خیانەتی 16ی ئوکتۆبەر لەسەر زاری بافڵ تاڵه‌بانییه‌وه

328

کاروان محەمەد سینو
ئەمڕۆ کە یادی حەفت ساڵەی خیانەتی 16ی ئۆکتوبەری 2017، هەوڵدەدەین دیدی سەرکردایەتیی خودی یەکێتی بخەینەڕوو (ئەوەی کە بکەری خیانەتەکە بوو و ئەوانەی کە دژی خیانەتەکە بوون لە ناو یەکێتیدا). هەڵبەت شاراوە نییە؛ هەر پاش کۆچی دوایی خوا لێخۆشبوو مام جەلال، کێچ کەوتە کەوڵی بەشێک لە بنەماڵەی مام جەلا (بەتایبەت بافڵ تاڵەبانی) بۆ دەست بەسەرداگرتنی پارە و موڵک و دەسەڵاتی یەکێتی. بۆ ئەم مەبەستە بافڵ بە هەموو شێوەیەک دەوروپشتی خۆی ڕاماڵی و بەرپرس و سەرکردەکانی ڕۆژانی شاخ پێشمەرگایەتی بەرکەنار و پەراوێز خست و دەستی به‌سه‌ر ماڵ و موڵکی یەکێتی و بووە (ئەمەش چیڕۆکێکی درێژە کە دەرفەت نییە لێرەدا باس بکرێ. پاش ئەوەی بافڵ بوو بە دەمڕاست و خۆسەپێنی سەرکردایەتی یەكیتی، یەکەم هەنگاوی بافڵ لە ناو یەکێتیدا بە خیانەتی میللەتی کورد دەستی پێکرد و ئەوەبوو لە 16ی ئۆکتۆبەری2017 کەرکووکی دڵی کوردستان ڕادەستی داگیرکەران و شۆڤینیانی و حەشدی شەعبی کرد.

خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر
حەوت ساڵ لەمەوپێش لە (16ی ئۆكتۆبەری 2017)، لەودەمەی هەموو خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان ئامادەبوون بە گیان و ماڵ خۆیان فیدا بكەن و بەرگری لە خاك و شەرەف و كەرامەتی كوردستان بكەن، بەرگری لە بڕیار و ئیرادە و چارەنووسی خەڵکی کوردستان بكەن، بەرگری لە خەون و هیوا و ئاواتەکانیان بكەن، كە هەموو خەڵكی كوردستان لە ریفڕاندۆمدا بڕیاریان لەسەر دابوو. لەهەمان كاتیشدا هەموو مرۆڤایەتی و دۆستان و ئازادیخوازانی جیهان لە چاوەڕوانی ئەوەدابوون كە هەموو كوردستانییان (سڤیل و چەكدار) بەیەك دەنگ و یەك هەڵوێست بەرگری لەو هەلومەرجەی خۆیان بكەن و ئەو هەلە مێژووییە لەدەست نەدەن كە بە فرمێسك و خوێن دابین كرابوو و بەرگری لە بڕیار و ئیرادەی خۆیان و میللەتەكەیان بكەن، بۆ ئەوەی كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان پاش ریفراندۆم لە چوارچێوەی دەستوور و رێككەوتنێكی یاسایی سیاسی بخرێتە بەر گفتوگۆ و چارەسەر بكرێ، هەروەها ماددەی 140ی دەستووری عێراق كارا بكرێ و بڕگە و هەنگاوەكانی ئەم ماددە دەستوورییە جێبەجێ بكرێ و چیدی دەستوور پێشێل نەكرێ . ئا لەم كات و هەلومەرجەدا، تاقمێكی خیانەتكاری خاك فرۆش و خۆفرۆش و كاڵفام بە سەرکردایەتی بافڵ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیوا و ئاوات و ئیرادە و بڕیاری تەواوی خەڵكی كوردستان و تەنیا لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان، لە رێككەوتنێكی خیانەتكاریدا بڕیاری خۆبەدەستەوەدان و خۆچەماندنیان دا و رێك هاوشێوەی (یەهودای ئەسخەریوتی) كە چۆن حەزرەتی مەسیحی رادەستی دوژمنانی كرد (یەهودای ئەسخەریوتی یەكێك بووە لە دوازدە قوتابییەكەی (حەزرەتی مەسیح سڵاوی خوای لەسەر بێت)، هەروەك لە «ئینجیل»دا هاتووە ناوی (یەهوزا سەمعان ئەسقەریوتی)یە.

یەهودا ئەسخەریوتی بەرانبەر 30پارچە زیو خیانەتی لە (حەزرەتی مەسیح)كرد و ڕادەستی دوژمنانی كرد و ئەوانیش (حەزرەتی مەسیح)یان لە خاچ دا، ئەمەش یەكەم گەورەترین خیانەتە كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار كراوە. خیانەتی (بافڵ)یش لە16ی ئۆكتۆبەری 2017 دووەم خیانەتی گەورە و (عوزما)یە كە لە مێژووی خەباتی بزاڤی رزگاریخوازیی كورددا ئەنجام دەدرێ. ئەو تاقمە خیانەتكارو خاك فرۆش و خۆفرۆش و كاڵفامە ؛ كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی كوردستانیان ڕادەستی داگیركەران كرد، كە لە ئەنجامدا قودسییەتی كەركووك و دەڤەرەكانی دیكەش خرایە ژێرپێی داگیرگەران و كەركووك لە خاچ درا.

لێردا بە پێویستی دەزانین کە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لەسەر زاری خودی بافڵ بخەینەروو؛ کە پاساو دەهێنێ و دەڵێ من بە تەنیا نەبووم کە خیانەتم کردووە بەڵکو 38ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیم لەگەڵ بوون؟! (ئەمەیە کە کورد دەڵێ: «عوزر لە قەباحەت گەورەتر بوو»)، لەبیرمانە کە بۆ چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان و ڕای گشتی و خۆ دزینەوە لە بەرپرسێتی خیانەتی 16ئۆکتۆبەر و ڕادەستکردنی کەرکوک و دەوروبەری؛ ڕۆژی 21ی ئوکتۆبەری 2017( واتا پێنج ڕۆژ دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر) بافڵ تاڵەبانی لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فرانس ٢٤ی فەرەنسی، بێشەرمانە دان بە خیانەتی 16ئۆکتۆبەر دەنێ و رایگەیاند کە تەنیا ئەو نەبووە؟! کەرکووکی ڕادەست کردبێ بەڵکوو لەکۆی 50 ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی 38 ئەندام خیانەت و ڕادەستکردنی کەرکووکیان ئیمزا کردووە، بافڵ لە بەرامبەر کامیرای کەناڵی 24ی فڕەنسی دیکۆمێنتێک بەرز دەکاتەوە (بەقسەی ئەو) گوایە ئیمزای ئەندامانی سەرکردایەتی یەکیتی پێوەیە بۆ خیانەت و ڕادەستکردنی کەرکوک بە حەشدیی شەعبی. گەلۆ ئاخۆ ڕاستە 38ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئێمزای خیانەتکارییان بۆ بافڵ کردبوو؟! (الله اعلم).

بەڵام ئەوەی لە بیرمانە و لێرەدا شایانی وەبیرهێنانەوەیە ئەوەیە، لە ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری 2017، بەڕێزان کوسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەریەکەیان بەجودا پەیامی تایبەتی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان و ڕای گشتی بڵاوکردەوە دەربارەی کەسانی ئەنجامدەری خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و ڕەوشی کەرکووک، بۆیە لێرەدا بەباشی دەزانین دەقی پەیامی ئەم دوو بەڕێزە وەکوو خۆی بڵاوبکەینەوە با بزانین 16ی ئۆکتۆبەر خیانەت بوو یان خیانەت نەبوو و کێ ئەم خیانەتەی کرد؟