وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرای دەكات، زیاتر لە 373 هەزار حێزان نەوتی پاڵشتییكراوی حكوومەتیان بەسەر دابەشكراوە، كە زۆرترینیان لە هەڵەبجە و سۆران بووە.

لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، رۆژانە نەوتی سپی دابینكراو لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەش دەكرێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، تاوەكو رۆژی 24ی10ی2024، نزیكەی 75 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە 373 هەزارو 426 خێزان دابەش كراوە.

جەختیش كراوەتەوە، ئەو نەوتەی دابەشكراوە دەكاتە نزیكەی 35% كۆی نەوتی دابەشكراو.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە هەڵەبجە زۆرترین نەوت دابەشكراوە كە دەكاتە 64% و دوای ئەویش سۆران دێت بە رێژەی 42%.

بەپێی راپۆرتەكە، ئێستا زیاتر لە 970هەزار خێزان ماون بەرمیلێك نەوت وەربگرن، كە زۆرترینیان لە سلێمانی و هەولێرن,

ئاری كاكه‌شین، به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نیی هه‌ولێر به‌ (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند: “دابەشكردنی نەوتی ماڵان لە ناو سەنتەری هەولێر بەردەوامە و بەشێکی زۆری بریکارەکان نەوتیان پێگەیشتووە.”

پێشتر لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاوی کردەوە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان کراوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئاماژەی بەوە دابوو، نەوتی سپیی ماڵان، بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بکرێت، کە 200 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێک بە نرخی 100 هەزار دینارە وچوار هەزار دینار وەک کرێی گواستنەوە وەردەگیرێت.

سەرەتا نەوت لە رۆژی 12/9/2024، لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی کرا.