نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستان، لە گوتارێکدا لە دهۆک رایگەیاند ئامانجی پارتی ئەوەیە لە قۆناخی داهاتوو، هەرێمی کوردستان بگەیێنێتە قۆناخێکی پێشکەوتووتر و سەرکەوتووتر، گوتیشی ئێستا ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆز تێدەپەڕێت، هەربۆیە “پێویستمان بە سەرکردایەتیی بەهێز هەیە، کە ئەویش پارتییە.” 

رۆژی شەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2024، لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان، ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاریگەی دهۆک، بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی سازکرا.

نێچیرڤانی بارزانی لە ئاهەنگەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و لەسەرەتادا رایگەیاند، پارتی حیزبێکە باوەڕی بە ئاوەدانی و سەقامگیریی هەیە، گوتیشی “پێشکەوتنی پارتی واتە پێشکەوتن و ئاوەدانی بەردەوام. سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردستانە. پارتی لە هەر شوێنێک بێت، خزمەت و ئاوەدانی لەوێ هەیە.”

جێگری سەرۆکی پارتی لە گوتارەکەیدا، هەروەها رایگەیاند پارتی ململانێ لەگەڵ هیچ حیزب و لایەنێک ناکات، پارتی ئامانجیێتی کوردستان بگەیێنێتە قۆناخێکی گەشتر و سەرکەوتووتر.

نێچیرڤان بازارنی باسی لە گرنگیی بەشداریکردنی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی ئەم مانگەدا کرد و، گوتی “ئەم هەڵبژاردنە بۆ کوردستان زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی شەرعیەتی بەڕێوەبردن نوێ بکەینەوە، سەرکەوتنی پارتی مسۆگەرکردنی مافەکانی کوردستان و پێکهاتەکانە، مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژێکی گەشترە و ئەوە پارتییە کە مافی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان زامن دەکات و پاشەڕۆژێکی گەشتر دابین دەکات. پارتی بە پشتیوانی خەڵک حوکمڕانی دەکات.”

نێچیرڤانی بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد “رۆژی 20ـی مانگ پەیمانی ئێمە بۆ خوێنی شەهیدان ئەوەیە؛ دەچینە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ دەدەینە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی خۆڕاگری و ئاوەدانی و پێکەوەیی و ئارامی.”

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لە گرنگیی ئەو هەڵبژاردنە بۆ ناوچەکانی بادینان کرد و رایگەیاند “دەبینین دڵگەرمی و دڵسۆزی و پەرۆشیی ئێوە، هاوارێکی گەورەی ئێوەیە، بادینان ناوەندێكی سەرەکیی هێز و شیان و باوەڕی پارتییە. هەندێ کەس دەڵێن بەو سیستمە نوێیەی دەنگدان، رۆڵ و کاریگەریی بادینان کەمدەکەنەوە، بۆیە پێویستە نەهێڵن خەونی ناحەزان بێتە دی. ئەمجارەش دەنگی ئێوە بۆ پارتییە. پارتی و بادینان و رێبازی بارزانی خوێن و گۆشتی جەستەیەکین، بناخەی کوردایەتین، پەیوەندیی پارتی و بادینان، بەشێکی گرنگ و سەرەکیی ناسنامەی کولتووریی بادینانە، لەهەر دەرگەیەک بدەی لە بادینان، باسی خەبات و تێکۆشانی خۆی دەکات لەگەڵ پارتی بۆ سەربەرزی و سەرفرازیی گەلی کوردستان.”

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی زیاتر جەخت لە گرنگیی بەشداریکردنێکی دیاری دەنگدەرانی بادینان دەکات و، دەڵێ “بە پشتیوانی بەردەوامی بەهێزی بادینان بۆ پارتی، هەموو کاتێک پارتی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا خاوەن هزر و بڕیار بووە، هەر کاتێک پارتی سەرکەوتوو بووە، کوردستان سەرکەوتوو بووە، کاتێک ئێوە لە پشت پارتین، ئەنفال و کیمیاباران و تۆپبارانکردن و داعش، گوشاری نەیاران پارتیان نەشکاندووە، پارتی سەربڵندە بە پشتیوانیی ئێوە و بەردەوام دەبێت لە سەرکەوتن.”