سوورە مەرگەیی
پارتیەكان بە خۆشمەوە زۆرترین وتار و بابەتمان لەسەر سەركەوتنی پارتی و بەدەستهێنانی چل و پێنج كورسی نووسی، راستە ئەوە سەركەوتنێكی گەورەیە، بەڵام ئەو سەركەوتنە پێویستی بە پاراستنە، دەبێ ئەو راستییەش بزانین كە سەركەوتن و دەستكەوتە بەدەستهاتووەكان بەبێ پاراستن هیچ نرخ و بەهایەكیان نابێ و كۆتاییەكەی بە شكست دەگەڕێتەوە، بۆیە پاراستنی سەركەوتنەكان لە بەدەستهێنان گرنگترن و لە پاراستنیانەوە وەرچەرخان روودەدات، بەڵام زۆرمان بە سەركەوتنەكە هەڵگوت و هیچ كامێكمان شتێكمان لەسەر پاراستنی نەنووسی.
دیارە چۆن سەركەوتن و بەدەستهێنانی دەستكەوتە سیاسیەكان پێویستیان بە نەخشە و پلانی پێشوەخت و خەبات و ماندووبوون هەیە، پاراستنیشیان پێویستیان بە نەخشە و پلانی پێشوەخت و خەبات و ماندووبوونی زیاتر هەیە، بەبێ گەڕانەوەش بۆ هۆكاری سەركەوتنەكە محاڵە بتوانین نەخشە ڕێگا بۆ پاراستنی دابنێین.
نابێ پارتیەكان ئەو سەركەوتنە وەك ئیمتیاز ببینن، چونكە لە رایستیدا ئەو سەركەوتنە ئەركە نەك ئیمتیاز، ئەو ئەركەش پارتی ختستۆتە بەردەم بەرپرسیارێتی و تاقیكرنەوەیەكی گەورە، سەركەوتنەكە پرسیارێكە و خەڵك ئاراستەی پارتی كردووە و داوای وەڵامەكەشی دەكات، بە پاراستنیشی پارتی وەڵامی دروستی پرسیاركە دەداتەوە بە خەڵك، جا لێرەوە گرنگە بە دوای هۆكارەكانی سەركەوتنەكەدا بگەڕێین، چونكە سەركەوتن و پاراستنی سەركەوتنەكە دەرگا بە رووی سەركەوتنێكی تردا دەكاتەوە.
گومان لەوەدا نییە كە گرنگترین هۆكاری سەركەوتنی پارتی لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستان پرسی ریفراندۆم و نواندنی ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیانە بوون كە سەرۆك بارزانی لە رێبازی بارزانی نەمری هەڵێنجاون، جا سەركەوتنێك بە رێبازی بارزانی نەمر بەدەست هاتبێ، مەحاڵە بەبێ پابەند بوونی زیاتر بە رێبازی بارزانی نەمر بتوانین سەركەوتنەكان بیپارێزین.
بە دەنگەوە چوونی خواستی خەڵك و پابەند بوونی بەرپرسانی پارتی بە رێبازی بارزانی نەمر، هەم بەدیهێنەری دەستكەوتەكانە و هەمیش پارێزەریانە، لێرەوە پارتی پێویستی بە گۆڕانكارییە و پێویستە رێبازی بارزانی نەمریش بكریتە تاقیگەی گۆڕانكاریەكە، چونكە ئەگەر وانەكرێ رێبازی بارزانی نەمر و بەرژەوەندیە كەسیەكان لە ناوخۆی پارتیدا تووشی بەریەككەوتن دەبن، بەریەككەتنێكی وەهاش لەناو پارتیدا كاریگەری لەسەر سست بوونی پرۆسەی سیاسی و هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان دادەنێ، ئەو كاریگەریەش چاوەڕوانی خەڵك لە گەیشتن بە خواستە مێژووییەكانیان دادەخات.










