لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووداوەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی زانیاریی شاری هەولێر بڵاوکردەوە کە تێیدا پاسەوانانی کوڕانی کۆسرەت ڕەسووڵ هێرشیان کردە سەر هاووڵاتیەک و تەقەیەکی زۆریان بەسەردا کرد.

لە روونکردنەوەکەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر هاتووە: “لە 14/10/2024، کاتژمێر 10:45ی شەو، لە گەڕەکی زانیاریی شاری هەولێر، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هاووڵاتیەک بەناوی (م.ت.أ) کە ئۆتۆمبیلێکی جۆری لاندکرۆزەری پێ بووە لەناو بانگەشەکاراندا لە لایەن پاسەوانەکانی کوڕانی کۆسرەت ڕەسووڵ هێرشی دەکرێتە سەر و تەقەیەکی زۆر دەکەن و زیان بە خۆی و ئۆتۆمبێلەکەشی دەگەیەنن.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “پاسەوانانی کوڕانی کۆسرەت ڕەسووڵ ئەمە جاری یەکەمیان نییە، ماوەیەک پێش ئێستاش لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر هەمان کاریان کرد و هاووڵاتییەک بریندار بوو.”

ئەوەش خراوەتە روو: “چەندبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕەفتار و کردەوانە دەرخەری ئەوەیە کە پاڵنەرێک هەبێت بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی شاری هەولێر، هەربۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین چیتر لە هیچ کەس و لایەن و هێزێک قبووڵ ناکەین کە بیەوێت ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر تێک بدات، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و سزای یاسایی دەدرێن، خۆشیان بەرپرسیار دەبن لە ئەنجامی هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراو.”

جەختیش کراوەتەوە: “هەر لەو ڕوانگەیەشەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو ڕووداوەی شەوی ڕابردوو کراوەتەوە و، لەسەر فەرمانی دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەرکراوە کە بەشدار بوون لەو ئاژاوەگێڕییە.”