خەبات - مەریوان نەقشبەندی:
پیاوێك لە تەمەنی 82 ساڵیدا بەهیوای خزمەتكردنی زیاتری كوردستان شەو و ڕۆژی خستۆتەسەریەك، ئەم پیاوە قەشەیەكی مەسیحییە بەناوی سامی داغر كە ئێستا بەڕێوەبەری كارەكانی رێكخراوی سەمیریتان پێرسە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە ساڵی 2007ـەوە یەكەم پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان دەستپێكرد و دواتر سەنتەری خێرخوازی لەناو كەسوكاری ئەنفالكراوەكان لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەچەمچەماڵ كردەوە. لەلێدوانێكی تایبەت بەرۆژنامەی خەبات، سامی داغر كە یاریدەدەرێكی نزیك لە فرانكلین گراهام سەرۆكی رێكخراوی خێرخوازی سەمیریتان پێرسیشە كە گەورەترین رێكخراوی خێرخوازییە لەجیهاندا گوتی: كاتێك داعش پەلاماری كوردستانیدا و لەهەولێر نزیك بووەوە هەندێك لە هاوكار و هاوڕێكانم دەیانگوت باشترە بگەڕێیتەوە بۆ لوبنان و كوردستان بەجێبهێڵیت، بەڵام من نەك هەر بەقسەم نەكردن، بەڵكو لەوكاتانەدا لەهەولێر نوێژم بۆ پێشمەرگە و سەركەوتنی خەڵكی كوردستان بەسەر داعش دەكرد و لەدڵی خۆم دەمگوت: خوایە ئەم گەلە شایەنی ئەم ناڕەحەتی و ناخۆشیانە نین و ژیانی منیش دەبێ لە ژیانی خەڵكی كوردستان بێت كە هەموویان تۆیان خۆشدەوێت و دەیانەوێ ئاشتی لە ناوچەكەدا بڵاوبكەنەوە.
سامی داغر لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: من بەهۆی خوێندنەوەی رۆژنامەی خەبات خەریكە مانای هەندێ لە وشە و رستەی كوردی فێردەبم و هەموو ئەو ژمارانەی رۆژنامەكەم ئەرشیف كردووە كە هەواڵی رێكخراوەكەمانی تێدا بڵاوكراوەتەوە و ئەم رۆژنامانەشم پیشانی فرانكلین گراهام داوە.
شایانی باسە ئەم پیاوە هەڵگری رەگەزنامەی لوبنانیە و كەسایەتیەكی مەسیحی گەورە و بەخشندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و شوێنی نیشتەجێبوونیشی لە بەیروتە، بەڵام لە ساڵێكدا زیاتر لە 10 جار دێتە كوردستان بەمەبەستی سەرپەرشتیكردنی پرۆژە خێرخوازیەكانی رێكخراوی سەمیریتان پێرس لە كوردستان كە لەم 10 ساڵەی رابردوودا بای نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار پرۆژە و كەلوپەلی فریاگوزاری و پزیشكی و دیاری منداڵانی ئەمەریكا و خێمە و بەتانی و چەندین جۆری كەلوپەلی خێرخوازی و فریاگوزاری تری هێناوەتە كوردستان و لەبەرامبەردا هەروەك خۆی دەڵێت رەزامەندی خوا و خۆشەویستی خەڵكی كوردستانی وەرگرتووە.
سهرهتا چاوپێكهوتن سامی داغر بۆ خەبات:كاتێ داعش پەلاماری كوردستانی دا، لە هەولێر نوێژم بۆ...










