خەبات: هەندرێن شێرزاد:- مێژووی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا ئەوەیان دەرخستووە كە هەردووك پارتی دیموكرات و كۆماری خاوەنی چەند ویلایەتێكن، تەنانەت بوونەتە پێگەی پارێزراو بۆیان و دەنگدان تیایاندا پێشوەختە بۆ لایەك یەكلا بۆتەوە . ئەم دۆخەش لەگەڵ ئەو ویلایەتانە جیاوازە كە هێشتا خۆیان یەكلا نەكردۆتەوە و دوور نیە تشرینی دووەمی داهاتوو دەنگ بە ترامپ یان هاریس بدەن.
لە ساڵی 2000 ەوە تا ئەمڕۆ
ئەگەر چاوێك بە ئەنجامی دواهەمین شەش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا بخشێنینەوە، واتە لە ساڵی 2000 ەوە تا ئەمڕۆ، دەردەكەوێ كە 36 ویلایەتی ئەمەریكا خۆیان یەكلا كردۆتەوە و بە بەردەوامی دەنگیان بە حزبێك داوە ئینجا كۆماری یان دیموكرات بووبێ . هەروەها لە ماوەی 20 ساڵیشدا هەردووك حزبی ناوبراو لە 14 ویلایەتدا سەركەوتنیان ئاڵوگۆڕ كردووە . لێرەدا پرسیار ئەوەیە : ئەو ویلایەتانە كامەن؟
36 ناوچەی پارێزراو
بەپێی داتاكانی ماڵپەڕی توین 270 ی تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، لە كۆی هەر 50 ویلایەتەكەی ئەمەریكا، هەر جارێك 35 ویلایەت و كەرتی كۆڵۆمبیا « ش كە واشنتۆنی پایتەخت دەگرێتە خۆی»، هەر جارێك سەركەوتنی یەكێك لە دوو پارتە سەرەكیەكە یەكلا دەكەنەوە . تەنانەت لە هەڵبژاردنەكانی ماوەی شەش ساڵی رابردوودا بۆ بەرژەوەندی دیموكراتەكان بووە. نەخشەكەش بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
پارتی دیموكرات:
15 ویلایەت و كەرتی كۆلۆمبیا كە لە ساڵی 2000 ەوە بە بەردەوامی سەركەوتنی تێدا وەدەست هێناون بریتین لە : كالیفۆرنیا، نیویۆرك، ئۆریگۆن، واشنتۆن، هاوای، مینیسوتا، ئێلینۆی، ماین، رۆد ئایلاند، كۆنیتێكت، نیوجێرسی، دیلاوێر، ڤێرمۆنت، ماریلاند، ماساچوستس.
پارتی كۆماری:
لە ماوەی 24 ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی لەو 20 ویلایەتەی خوارەوە سەركەوتنی وەدەست هێناوە كە ئەمانەن:
تكساس، لویزیانا، ئالاباما، تێنیسی،ئەركنساس، ئۆكلاهۆما، میسیسیپی، ئالاسكا، یوتا، ئیداهۆ، یومینگ، مۆنتانا، كانساس، نۆرس داكۆتا، ساوس داكۆتا، نبراسكا، میسوری، وێست ڤرجینیا، كنتاكی، ساوس كارۆلاینا.
15 ویلایەتی دیكە
لەو 15 ویلایەتە، لە ساڵی 2000 ەوە هەردووك پارتی ناوبراو لە 8 ویلایەتدا سەركەوتوو بوون، بەڵام سەركەوتنەكان بۆ یەكێك لە دوو حزبەكە بووە، ویلایەتەكانیش ئەمانەن:
نیوهامشێر، فلۆریدا، كۆلۆرادۆ، نیومەكسیكۆ، ئیندیانا، ئۆهایۆ، ڤێرجینیا، ئایوا .
هەڵبژاردنی داهاتوو
– بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی رابردوو، بە تایبەتی دوایین هەڵبژاردن، پێشبینی دەكرێ پارتی دیموكرات لەم ویلایەتانەی خوارەوە سەربكەوێ: نیوهامشێر، كۆلۆرادۆ، نیومەكسیكۆ، ڤێرجینیا .
– هەروەها پێشبینی سەركەوتنی پارتی كۆماری لەو ویلایەتانەی خوارەوە دەكرێ: فلۆریدا، ئیندیانا، ئۆهایۆ، ئایوا.
7 ویلایەتی یەكلاكەرەوە
هێشتا حەوت ویلایەت دەمێنن كە هێشتا خۆیان یەكلا نەكردۆتەوە كە ئایا دەنگ بە كامە پارت دەدەن، هەمان ئەو ویلایەتانە لە كۆتاییدا رۆڵی سەرەكی دەبینن لە یەكلاكردنەوەی ئەو بەربژێرەی لە پێشبڕكێی سەرۆكایەتیدا سەردەكەوێ، ویلایەتەكانیش ئەمانەن:
میشیگن، ویسكنسن، پەنسلڤێنیا، جۆرجیا، نۆرس كارۆلاینا، نیڤادا، ئەریزۆنا.
گۆڕەپانی شەڕ
بە پێی ماڵپەڕی یو ئێس نیوزی ئەمەریكی، ئەو ویلایەتانەی هێشتا خۆیان یەكلا نەكردۆتەوە و لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا رۆڵی سەرەكی دەبینن و تیایاندا ململانێی نێوان هەردووك پارت دەگاتە لووتكە و تەنانەت بە گۆڕەپانی شەڕ وەسف دەكرێن و تیایاندا ئەنجامەكان بە هەڵپەسێردراوی و نزیك لەیەك دەمێننەوە. لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی ئەمەریكاشدا پێشبینی دەكرێ لەم حەوت ویلایەتەدا ئەنجامی راپرسییەكان لەنێوان ترامپ و هاریس زۆر نزیك بن لەیەك.
لە شەش هەڵبژاردنی رابردوودا
لەو ویلایەتانەی كە بە گۆڕەپانی شەڕ وەسف دەكرێن، ئەنجامی هەردووك پارت بەم جۆرەی خوارەوە بووە :
– ویلایەتی مێشیگن: پارتی دیموكرات 5 جار سەركەوتووە بەرامبەر بە تەنیا یەك سەركەوتن بۆ پارتی كۆماری.
– ویلایەتی ویسكنسن: 5 سەركەوتن بۆ پارتی دیموكرات و یەك سەركەوتن بۆ كۆماریەكان.
– ویلایەتی پەنسلڤێنیا: 5 سەركەوتن بۆ دیموكرات و یەك سەركەوتن بۆ كۆماریەكان.
– ویلایەتی جۆرجیا : 5 سەركەوتن بۆ كۆماریەكان و یەك سەركەوتن بۆ دیموكراتەكان.
– ویلایەتی نۆرس كارۆلاینا : 5 سەركەوتن بۆ كۆماریەكان و یەك سەركەوتن بۆ دیموكراتەكان.
– ویلایەتی ئەریزۆنا: 5 سەركەوتن بۆ كۆماریەكان و تەنیا یەك سەركەوتن بۆ دیموكراتەكان.
– ویلایەتی نیڤادا: چوار سەركەوتن بۆ دیموكراتەكان و دوو سەركەوتن بۆ كۆماریەكان.