خەبات: عامر فەرحان – هەڵەبجە:- بڕیارە لەسەرەتای مانگی یازدە، دەیەمین فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بەڕێوەبچێت، کە سێ ڕۆژ دەخایەنێت و تایبەتە بە نمایشکردن و فرۆشتنی بەرهەمی هەنار و خواردنە کوردەوارییەکان و هەموو جۆرە بەرهەمێکی سروشتی و …هتد
یاسین ئەحمەد ئەندامی لیژنەی سەرپەرەشتیاری فیستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە تایبەت بە رۆژنامەی بەخەبات گووتی: بەلەبەرچاوگرتنی ڕەوشی کەشوهەوا، لەسەرەتای مانگی یازدە دەیەمین فیستیڤاڵی پایزو هەناری هەڵەبجە دەست پێدەکات، کە بۆ ئەمساڵ شەش سەد یەکە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکان دیاری کراوە، پێشبینی دەکەین زیاتر لە سێ سەد هەزار میوان و سەردانیكار و گەشتیار سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بکات. ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: بۆ ئەمساڵ لەڕێگەی تیرو پشکەوە بەشێوازی ئۆنلاین خاوەن پیشە و جوتیاران دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، دەشڵێت تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر داواکاری بۆ یەکەکان (کەپرەکان) پێشکەش کراوە، تەنانەت لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە، فۆرمی بەشداریکردن پێشکەشکراوە.
یاسین ئەحمەد ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە
هەروەها گووتی: ساڵانی ڕابردوو بڕێک پارە لەخاوەن یەکەکان وەردەگیرا دواتر بەهاوکاری حکوومەت و سپۆنسەرەکان بۆیان دەگەڕێنرایەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ و تائێستا هیچ سپۆنسەرێکمان نیە، تا پاڵپشتی دارایمان بکات، بۆ ئەمساڵ مەبلەغێک پارەی ڕەمزی لە بەشداربوان وەردەگیرێت. ئەوەشی بەخەبات گووت: تەواوی ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبردنی دەیەمین فیستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە خۆبەخشانە کاردەکەن، ئامانجمان ڕاکێشانی زۆرترین سەردانیكار و گەشتیارە بۆ پارێزگاکەمان، چونكە دەمانەوێت گەشتیاریی بیانی ڕابکێشین بۆ فیستیڤاڵەکەمان، بۆ ئەم مەبەستەش لەپەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان.
گووتیشی:ئامانجمانە بۆ ساڵانی داهاتوو فیستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە بکەین بەفیستڤاڵێکی نێودەوڵەتی و لەتەواوی وڵاتانی جیهانەوە گەشتیار سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بکەن.