خەبات: هەندرێن شێرزاد:- هاوكات لەگەڵ هەڵكشانی ئاڵۆزیی لە باشووری لوبنان و دەستپێكردنی هەڵمەتێكی سەربازیی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ، جارێكی دیكە كۆمەڵێك پرسیار سەبارەت بە رۆڵی هێزە نێودەوڵەتیەكەی نونیفیل لە ناوچەكە دەوروژێنرێ . لەگەڵ ئەم دۆخە ناسەقامگیرەشدا حكومەتی لوبنان دووپاتی كردەوە كە تاكە رێگەچارە بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكە بریتیە لە گرتنەبەری ئاراستەی دیبلۆماسی و جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 1701 ی نەتەوە یەكگرتوەكان. ئەمە وایكردووە جارێكی دیكە چاوەكان بچنەوە سەر ئەم هێزانەی هەوڵی چاودێریكردنی ئاگربەست و زامنكردنی سەقامگیریی سەر سنوورەكان دەدەن.

دەربارەی هێزەكانی یونیفیل
– هێزەكانی یونیفیل ، یان هێزی كاتیی نەتەوە یەكگرتوەكان لە لوبنان لە ئاداری 1978 بەپێی بڕیاری ژمارە 425 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دامەزرا ، ئەمەش پاش هێرشەكەی ئەوكاتەی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی لوبنان.ئەركی ئەم هێزانە بریتییە لە چاودێریكردنی كشانەوەی ئیسرائیل لە خاكی لوبنان و گێڕانەوەی ئاسایش و هێمنی بۆ ناوچەكە.
– ئەركێكی دیكەی هێزەكانی یونیفیل بریتییە لە یارمەتیدانی حكومەتی لوبنان لە دووبارە گێڕانەوەی دەسەڵاتی خۆی لەسەر ناوچە سنووریەكان، جگە لە چاودێریكردنی هێڵی شین كە بە سنووری جیاكەرەوەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دادەنرێ.
– دوای جەنگی ساڵی 2006 ی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان و لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە 1701 ی نەتەوە یەكگرتوەكان، قەبارە و چوارچێوەی ئەركەكانی ئەم هێزەش فراوانتر كرا ، ئەمەش وایكرد یونیفیل رۆڵی سەرەكی ببینێ لە سەپاندنی سەقامگیریی لە ناوچەكە و رێگریكردن لە روودانی كێشە و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و بەشداریكردن لە هەڵمەتی پاككردنەوەی ناوچەكە لە مین و پێشكەشكردنی كۆمەكی مرۆیی بە دانیشتوانی ناوچەكە.

پشتگیریی و سنووری بڵاوبوونەوە
– ساڵانە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە لە 15 ئەندام پێكدێت ، مانەوە و ئەركەكانی ئەو هێزە تازە دەكاتەوە كە بە یونیفیل ناسراوە.
– ناوچەی كاری هێزەكانی یونیفیل لە رووباری لیتانی لە باكوور تا هێڵی شین لە باشوورە و هێزەكە زیاتر لە 10 هەزار سەرباز و نزیكەی 800 كارمەندی مەدەنی لە 50 وڵات دەگرێتە خۆی.

زۆرترین رێژەی بەشداربوون
نەخشەی ژمارەی سەربازانی بەشداربووی وڵاتان لە هێزی یونیفیل بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
ئیدۆنیسیا 1231سەرباز ، ئیتاڵیا 1086 سەرباز ، هیندستان 903 سەرباز ، نیپال 876 سەرباز ، غانا 873 سەرباز ، مالیزیا 833 سەرباز ، فەرەنسا 673 سەرباز ، چین 418 سەرباز ، ئێرلەندا 370 سەرباز ، كۆریای باشوور 294 سەرباز.

هێڵی شین
– ئەو هێڵەیە كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە كێشراوە و لوبنان لە ئیسرائیل و جۆلان جیا دەكاتەوە كە تا ئێستاش لەژێر كۆنترۆلی ئیسرائیل دایە . هێزەكانی ئیسرائیل دوای كشانەوە لە باشووری لوبنان لە ساڵی 2000 كشانەوە دوای ئەم هێڵە.
– هەر بەزاندنێكی ئەم هێڵە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت ، ئینجا چ زەمینی یان ئاسمانی بێ ، وەك پێشێلكارییەك بۆ بڕیاری ژمارە 1701 ی ئەنجومەنی ئاسایش حیسابی بۆ دەكرێ، ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایش رێگە بە هێزەكانی یونیفیلیش دەدات كە یارمەتی سوپای لوبنان بدات لەوەی ناوچەكە بە داماڵراوی لە چەك و ئەو چەكدارانە بهێڵێتەوە كە سەر بە دەوڵەتی لوبنان نین. ئەمەش تا رادەیەك بۆتە مایەی خولقاندنی كێشە ، بەو پێیەی ناوچەكە پێگەی سەرەكی چەكدارانی سەر بە حزبوڵایە.
– لە بڕیاری 1701 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ئەوەش هاتووە كە یونیفیل لە ناوچەكانی بڵاوبوونەیدا بەگوێرەی تواناكانی هەموو رێوشوێنە پێویستەكان بگرێتە بەر كە دەبنە مایەی زامنكردنی ئەوەی ناوچەكە لە هەموو جۆرە كردەوەیەكی سەربازیی بەدوور بگیرێ.

مامەڵەكردن لەگەڵ پێشێلكاریەكان
– یونیفیل پابەندە بەوەی هەموو پێشێلكارییەكانی بڕیاری 1701 بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رابگەیەنێ و دواتر هەموو چوار مانگ جارێك ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان راپۆرتێكی تایبەت سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە ئاراستەی ئەنجومەن دەكات.
– هێزەكانی یونیفیل لەكاتی چاودێریكردنی هێڵی شین رێوشوێنی خۆپارێزیی دەگرێتەبەر ، ئەمە ئاسمانی ناوچەكەش دەگرێتەوە و لەو پێناوەدا و بەمەبەستی رێگریكردن لە روودانی هەر پێشێلكاریەك ، چەندین گرووپی سەر بەم هێزانە بە بەردەوامی بەناوچەكەدا دەسووڕێنەوە.
– یونیفیل پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ هەردووك سوپای ئیسرائیل و لوبنان هەیە و راستەوخۆش ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بوونی هەر پێشێلكاریەكی بڕیاری 1701 ئاگادار دەكاتەوە.

ناوچەی باكوری رووباری لیتانی
– باكوری لیتانی وەك ئاماژەیەك وایە بۆ بەشێك لەو خاكە لوبنانیەی دەكەوێتە باكوری رووباری لیتانی . لیتانی رووبارێكە لە دەشتی بیقاعەوە بەرەو دەریای سپی ناوەڕاستەوە درێژ دەبێتەوە و ئیسرائیل داوا دەكات چەكدارانی سەر بە حزبوڵا بكشێنەوە بۆ ئەم ناوچەیە بەو پێیەی ئەمە بە گوێرەی بڕیاری 1701 ناوچەیەكی داماڵراوی نێوان هێزەكانی ئیسرائیل و حزبوڵایە.
– رووبەری ناوچەی باشووری لیتانی نزیكەی 850 كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێ و شوێنی نیشتەجێی نزیكەی 200 هەزار هاوڵاتییە كە 75% یان شیعە مەزهەب و 25% ی دیكەیان سوننە و دروز و كرستیانن.
– لە ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبناندا كە لە 128 ئەندام پێكدێت، ئەم ناوچەیە خاوەنی 9 نوێنەری شیعە و 3 نوێنەری لایەنەكانی ترە.
– درێژیی رووباری لیتان یكە لە رۆژهەڵاتەوە روو دەكاتە رۆژئاوا ، 170 كیلۆمەترە و یەكێكە لە سەرچاوە ئاوییە سەرەكیەكانی لوبنان و تەواوی پرۆژە كشتوكاڵیەكانی ناوچەكانی بیقاعی باشوور و باشووری ئەم وڵاتە پشتی پێ دەبەستن.
– بڕیاری 1701 داوا لە حكومەتی لوبنان و هێزەكانی یونیفیل دەكات كە هێزەكانیان لە ناوچەی باشووری لیتانی بڵاو بكەنەوە ، لە بەرامبەردا ئیسرائیل داوا دەكات سەرجەم ئەم هێزانە بۆ پشتەوەی هێڵی شین بگوازرێنەوە و تەنیا سوپای لوبنان و هێزەكانی یونیفیل لەنێوان سنوور و باشووری رووبای لیتانی بڵاو بكرێنەوە.
– مەبەستی ئیسرائیل دوورخستنەوەی چەكدارانی حزبوڵایە لە سنوورەكانی و رێگرتنە لەوەی ئەوان ناوچەكانی باكوری ئیسرائیل بكەنە ئامانج ، هەروەها جێبەجێكردنی بڕیاری 1701 ی نەتەوە یەكگرتوەكانە كە داوای داماڵینی چەكی لە ناوچەكە كردووە.
– بە گوێرەی بۆچوونی چاودێران، بەو پێیەی 75% ی دانیشتوانی باشووری رووباری لیتانی شیعە مەزهەبن ، بۆیە حزبوڵا سوورە لەسەر مانەوە لە ناوچەكە و رازینەبوون بە كشانەوە بۆ پاش ئەم رووبارە.