غازی حەسەن
نامەوێت لێرەدا هەڵسەنگاندن بۆ پێگە و تێڕوانین ومەزەندەی لایەنە سیاسییەکان و سەربەخۆکان بکەم و ئەم هەڵبژاردنە لە ڕووی سۆز و ئینتمای سیاسی و حزبی هەڵبسەنگێنم، ئەم هەڵبژاردنە ململانێ بوو لەنێوان (مردن و ژیان)، (هەڵوەشانەوە و بەردەوامی) و (ڕووخان و تێکدان و درووستکردن و چاککردن)، لەهەمووشی گرنگتر ململانێ بوو لەنێوان (سڕینەوەی هەرێم و مانەوەی هەرێم). ئەنجامەکەی لەهەمووی گرنگتر پەڕینەوە بوو لە نەمان بەرەو بەردەوامی و بەرپرسیارەتی نوێ و شێواز و فۆرمی نوێ.
کێ بردییەوە و زۆرترینی هێنا لەقۆناغی دوای هەڵبژاردن گرنگ نییە، چونکە قۆناغی داهاتوو ، قۆناغی سەردەمێکی جیاواز دەبێت. بەقەد ئەوەی براوە دەبێت لە قۆناغی داهاتوودا باوکێکی دادپەروەر و بەهێز و یەکگرتوو بێت، هەمیشە بە عەقڵێکی کراوە و ئارام و دووربینانە هەنگاو بنێت. لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ زۆربەی کێشەکان، لەم هەڵبژاردنە ئەم چەند خاڵە، ستراتیژیی بوون:
یەکەم: شەرعیەتی دەستووری و سیاسی هەرێمی کوردستان بەهێز و ڕەوا لەڕێگەی بەشداری زۆری خەڵک بەردەوام دەبێت، ئەوانەی ویستیان کوردستان بخەنە نێو بۆشاییەکی دەستووری و سیاسی، سەرکەوتوو نەبوون.
دووەم: خەڵک بەشێوەیەکی کارا و فراوان بەشداری دەنگدانیان کرد و سەلماندییان کوردستان ئارەزووی دیموکراتی و کرانەوە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی زۆر لە خۆبەستنەوە بەهێز و خۆسەپاندن و فرویدان و تاکڕەوی و پشت بەستن بە هێزی دەرەکی هەیە.
سێیەم: هاووڵاتیان لەگەڵ ئەوەی مووچەشیان نەبووە، بەڵام بەڕێژەیەکی زۆر بەرز بەشداری دەنگدانیان کرد، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خەڵکی کوردستان (هەرێمیان دەوێت و لەگەڵ مانەوە و بەهێزبوون و گەشەکردنی هەرێمن).
چوارەم: پێچەوانە هەندێک لە گوتارە نەرێنی و توند و ڕەقەکان، هاووڵاتیان پشتگیری گوتاری نەرم و واقیعی و بەردەوام بوونیان کرد. ئەگەر حزبەکان ویستبیان خەڵک بچن بەگژ یەکدا، ئەوە هاووڵاتی ئەوەیان نەویست، هێزی دەنگیان لا گرنگتر بوو لە هێزی هێزی هێزدار.









