شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
لە دوای راپەڕینەوە جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بەردەوام لە دەسەڵاتدا بوونە، زۆرینەی حزبەكان، سەرباری ئەوەی بەشێكیان لە دەسەڵاتیشدا بوون، بەڵام لە رێگەی گوتاری رەخنەییەوە، ویستوویانە وێنای ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان نیشانی هاووڵاتییان بدەن، ئەمە جگە لەوەی بەشێك لەو حزبانە تەنانەت وەزارەتیشیان هەبووە و لە خێروبێری حكوومەتیشیان خواردووە، كەچی بە ئومێدی ئەوەی بە تەواوەتی دەستبگرن بەسەر كورسیی دەسەڵاتەوە، هەرچی شتێك لە بەرژەوەندی خۆیاندا بووبێت، درێغیان نەكردووە، هەتا ئەگەر لە زیانی هاووڵاتییانیش كەوتبێتەوە، لە لایان هاووڵاتی و بەرژەوەندییەكانی گرنگ نەبوون، تەنیا ئەوە نەبێت، بتوانن لە رێگەیانەوە كورسیی دەسەڵات مسۆگەر بكەن.
ئەو مۆدێلە ئۆپۆزسیۆنە لە یەك كاتدا هەم لە ناو دەسەڵات و هەمیش بۆ فریودانی خەڵك، مێكیاژیی ئۆپۆزسیۆنبوونیان كردووە. واتە خۆیان بە فریادڕەسی كۆمەڵگە نیشانداوە، لە كاتێكدا گوتاری میدیایی و سیاسییان دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵك بووە و ئیشی لەسەر نائومێدییەكی گەورە كردووە. لە دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە، ئەو مۆدێلە بە جۆرێكی دیكە خۆی ئەبدێت دەكاتەوە بە شێوەیەك لە رێگەی گوتاری فریودەرەوە، ئیشیان لەسەر نائومێدكردنی خەڵكی كرد تا ئەو ئاستەی هاووڵاتییان خەریك بوو هیچ ئینتیمایەكیان بۆ حكوومەت و وڵاتەكەی خۆیان نەمێنێت، چونكە ئۆپۆزسیۆن ئەوەی دەویست و پێی وابوو لەو رێگەیەوە دەسەڵات وەردەگرن!
راستە لە دوای راپەڕینەوە هاووڵاتییان داواكاری لۆژیكیان هەبووە بۆ خزمەتكردن و بوژانەوەی وڵات و باشتركردنی ژیانیان، ئەمە منەت نییە و ئەركی حكوومەت و تەنانەت هەموو هێزە سیاسییەكانیشە خزمەتكردنی هاووڵاتی ئەولەویەتیان بێت. بەڵام ئەو مۆدێلە لە ئۆپۆزسیۆنە حەزی بەزوویی گەیشتن بە كورسیی دەسەڵات دووچاری گرێیەكی دەكات، تەنانەت ئامادەیە چەپڵە بۆ عەبادی لێبدات و حەز بكات خاكی كوردستان داگیر بكرێت، ئامادەیە میدیاكەی بخاتە خزمەتی لەشكركێشیی سوپای عێراق و حەشد لە كاتی هێرشكردنە سەر كوردستان و تا ئەو ئاستە كەیف خۆش بوو بە عەبادی حەشد بگەیەنێتە هەولێر و لە جیاتی قەوارەی هەرێمی كوردستانیش، كورد لە ناو عێراقێكی زیاتر لە سی ملیۆن عەرەبدا، ببێتە خاوەنی چوار پارێزگە. شكستی ئۆپۆزسیۆن لەوەوە سەرچاوەی گرت، خەڵكی بێتاقەت بوون لە گوتاری فریودەرانە، بە جۆرێك ئاشنایەتیان لە تەك ئەو گوتارە فریودەرە بۆ دروست بوو، تەنانەت ئێستا رێژەی ئەوانەی باوەڕیان بە ئۆپۆزسیۆن ماوە، یەكجار كەمن، بەشێوەیەك ئیدی خەڵكی دەزانن ئەو هێزانەی لە بەرگی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان، هاووڵاتییانیان تا ئەو كاتە دەوێت كە سوودی كورسیی و دەنگی زیاتریان هەبێت، بۆیە دوای كۆتاییهاتنی هەر هەڵبژاردنێكیش حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان پێداگری لەسەر خواستی حزبیانەی خۆیان دەكەن، نەك ئەو دروشمانەی پێشتر لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بەرزیان كردووەتەوە.
لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان و كابینەی هەشتەمدا، ئۆپۆزسیۆن بە هۆی ئەو گوتارە فریودەرەوە دووچاری شكست بوو، بۆیە ئێستا بە هەر شێوەیەك بێت دەخوازن بچنە ناو حكوومەتەوە تاوەكو لەو رێگەیەوە جارێكی دیكە متمانەی خەڵك مسۆگەر بكەن، كەوایە گرنگە ئەو هێزە سەرەكییانەی پێكهێنەری حكوومەتن، رێگە بە گوتاری ساختەی ئۆپۆزسیۆنی ناو حكوومەت نەدەن، بۆ ئەوەی بەڕاستی ئەگەر بڕیارە كوردستان ئۆپۆزسیۆنی هەبێت، با خاوەنی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە بێت، نەك ساختە، خەمی وڵات، بە خەمی خۆی بزانێت و شكست و سەركەوتنی وڵات، بە شكست و سەركەوتنی خۆی بزانێت، ئۆپۆزسیۆنێك بێت گوتارە سیاسییەكەی لەسەر بنەمای رەچاوكردنی بەرژەوەندی خەڵك و كوردستان بنیات بنێت، نەك خودی خەڵك بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاربهێنن.
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیش ئۆپۆزسیۆن دەبێت، بەڵام زۆر لاواز، بە جۆرێك نوزە نوز دەكات! بەوپێیەی هەم پارتی و یەكێتی زۆرینەی پەرلەمانن، هەمیش خەڵك لە گوتاری ئۆپۆزسیۆن بێزار بوون، لە كاتێكدا كوردستان پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە هەیە، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە هەڵە و كەموكوڕییەكان بخاتە پێشچاوی حكوومەت بە مەبەستی چارەسەركردن، كە خودی حكوومەتیش ئەوەی دەوێت و ئەمەش بەدەر نییە لەو راستییەی هەر كۆمەڵگەیەكی دونیای ئێستاكە پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە هەیە بۆ ئەوەی رۆڵی چاودێر ببینێت بەسەر كار و ئەدای لایەنی جێبەجێكارەوە، كوردیش ئەوەی پێویست بووە، بەڵام نەك بەو مۆدێلە فاشیلەی بەتایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی گۆڕانەوە دێتە ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان، ئەو مۆدێلە خراپەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە هەوڵی شكستهێنانی كۆی پرۆسەی سیاسیی كوردستانی دەدا، لە كاتێكدا هەر خۆی كوردستان لە ژێر هەڕەشەی لەشكركێشی و ئابلۆقەی سیاسیی و ئابووری چەند وڵاتێكی ناوچەیی دابوو بە جۆرێك هەوڵی تێكشكاندنی خودی قەوارەی هەرێمی كوردستان. بۆیە گرنگە ئەو ئۆپۆزسیۆنە لاوازەی ئەم خولە ئەزموون لە خولی پێشخۆی وەربگرێت و لە رێگەی گوتاری نابەرپرسیارانە و نوزە نوزەوە هەمان ئەزموونە تاڵەكەی خولی چوارەم ئەبدێت نەكاتەوە.










