە و پێشەنگ بوون و ئاڵاهەڵگریى بەدامەزراوەییکردنى دامودەزگاکانى هەرێمى کوردستان نموونەیەکى جوانى ئەو دیموکراسییەیە کە ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان وەک ئەستێرەیەکى گەش لەسەر ئاستى ناوچەکە و جیهانیشدا دەدرەوشێتەوە.
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەنێو کەشێکى زۆر ئارام و سەقامگیردا بەڕێوەچوو کە ڕێژەى بەشداریکردنى خەڵکى کوردستان لەم پرۆسە دیموکراسییەدا ڕێژەى ٧٠%ى تێپەڕاند، بەدڵنیایییەوە هۆکارى ئەو بەشداریکردنە زۆرە بۆ هەموو ئەو دژایەتیکردن و پەلاماردانەى نەیارانى کورد و هەندێک لایەن دژ بە پارتى دیموکراتى کوردستان دەگەڕێتەوە لەگەڵ ئەوەى پارتى وەک هەمیشە بە کۆمەڵێک پرۆژە و کارنامەى دەوڵەمەند بۆ چوار ساڵى داهاتوو خۆى ئامادەکردووە، مێژووى هەڵگرتنى ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانى دوێنێ و ئێستا و سبەیش هۆکارى بەشداریکردنى خەڵک بوو بۆ ئەوەى خەڵک بە گەرم و گوڕییەوە ڕوو لە سندووقەکانى دەنگدان بکەن.
بەتایبەتیتر، سەرەڕاى هەموو ئەو خەون و پیلانانەى کە ناحەزانى پارتى و کوردستان بۆ لاوازکردن و بێسەنگکردنى ئەم قەوارەیە دەیانبینى و ئامادەیان کردبوو، بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان و ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان لە لایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە، بەشداریکردن بێوێنە و ملیۆنى جەماوەرى کوردستان و دەنگ و متمانەبەخشینیان بە پارتى دیموکراتى کوردستان، دەتوانین بڵێین، ئێستا ئیتر ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان قورسترن و کاتى بەهێزترکردنى هەرێمى کوردستانە؛ کە وەک هەمیشە ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆى پارتییە.
یەکێکى تر لەو هۆکارانە ئەوە بوو پارتى سیمایەکى جوانى خەسڵەت و ڕەوشتبەرزیى کۆمەڵگەى کوردستانى پیشانى هەموو دنیا دا. ئیتر چ لە ڕووى هەڵگرتنى دروشمەکانى و چ لە ڕووى بانگەشەکردن و دوور لە هەموو ناوزڕاندن و قسەى ناشرین بە حزب و لایەنەکانى تر لەگەڵ ئەوەى هەندێک لایەن سنوور وهێڵى سووریشیان بەزاند.
بەشداریکردنى ڕێژەیەکى زۆرى جەماوەرى پارتى و بە دەمەوەهاتنى بانگەوازى سەرۆک بارزانى، نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى جێگرانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، وایانکرد کە ڕێژەیەکى زۆر لە جەماوەرى کوردستان بەشداریى پرۆسەى هەڵبژاردن بکەن.
خۆ ئەگەر بەراوردێکى ئەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2018 بکەین، دەبینین کە پارتى لە هەڵبژاردنى خولى شەشەم زیاتر لە 200 هەزار دەنگى زیادى کردووە، هەڵبەت دەبێت ئەو ڕاستییەش بزانین کە هۆکارى زۆربوونى ئەو ڕێژە دەنگە زۆرە بۆ ئەو کەشوهەوا سەقامگیر و ئارامە، هەروەها جێبەجێکردنى دەیان پرۆژەى خزمەتگوزارى کە لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابردوودا لە لایەن کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیى ڕێزدار مەسرور بارزانى ئەنجامدراوە و خەڵکى کوردستان چاوەڕوانى ئەوە دەکات کە لە چوار ساڵى داهاتووى کابینەى دەیەمیشدا پرۆژەى گرنگتر و کوردستان قۆناغى گەشەسەندووتر و پێشکەوتووتر بەخۆیەوە ببینێت.