خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- لە میانی یارییەکانی هەفتەی پێنجەمی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێڕاق، ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 7.45ـی شەو، یانەی زاخۆ و دهۆک لە دێربی بادینان ڕووبەڕووی یەکتردەبنەوە، یانەی زاخۆ لە یاری ڕابردوودا بەرامبەر زەورا، بردنەوەیەکی گرنگی تۆمار کرد و لە بەرامبەردا یانەی دهۆکیش لە یاری ڕابردوو بەرامبەر یانەی کارەبا بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، بێگومان هەردوو یانەکە نایانەوێت تووشی شکست بن، هەردوولا هەوڵی بەدەستهێنانی 3 خاڵی یارییەکە دەدەن، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان، زاخۆ بە پاڵپشتی هاندەرانی، نزیکترە لە بردنەوە، لە بەرامبەردا دهۆکیش ئەگەرچی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات، ئەمەیش بەهەر نرخێک بێت نایەوێت ببێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ تیپی خاوەن یاریگە.
زاخۆ لە کۆی 4 یاریی ڕابردووی خۆی خاوەنی ٨ خاڵە و هەروەها یانەی دهۆکیش خاوەنی تەنها 4 خاڵە و لە پلەی سێزدەمی ڕیزبەندی خولەکەدا دەبینرێت، دهۆک جگە لەبردنەوە و بەدەستهێنانی 3 خاڵی یارییەکە، بیر لەهیچ ئەنجامێکی دیکە ناکاتەوە.
لەیاری دووەم و لەیاریگای فرەنسۆ هەریری، یانەی هەولێر میوانداریی یانەی نەجەف دەکات، یارییەکە کاتژمیر 5.15 ئێوارە بەڕێوەدەچێت، یانەی هەولێر بەراهێنەرایەتی سەمیر بابۆ لە چوار یاری ڕابردوودا خاوەنی 7 خاڵە و لە پلەی نۆیەمی ڕیزبەندی خولەکەدایە، لە بەرامبەردا یانەی نەجەف بە کۆکردنەوەی 2 خاڵ لە پلەی هەژدەمی ڕیزبەندی خولەکەدایە، هەولێر لە بەردەم ئەرکێکی ئاسان دایە بەرامبەر نەجەف، ئەم وەرزە نەجەف ئاست و ئەنجامی وەک پێویست نییە، بۆیە هەولێر دەبێت لاوازی تیپی میوان بقۆستەوە و تەنها بیر لە بردنەوە بكات.










