ئیسرائیل شەوی رابردوو هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ سەر ئێران ئەنجامدا، لە ڕێگەی سێ شەپۆلی بەدوای یەك، بۆردومانی 20 شوێنی لە چەندین ناوچەیەی سەربازی لە ئێران کردووە.
بەپێی میدیاكانی ئیسرائیل، ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ ئێران شۆكێكی گەورە بووە، چونكە لە دوای شەڕی ئێران-عێراقەوە، تاران تووشی ئەم جۆرە هێرشانە نەبووە لەسەر خاکەكەی خۆی.
پێشتر ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی توند و ئازاربەخشی کردبوو ئەگەر ئیسرائیل بوێرێت هێرشی بکاتە سەری.
ئیسرائیل ناوی (ڕۆژانی تۆبە)ی لەم ئۆپەراسیۆنەی ناوە، کە چەند کاتژمێرێکی خایاند و لە سێ شەپۆل پێکهاتبوو، كە یەکەمیان سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی کردە ئامانج.
ڕۆژنامەی عیبری (مەعاریڤ) ئاشکرای کردووە کە 100 فڕۆکەی شەڕکەری ئیسرائیلی بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە.
وتەبێژی سەربازی سوپای ئیسرائیل، دانیال هاگاری، دەڵێت: “جێبەجێکردنی هێرشەکە بە ڕێنمایی ئاستی سیاسی بوو، وەکوو وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ڕژێمی ئێران دژی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی.”
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دامەزراوە سەربازی و کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی كردووەتە ئامانج.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە کە هێرشەکە لەلایەن فڕۆکە شەڕکەری هێرشبەر و بەرگریکار و فڕۆکەی سووتەمەنی پێدانەوە بە شەپۆل ئەنجام دراوە. چەندین گروپی فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە هێرشەکە بۆ سەر ئێران کردووە، لەوانە F35، F16 و F15.