نەیانتوانی لەم وێستگە مێژووییەدا ئیرادە و خۆڕاگری گەلی کوردستان بڕوخێنن

368

د. سامان سۆرانی
سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردن بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی هەموو سیستەمێکی دیموکراسی ئەژمار دەکرێت، کە بەرجەستەکردنی خواست و ویست و ئیرادەی هاوڵاتییە و لەو ڕێگەیەوە شەرعییەت بە هێزە سیاسییەکان دەدرێت، چلەوی دەسەڵات بگرنە دەست و کۆمەڵگە بە پێی بەرنامە و ئەجیندای ئامادەکراو بەڕێوەبەرن.

هەرێمی کوردستان بە تێپەڕاندنی ئەم وێستگە مێژووییە توانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ وەرچەرخانێکی گرینگ لەپرۆسەی پتەوکردنی دێموکراسی و سەقامگیریی سیاسی و چەسپاندنی شەرعییەتی پارتە سیاسییە چالاکەکان بە گشتی و پارتی دێموکراتی کوردستان بەتایبەتی درووست بکات.

ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوێکی سیاسی گرینگ بوو و بەهۆی ڕێژەی بەرزی بەشداریی جەماوەری گەلی کوردستان پەیامێکی بەهێز بۆ پشتیوانی لە نوێبوونەوەی ڕەوایی دیموکراسی جاڕ درا، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان ئەوەی دووپاتکردەوە، کەوا پشتیوانی جەماوەری بەرفراوان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بوونی هەیە. چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان توانی بە کۆکردنەوەی زیاتر لە هەشت سەد و نۆهەزار دەنگ زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێ و بەو هۆکارە ببێت بە خاوەندی نازناوی “پارتی ملیۆنی”، ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەو متمانەیەیە، کە هاوڵاتیان بە جەنابی سەرۆك بارزانی و بەرنامە سیاسییەکانی ڕێزدار سەرۆکی حکومەتیان دا و ئەمەش لای خۆیەوە شەرعییەتی زیاتر بە ئەرکەکانی دەبەخشێت و پێشەنگی پێ دەدات لەسەر گۆڕەپانی سیاسی.

ئەم پشتیوانییەی گەلی کوردستان لە سەرۆكایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا هێزێکی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر توانای ئەو سەرکرایەتییە لە بەدیهێنانی خواستەکانی جەماوەری گەلی کوردستان و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کاریگەر، جەنابی سەرۆك بارزانی و هەردوو جێگری یەکەم و دووەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکان دەرفەتی ئەوەیان هەبوو، ڕاستەخۆ لە پەیوەندی بن لەگەڵ بنکە جەرماوەرییەکان و بەرنامە ڕاگەیەندراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی بگەیەنن و و گوێ لە نیگەرانی و کێشەکانیان بگرن و ڕێگە چارە بخەنە ڕوو بۆ کەم کردنەوەی نیگەرانییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنەکان دەرفەتێك بوو بۆ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان تا بتوانێ تیشك بخاتە سەر بەرناە و تواناکانی خۆی لە بەڕێوەبردنی هەرێم و نەخشەدانان بۆ قۆناغی داهاتوو، بە ڕەجاوکردنی ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆك بارزانی توانرا پلاتفۆرمێکی هەڵبژاردنی یەکخراو و بە دسپلین پێشکەش بکرێت و توانای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرکردایەتیکردنی کاریگەر نیشان بدرێت و جەخت لەسەر دابینکردنی چارەسەری واقیعیانە بکرێت بۆ سەرجەم ئەو ئالنگاری و ئاستەنگەکانی، کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە.

ئەم فۆرم و شێوازە لە سەرکردایەتییکردن توانی وێنەی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی باوەڕپێکراو و لێهاتوو بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم لە بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی بۆ ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەلماند، کەوا پارتی دەتوانێ زامنی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بێت لەم هەرێمەدا، ئەمەش بە دڵنیاییەوە دەبێتە مایەی بەهێزبوونی لە ڕووی سیاسی و ئابوری و پەرەپێدان و ڕاکێشانی وەبەرهێنی بیانی بۆ هەرێم و درووستکردنی هاوپەیمانێتی لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم بەمەبەستی زامنکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی خۆڕاگری کوردستان.

پێداگری سەرکردایەتی کوردستان لە سایەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەی، کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پێیدا تێدەپەڕێت، جێگەی ستایشە، چونکە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم کاتەدا وەرچەرخانێکی مێژوویی گرینگە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ژیری و ئیرادەی سەرکردایەتی سیاسییە بۆ درێژەدان بە ڕێڕەوی دێموکراسی و شەفافیەت. دواجار سەرکەوتن هەر بۆ گەلی كوردستان و دیموکراسییەت و بەها مرۆییەکانە، بۆیە ئۆمێد دەکەین بەزووترین کات بتوانرێ حکومەتێکی نوێ بە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان پێكبهێنرێت و لەو ڕێگەیەوە دامەزراوە دیموکراسییەکان بەهێزبێت و مافەکانی مرۆڤ پێش بخرێت و ئابوری كوردستان گەشە بکات و مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان زامن بکرێت و هێزی پێشمەرگە یەکگرتووتر و تۆکمەتر بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی، دواجار سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستانە.