کاروان کەریمخان
لەو هەڵبژاردنەدا هەرێمی کوردستان وێڕای هەموو قەیران و پیلانێک ئەمجارە گەورەترین مانۆڕی دێموکراسیانەی خۆی بە ئارامی بە جیهان نیشان دا. ئەو مانۆڕە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوت کوردستان هەرێمێکە کە دەیەوێ ژیانێکی ئازاد و شادی هەبێت و پەرە بستێنێ. بە تایبەتی لە ناوچەیەکی پڕ کێشەی دیکتاتۆرپەروەر و ئایدۆلۆژیاخوازدا سەری هەڵداوە کە جوانترین نموونەی دێموکراسی تەمرین دەکات و هەر بۆیە وڵاتانی ئایدۆڵۆژیست و دۆگماتیزم ترسیان لەو ئەکتەرە سیاسیە ڕێنیشتووە و دەیانەوێ کێشەی بۆ بنێنەوە تاکوو لە نوتفەدا خەفە بێت.
سەرکەوتنی سەرەکیی هەرێمی کوردستان هەبوونی حزبی جۆراوجۆرن کە وێڕای ئایدۆلۆژیاکەیان بەڵام هاتوونەتە ناو دیسکۆڕسی دێموکراسی و هەڵبژاردنیان قەبووڵ کردووە. ئاستی بەشداریی خەڵک و حزبەکان نیشانەی مەشرووعیەت دانە بە حکوومەتی کوردستان و دەتوانین بلێین مانۆڕێکی دیکەیە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی. ئەم سەرکەوتنەش بە پلەی یەکەم بۆ پارتی دێموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە کە توانیویەتی لە ناوخۆی هەرێمدا هاوڕێسازی بکات بۆ ئەوەی سیستەمی حوکمڕانیی کوردستان ببێتە سیستەمێکی دێموکراتیک بۆ ئەوەی لە داهاتوودا فەرهەنگی دێموکراسی بنەجێ بێت تاکوو مەشرووعیەتی هەرێم و هێزی زمانی دیپلۆماسیی کورد بچێتە بانتر.
لێرەدا پارتی دێموکراتی کوردستان وەک حزبێکی ئاڤانگاڕد و سەربەخۆیی خواز ئەمڕۆ پێشڕەویی ئەو سەرکەوتنە دەکات. بە واتایەک، یەکەم هاتنەوەی پارتی دێموکراتی کوردستان ئەمنیەتی نەتەوەیی کورد مسۆگەر دەکات. جێی وەبیرهێنانەوەیە، پارتی هەر لە سەردەمی خەباتی شاخەوە پێشنیاری دانانی پەرلەمانی لە دوای ڕزگاربوونی کوردستان کردووە. ئەمڕۆ مانەوەی پەرلەمان بە پێوەری هەڵبژاردن و بەردەوام بوونی، خۆی سەرکەوتنی مەڕام و ئیرادەی پارتی دێموکراتی کوردستانە. بەو پێیەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە 9/3/1991 پێشنیاری جەنابی سەرۆک بارزانی بووە ئەمڕۆ بەردەوامیی هەڵبژاردن بۆ پارتی لە نرخ و ڕێژەی کورسی و گرینگترە و سەرکەوتنی سەرەکی بۆ ئەو حزبە ڕەسەن و خەباتکارە ئەوە نیە کە لە ڕکەبەرایەتی حزبیدا سەرکەوێ، بەڵکوو سەرکەوتنی سەرەکی پاراستن و بەهێزکردنی مەشرووعیەتی هەرێمی کوردستان و گەشەی پڕۆسەی دێموکراسییە بۆ ئەوەی بە دونیا بڵێت کورد مافی ئەوەی هەیە ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆی دێموکراتیک. لەو ڕوانگەیەوە پارتی دێموکراتی کوردستان هەر کوردێکی بەئاگا و دڵسۆز لە ناو هەر حزبێکدا بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سەرمایەی سیاسی و بە هاوبیر و هاوڕێبازی خۆی دەزانێت.
بۆ پارتی دێموکراتی کوردستان ئەوە سەرکەوتنە کە بە بەشداریی خەڵک و هاوبیرانی خۆی پیلانی دوژمنانی هەرێمی کوردستانیان پووچەل کردەوە. ئەوە لەو کاتە هەستیاردا بوو کە نەیارانی کورد دەیانەویست مەشرووعیەتی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن بۆ ئەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێم بچووک بێتەوە. ڕەنگە ئەگەر ئەو پیلانە سەرکەوتبا پێگەی دیپلۆماسیی کورد لە درێژمەودادا لاواز دەبوو.
بەو نیگایەی گرینگیی هەبوونی هەرێمی کوردستان وەک حکوومەتێک ئەوە دەگەیێنێت کە کورد نەتەوەیە و وەک نەتەوش مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆی هەیە، بۆیە دوژمن بە هەموو تواناوە هەوڵ دەدات کە هەرێمی کوردستان نەمێنێت بۆ ئەوەی وەک نەتەوە هەژمار نەکرێت و لە مافی چارەنووسی خۆی بەری بکرێت. ئەو خاڵە گرینگە یاساییە بۆتە هۆی ئەوەی پارتی دێموکراتی کوردستان لە سەر بەرەوپێش بردنی سیستەمی دێموکراسیی هەرێمی کوردستان ڕژدتر بێت و قوربانیشی بۆ بدات. لەو ڕوانگەیەوە، سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی پارتی دێموکراتی کوردستان سەرکەوتنی بەرەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییە. ئاستی بەشداری بەو ڕێژەیە بەرزە جگە لەوەی متمانە بەخشینەوەیە بە هەرێمی کوردستان، ئەوە دەگەیێنێت کە تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی شوناسی کۆیی خۆیان لە ناو حکوومەتی سەربەخۆی خۆیاندا دەبینێتەوە.
دوای ئەو سەرکەوتنە گرینگە حکوومەتی کوردستان هەوڵ بدات کێماسی و قەیارنەکان نەهێڵێت و هەوڵی زیاتر بدات بۆ ئەوەی زەمینەی ژیانێکی خۆشتر و ئازادانەتر بۆ خەڵک بڕەخسێنێت و ڕێزگرتنی هاووڵاتیان لە سەروو دابنێت و بە یاسا مافی هەموو دانیشتوویەک و تەنانەت میوانێک مسۆگەر بکات، بە گشتی حزبە شۆڕشگێڕە ئازادیخوازەکان دەبێ ئەوە بزانن کە لە کاتی پێشمەرگایەتیدا ڕەوەز و بەرد سەنگەری پێشمەرگە بوون، بەڵام لە خەباتی شاردا دڵ و بیری خەڵک ڕەوایەتی دەبەخشن، بۆیە گرینگە حکوومەتێکی خەڵکتەوەر دروست بێت و سیاسەت تەنیا بۆ شادی و ئومێد بە ژیان و وەدیهاتنی ئازادی بۆ خەڵک بیت کە ئەمانەش هەموویان بە حکوومەتێکی مێرۆتوکراتیک و شایستەسالار جێبەجێ دەبێت. ئەو شایستەسالارییەش، کە بناغەکەی لە سەر زانست و بەڵێندەرایەتییە، جگە لەوەی دەبێتە هۆی پێشکەوتنی وڵات، پرەستیژی حکوومەت و حزبەکانیش دەباتە سەرتر.