سەید جەنگی محەمەد
ئێمە لەهەرێمێكدا دەژین و هەنگاو دەنێین لە پێناو دەستەبەر كردنی سیستەمی دیموكراتی .. دیموكراتی بەواتا واتا راستەقینەكەی كە دەسەڵاتی خەڵكە و دەبێ دەخزمەتی خەڵكدا بێت. لە یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 19/5/1992 و تاوەكو ئێستا هەڵبژاردن و حكومەتی كوردستان بەردەوامی هەیە، بەڵام پەرلەمان و حكومەتی كوردستان بە قۆناغ و شێوازی جیاجیا و تاقیكرنەوەی تفت و تاڵدا گوزەراوە،وەكو حوكمەتی پەنجا بە پەنجا كە نەوەك هەر سەركەوت و نەبوو، بەڵكو لە ئاكامدا شەری ناوەخۆ (براكوژی) لێكەوتەوە. دواتر حوكمەتی بنكە فرەوان و بوونی ئۆپۆزسیۆن لە ناوپەرلەمان لە دەرەوەی پەرلەمان، ئەم ئەزموونەش شكست خواردوو و بێ سوو بێ ئەنجام بوو و نەتوانرا چوار ساڵی ئارام بەرێتە بەڵكو چوارساڵی پڕ لە نائارامی و لێكترازانی كۆمەڵگا و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو. سەر هەرچەندە كە نەدەبوو وا بێت چونكە كوردستان لە بارودۆخێكی زۆر دژوار دابوو لە رووی ئابوری و سەربازی هەروەها لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵی عێراق گوشارێكی زۆر و پاڵەپەستۆی ئابوری خرایە سەر هاوڵاتیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕینی بوجە و موچەی فەرمانبەران و….هتد. هەروەها كوردستان و حكومەتی هەرێم روبەروی هێرشی تیرۆرستانی (داعش) بوویەوە. سەرباری هەموو ئەم نەهامەتیانە خواست و ئیرادیە خەڵكی كوردستان لە ریفراندۆم بە مافی رەوای ئەوان نەزانرا و گەلەكۆمی كرایە سەر هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم. كابینەی ئەمجارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم ئەگەر و ئەركێكی قورس دایە، جونكە گۆرانكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە و دەبێت لایەنە سیاسیەكان هەزمی ئەوە بكەن هەر هێزێكی سیاسی بەپێی رێژەی دەنگ و ژمارەی كورسی مافی خۆی هەیە و پێشبینیی دەكرێت باشترین بژاردە حوكمەتێكی نیمچە فراوان بێت. بۆیە دەبێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و كابینەی نۆیەمی حكومەت میكانزمی حكومەت و چۆنیەتی بنیات نان لەبەرچاو بگیرێت بۆ كوردستانێكی ئارام و چارەسەركردنی قەیرانی مووچە یان كەمكردنەوەی پاشەكەوت لە پێشینەی كارەكانیان بێت!! لەگەڵ هەبوونی ئۆپۆسزیۆنێكی كاراو واقع بین . نەك بۆ وروژاندنی شەقام و هێرش كردنە سەر حكومەت و لەپێناو بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی خۆیان؟!. بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی كوردستان هەست بەوە بكەن قۆناغە سەختەكانیان بڕیوە و لە شەڕە دەرونیەكان و قەیرانە ئابوریەكان دەرباز بوینە و پێویستیان بەوە هەیە متمانەی تەواو یان بەخۆیان هەبێت كە حكومەت هی ئەوانە و بۆ ئەوانە.









