خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، بە نیازە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم، پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی یانەکانی عێراق لەسەر ئاستی کوڕان و کچان لە شاری هەولێر بەرێوەببات، بڕیاریش وایە لە 7ـی تشرینی دووەم، پاڵەوانێتییەکە لە شاری هەولێر و لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری ئەنجام بدرێت و رێژەیەکی زۆری یانەکانی عێراق لە سەر هەردوو ئاستی کوڕان و کچاندا بەشداری پاڵەوانێتییەکە بکەن.

د. عەلی سدیق سکرتێری یەکێتی ناوەندی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە بارەی رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە ڕایگەیاند: یەکێتی ناوەندی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا کە قۆناغی سێیەمی پاڵەوانێتی یانەکانی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق بۆ هەردوو ئاستی کوڕان و کچان لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت.

شایەنی باسە هەر لە هەرێمی کوردستان، یانەکانی گۆڕەپان و مەیدان لەپەنجەی دەست تێپەر ناکات، بەتایبەتی لە شاری هەولێر بەپێی زانیارییەکان هەر یەک لە یانەکانی هەولێر و قەلای تورکمان بەشداری پاڵەوانیتییەکە دەکەن، لە شاری سلێمانیش یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و سیروانی نوێ و کەلار و دەربەندیخان و یانەی سۆلاڤی نوێ لە کەرکوک بەشداری پاڵەوانێتییەکە دەکەن.