بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 26ـی 10ـی 2024، بەشی راگەیاندنی بەرگریی ئاسمانیی پارێزگای تاران لەبارەی دەنگی چەند تەقنینەوەیەکی بەهێز کە لە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە بیسترا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ”دەنگی تەقینەوەکان لە دەوروبەری تاران کاردانەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پارێزگاکە بوون بەرامبەر هەوڵی رژێمی زایۆنی بۆ هێرشکردنە سەر سێ خاڵ لە دەرەوەی تاران”.
ئەمەش پاش ئەوە دێت، کەمێک بەر لە راگەیەندراوی بەرگریی ئاسمانیی پارێزگای تاران، میدیا ئەمریکییەکان ڕایانگەیاند، “وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئێران دەستیپێکردووە و چەند شوێنێکی بۆمباران کردووە.”
لای خۆیەوە بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە “ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە مووشەکانەیە کە ئێران لەسەرەتای ئەم مانگەدا کردییە سەر وڵاتەکەمان”.