خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- هونەرمەندی شێوەکار کەمال هەژار دەربارەی دواین کاری هونەری کە تابلۆیەکی شێوەکارییە بەناوی (تابلۆی پانۆڕامای خۆڕاگری کورد، ئاشتی پێکەوه ژیان) قسەی بۆ خەبات کرد و گوتی: ئەم تابلۆیە لەسەر قوماش درووستکراوە، تابلۆیەکی پانۆڕاماییه،که گوزارشت له یەکڕیزی و تەبایی و یەکگرتووی و پێکەوە ژیان دەکات، ئەم شێوەکارە کوردە گوتی: وەک هونەرمەندێک بە هەموو شێوەیەک دژی براکوژی و کێشەی نێوان کوردم، بۆیە دەبێت هەمیشه هەموو کوردێکی دڵسۆز لەم کوردستانه دژی براکوژی بێت، چونکە ئێمە بە تەبایی و پێکەوه ژیان دەگەینه لووتکەی بۆ بەدەست هێنانی ئامانج و پاراستنی کیانەکەمان، بۆیە لەڕێی هونەرکەمەوە هانی سەرجەم سەرکردە و لایەنەکان دەدەم بەرژەوەندی باڵای وڵاتەکەیان لەپێش هەموو شتێک ببین و دەست بخەنە ناودەستی یەک و کار بۆ پاراستن و سەربەخۆی کوردستان بکەن.