
خەبات- هاوار مورتكەیی:
کیرتی سوریاراو، كچە شەتڕەنجزانێكی لاوی وڵاتی هیندە، سەرەتای كاروانی بە قۆناغێكی زێڕین تێپەڕی، كاتێك لەتەمەنی خوار 15 ساڵێدا دەبێت، چەندین دەستكەوتی گرنگ لە سەر ئاستی لاوانی هیند بەدەست دەهێنێت، لەوانە پاڵەوانی قوتابخانەكانی هیند، سوریاراو كە یاری بۆ یانەی NextGen Mindz دەكات، هێشتا لەتەمەنێكدا كە دەتوانی دواڕۆژێكی گەش بۆخۆی دەستەبەر بكات و ببێتە یەكێك لە ناوە دیارەكانی ئافرەتانی هیند لە جیهان، لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات، دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجام دەدات و تیایدا باس لە كاروانی خۆی و دەسكەوت و خەونەكانی دەكات.
کیرتی سوریاراو كە لە مومبای لە هیند لەدایك بووە و ئێستا قوتابی بەكالیۆرسی كۆمپیوتەرەو دەڵێت: سەرەتا لەڕێگای دراوسێكانمەوە فێری شەتڕەنج بووم، بەشێوەیەك ئاشنا بووم كە زۆرم خۆش بوێت و بەردەوام بیربکەمەوە و و لەناویدا ون دەبم، بەشێوەیەك لە پێگەکانی شەترەنجدا تا قووڵایی و بەدەستهێنانی ئەنجامەکان بیری لێ دەكەمەوە، هەروەها گوتی:
بەبڕوا بەخۆبوونەوە دەستم پێكرد و بەشداری پاڵەوانێتییەكانم كرد، خۆشبەختانە، لەسەر ئاستی قوتابخانەكانی مومبای توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێنم بۆ كچانی خوار 13 ساڵ، ئەمە بۆ من پێشهات و سەرەتایەكی گرنگ بوو، تا بتوانم زیاتر گرنگی بەخۆم بدەم و خۆم ماندوو بكەم، ئەمەش وایكرد كە دەستنیشان بكرێم بۆ هەڵبژاردەی ویلایەتی کچانی خوار 15 ساڵان.
دواتر ئەو كچە شەتڕەنجزانە هیندییە گوتی: ئەوەی بەلامە زۆر گرنگ و تایبەت بوو، هیچ كات لەبیری ناكەم، بەم دواییە ئەو یارییەم بوو بەرامبەر IM Vikram kulkarni یاریم کرد، پێموایە یەکێکە لە باشترین یارییەکانی من، هێشتا خەونەکەم نەهاتۆتەدی، بەڵام بە دڵنیاییەوە کار بۆ ئەوە دەکەم، دڵنیام پێی دەگەم، چونكە شەترەنج توانای بیرکردنەوەم پێدەبەخشێت لە دەرەوەی سنوورەکان، شەترەنج بەشێکە لە ژیانم، كاتێك ئەو یارییە دەكەم، هەست بە بوونی خۆم دەكەم.