لە فیستیڤاڵی مێهر لە دووبەی گرووپێکی میوزیکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێنا، پێژمان نەقشبەندی، ئەندامی گرووپی میوزیکی سنە ڕایگەیاند، گرووپی میوزیکی سنە، لە فیستیڤاڵی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بەناوی مێهر لە دووبەی، لەناو 160 گرووپ توانی پلەی یەکەم لە بەشی میوزیک بەدەستبهێنێت، نەقشبەندی گوتیشی: فیستیڤاڵەکە لە چەند بەشی جیاواز وەکو شانۆ، وێنەگرتن، کورتەفیلم و میوزیک پێکهاتبوو، کە 160 گرووپ لە بوارە جیاوازەکان لەو فیستیڤاڵەدا بەشدابوون.
زانیار پێندار، ژەنیاری ئامێری دیوان، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی گرووپەکە باسی لە چۆنییەتی هەڵبژارنی گرووپەکەیان گوتی: ئێمە وەک نوێنەری نەتەوەی کورد بۆ ئەم ڤیستیڤاڵە هەڵبژێردراین و توانیمان بە پێشکەشکردنی میوزیکی ڕەسەنی کوردی سەرنجی لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە بۆ خۆمان رابکێشین و بە ژەنینی میوزیکی بێ ڤۆکاڵ پلەی یەکەمی فیستیڤاڵ بۆ خۆمان مسۆگەر بکەین.
گرووپی میوزیکی سنە چوار ژەنیاری هەیە، پێژمان نەقشبەندی ژەنیاری ریتم، زانیار پێندار ژەنیاری ساز، پووریا وەزیری ژەنیاری قانوون، فەراز مەعروفی ژەنیاری کەمانچە و ماوەی ساڵێکە گرووپەکە دامەزراوە، فیستیڤاڵی مێهر، پێشتر لە بواری شانۆ، کورتە فیلم و وێنەگرتن هەبوو، ئەمجارە میوزیکیشی تێدا زیادکرا، چەندین گرووپ لە نەتەوە جیاوازەکانی ئێران تێیدا پێشبڕکێیان کرد.









