وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیدا بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان، 32 پێگەی پەکەکە و یەپەگە تێکشکێندراون.  

 هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی تورکیا بۆ سەر قامشلۆ، دێرک، کۆبانێ، تلرەفعەت و منبج بوونە.

لە ئەنجامی بۆمبارانی تورکیا بۆ سەر ژمارەیەک ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان، 12 کەس کوژران و زیاتر لە 25کەسی دیکەش برینداربوون.
مێدیاکانی نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردەوە، شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 23-10-2024)، سوپای تورکیا شارۆچکەی تەل ڕەفعەت، گوندەکانی دەوروبەری شارەکانی تەل تەمر، منبج، کۆبانێ، دێرک و قامشلۆیان بۆمباران کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکە بۆ سەر شارۆچکەی تەل ڕەفعەت؛ 12 کەس کوژراون و 15کەسی دیکە برینداربوون، هەروەها لە کۆبانێ چەند کەسێک بریندار بوونە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سوپای تورکیا نەخۆشخانەیەکی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بۆمباران کردووە، لە ئەنجامدا 10 کەس بریندار بوونە، هاوکات لە گوندەکانی دەوروبەری دێرک کارگەیەکی غازی بۆردومان کردووە، بەهۆیەوە کرێکارێک برینداربووە.