خەبات: پەریهان عومەر:- ئەکتەری هەردوو بواری دراما و شانۆ، دێرین محەمەد لە دایکبووی ساڵی (1977)ی شاری سلێمانییە، لە دیدارێکدا بۆ خەبات باس لەکاری هونەری خۆی دەکات، دێرین لە بارەی هونەری کوردی دەڵێت: لەئێستادا هونەری کوردی لە ئاستێکی پێویست نابینم، بەتایبەت لەبواری دراما و سینەما، ئەوەی دەبینرێت کارەکان بوون بەکاری بازرگانی بۆ بەرژەوەندی کەسی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کارەکتەرەکان لەسەر پێوەری جوانی و ڕووتی هەڵدەبژێردرێن، نەک توانا و لێهاتوویی، هەروەها لە کاری تازەی خۆی دەکات دەڵێت: لە ئێستادا خەریکی خۆئامادەکردنم بۆ کارێکی شانۆیی بە ناوی (حەوت کاتژمێر)، هەر لە هەمان کاتیشدا خۆم ئامادە دەکەم بۆ ئەڵقەیەکی تازەی کێشەکانی خێزان، بەردەوامم هەر جارە و لەسەر کێشەیەک قسە دەکەین، هەروەها جیا لەوە بەم زووانە کارێکی هونەریم دەکەوێتە بەر دیدی بینەران، هیوادارم بە دڵی هەموو لایەک بێت.
ئەم خانمە هونەرمەندە باس لەڕۆڵی ئافرەت دەکات و دەڵێت: لە ئێستادا ئافرەت بە لێشاو هاتۆتە ناو دونیای هونەرەوە بەبێ ئەوەی هیچ زانیاری و شارەزاییەکیان لەبوارەکەدا هەبێت، هەندێکی بۆ ناوبانگە هەندێکیش بۆ خۆدەرخستن، وای لێهاتووە لە دەرەوە ئافرەتێکی جوان و نیمچە ڕووت دەبینن یەکسەر پێشنیازی بۆ دەکەن لە دراما و فیلمەکان گرێبەستێکی باشی بۆ دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ مەرجێکی هونەری تێدابێت، ئەوەیە کێشەی هونەری کوردی، تەنها دەڵێم بەداخەوە بۆ ئەو قۆناغەی ئەمڕۆی هونەری کوردی تێدایە.