خەبات: ئەحمەد تاریق:- لالى كامكار له شارى ئورمیه له دایكبووه، له ته‌مه‌نی منداڵییەوە گۆرانى ده‌ڵێت، ئێستادا له كوردستان ده‌ژیت و زۆربه‌ى كاره هونه‌رییه‌كانى له كوردستانه ئەنجامدەدات، لایڤ میوزیك زۆر ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك خۆى ده‌ڵێت بۆ هه‌موو شوێنێك لایڤ میوزیك ناكه‌م، ئه‌گه‌ر نه‌زانم شوێنه‌كه هونه‌ر دۆست نین و ڕێز له هونه‌رمه‌ند نه‌گرن.
*تاكه هونه‌رمه‌ندى ئافره‌تى كه لایڤ میوزیكتان زۆره هۆكار چییه؟
به‌حوكمى ئه‌وه‌ى یازده ساڵه له كوردستان‌م ره‌نگه په‌یوه‌ندى به گۆرانیبه‌كان و ده‌نگم هەبێت، دەنگێکی ئیحساسیم هەیە و كه‌م هونه‌رمه‌ند هه‌یه ده‌نگى ئیحساسى بێت بۆیه لایڤ میوزیكم زۆره، له هه‌موو شوێنێكیش لایڤ میوزیك ناكه‌م، چونكه من ئافره‌تم و ناتوانم بچمه شوێنه تایبه‌تییه‌كان ته‌نها ده‌چمه لایڤ میوزیكه‌كان كه خێزانین.
*مه‌رجى تۆ چییه بۆ ئه‌و شوێنه‌ى كه لایڤ میوزیكى بۆ ده‌كه‌یت؟
یه‌كه‌م مه‌رجم ئه‌وه‌یه ده‌بێت شوێنه‌كه خێزانى بێت و ڕێز له هونه‌رمه‌نده‌كه بگرن، هه‌روه‌ها ئه‌و نرخه‌ى من ده‌ڵێم بۆ لایڤه‌كه ده‌بێت ئه‌و نرخه‌بێت.
*به‌ر له ڕێكکه‌وتن بۆ لایڤ میوزیك تاچه‌ند گرینگى به گرێبه‌سته‌كه ده‌ده‌یت بۆلایه‌نى ماددی؟
نه‌خێر هه‌ندێك شوێن هه‌یه ده‌زانم لایەنی ماددیان باش نییه و حه‌ز به لایڤ میوزیكى من ده‌كه‌ن بۆیه حه‌قى خۆم به‌ته‌واوى وه‌رناگرم، شوێنیش هه‌یه هه‌ر پاره‌م وه‌رنه‌گرتووە.
*كێ ستایلى جل و به‌رگت بۆ ده‌ست نیشان ده‌كات؟
له ته‌مه‌نى منداڵییەوە حه‌زم به جل و به‌رگى مۆدێل هه‌بووه زۆر سه‌یرى مۆدێله جیهانییه‌كانیش ده‌كه‌م تاسیرى ئه‌وانم له‌سه‌ره، خۆشم باڵا به‌رزم و جلى مۆدێلم لێ جوانه.
*به ده‌نگى كێ زۆر سه‌رسامیت؟
له فارسه‌كان موعین، له توركه‌كان هه‌كان ئاڵتوون و له كورده‌كانیش زیاد ئه‌سعه‌د به‌راستى زۆر تایبه‌ته لام و ده‌نگێكى ئیحساسی هه‌یه.
*به‌حوكمى ئه‌وه‌ى لایڤ میوزیك زۆر ده‌كه‌یت له لایڤه‌كانت هیچ كات پاره‌یه‌كى خه‌یاڵیت به‌سه‌ردا شاباش كراوه؟
نه‌خێر پاره‌م به‌سه‌ردا شاباش نه‌كراوه به‌ڵام دیاریم زۆر بۆ هاتووه، وه‌كو ئاڵتوون و مۆبایل.
*گۆرانییه‌كت هه‌یه ده‌ڵێیت دڵى من بۆ تۆیه له ڕاستیدا دڵى تۆ بۆ كێیه؟
ئه‌و پرسیاره زۆر تایبه‌ته لام بۆیه حه‌ز ناكه‌م وه‌ڵامی بده‌مەوە، دوای چه‌ند ساڵێكى دیكه ده‌ره‌كه‌وێت دڵی من بۆ كێیه.
*بۆچى گرینگى به كلیپ ناده‌یت و كلیپت كه‌مه؟
كلیپم كه‌م نییه نزیكه‌ى 10 كلیپم هه‌یه، به‌ڵام كوردى نین و زیاتر توركی و فارسییه، چه‌ند گۆرانییه‌كى كوردیم كردۆته كلیپ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ناڵه كوردییه‌كان پاڵپشتم نه‌بووە بۆیه كلیپى گۆرانى كوردیم نه‌كردووە.
*خه‌ڵكى كوردستان تاچه‌ند هونه‌ر دۆستن و دێن بۆ لایڤ میوزیكه‌كان؟
خه‌ڵكى كوردستان هونه‌ر دۆستن به‌ڵام یه‌ك شت هه‌یه زۆر شه‌رمن و میهره‌بانن.
*گۆرانیت بۆ هیچ كه‌سێكى تایبه‌ت گوتووە؟
گۆرانییه‌كانى من عاشقانه‌ن و بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌ڵێم كه دوو عاشقى جوانن، ئه‌گه‌ر منیش له‌داهاتوو عاشق بم و ڕه‌نگه گۆرانى بۆ بڵێم.
*له لایڤ میوزیكه‌كانت چ شتێك زۆر بێزارت ده‌كات؟
ئه‌و كه‌سانه‌ى ڕێز له هونه‌رمه‌نده‌كه ناگرن به ده‌نگێكى به‌رز و قسه ده‌كه‌ن له دانیشتنه‌كان.