میدیای ئەمریکا دەڵێت، ئیسرائیل، ئێرانی لە ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئاگادار کردبووەوە و هۆشداریشی پێدابوو کە وەڵام نەداتەوە.

رۆژی شەممە 26-10-2024 ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر ئێران. میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، پێش هێرشەکە “ئیسرائیل پەیامی ناردبوو، ئێرانی ئاگادار کردبووەوە کە هێرش دەکات و ئاماژەی بەوەش کردبوو کە وەڵام نەداتەوە بۆئەوەی هێرشی زیاتر نەکرێت.”

میدیای ئەمریکا باسی ئەوە دەکات، ئیسرائیل راستەوخۆ بە ئێرانی نەگوتووە هێرش دەکاتە سەری، “بەڵام لە رێگەی چەند لایەنێکی دیکە، لەوانەش کاسپەر ڤێڵدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداوە ئاماژەی بە ئێران دابوو کە چاوەڕوانی هێرش بێت.”

کاژێر 07:15ی ئێوارەی دوێنێ هەینی (بە کاتی هەولێر) واتە نزیکەی حەوت کاژێر بەر لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڤێلدکامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، “لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی جەنگ و تەنگژە زۆرەکانی ناوچەکە قسەم کرد. لەبارەی تەنگژەکانەوە داوام لێکرد دان بە خۆیاندا بگرن. مەرجە هەموو لایەنەکان کار بۆ ئەوە بکەن رێگە لە زیادبوونی گرژییەکان بگرن.”