با پارتیانە و پێشمەرگانە لیستەکەمان سەربخەین

183
چیا هەرکی
بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و دەنگداندا، بەشێکی گرنگی بەشداریی سیاسییە. ئەم بەشدارییە سیاسییە کە سەرچاوە لە ئاستی بەرزی ئاگایی و هۆشیاریی تاکەوە دەگرێت، بەوەی کە دەرک بە بەرپرسیارێتیی خۆی دەکات لە بەرامبەر کۆمەڵگا و چارەنووسی خۆی و نەوەکانی، ڕۆڵێکی دیاری لە قووڵکردنەوەی ئەزموونی دیموکراسی و کاریگەریی ڕاستەوخۆشی لەسەر ئەنجامەکانی پرۆسەکە و چییەتیی سیستەمی سیاسی و شکڵگرتنی دەسەڵاتدا هەیە.
لەم ڕوانگەیەوە، فەرامۆشکردنی بەشداریی سیاسی وەک ئەرک و ماف، هەروەها بایکۆتکردنی هەڵبژاردن و خۆدوورگرتن لە پرۆسەکە بە هەر هۆکارێکەوە بێت، جگە لەوەی بە زیانی تاک خۆی و خەون و ئامانجەکانی تەواو دەبێت، هاوکات دەرهاویشتەی نەرێنی و دەرەنجامی نەخوازروی وای لێ دەکەوێتەوە، کە لە وێنە گشتییەکەدا زیان لە سەرلەبەری کۆمەڵگا و خەونی نەوەکان دەدات.
کاریگەرییە نەرێنی و نەخوازراوەکانی بایکۆتکردن لەسەر چەندین ئاست و بە چەندین ڕووخساری جیاواز دەردەکەون، لەوانە: ( لاوازیی نوێنەرایەتیکردن، شێواندنی ئەنجامەکان، کاڵبوونەوەی دیموکراسی، زاڵبوونی کەمینەی بەرژەوەندخواز، کەمبوونەوەی توانای لێپرسینەوە، تێکچوونی هاوسەنگیی سیاسی، پووکانەوەی هۆشیاریی سیاسی، لەدەستدانی دەرفەتەکان، گەورەبوونی بۆشایی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی، زیاتربوونی نادڵنیایی و بێ متمانەیی بە سیستەمی سیاسی).
کەمیی ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا، وا دەکات بەربژێرگەلێک سەربکەون، کە نوێنەرایەتیی ویست و خواستی زۆرینەی کۆمەڵگا و بەرژەوەندیی گشتی نەکەن. بەوپێیەی کە دابەزینی ئاستی بەشداریکردن؛ دەرفەت دەداتە گرووپی بچووکی ڕێکخراو، کاریگەریی نادروستیان لەسەر ئەنجامەکان هەبێت، بەمەش ئەو لایەنانە بیبەنەوە کە پشتیووانیی زۆرینەی ڕاستەقینەیان نییە، ئەمە لە لایەک.
لە لایەکی تر، دیموکراسی کە گوزارشتە لە حوکمڕانیکردنی گەل، بەرهەمی بەشداریی سیاسیی ناڕاستەوخۆی گەلە لە ڕێی نوێنەرەکانییەوە. بۆیە خۆدزینەوەی هاووڵاتییان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، جگە لەوەی دەبێتە هۆی لاوازکردنی سیستەمی دیموکراسی، هاوکات ڕەوایەتیی دەسەڵاتیش لە چاوی کۆمەڵگای نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بچووک دەکاتەوە و دامەزراوەکان دەخاتە ژێر پرسیار. بەتایبەتی کە لە دۆخی وادا گرووپە بچووکە خاوەن بەرژەوەندییە تایبەتەکان، دەتوانن ئەجێندای تایبەتی خۆیان لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی، جێبەجێ بکەن.
لەم ڕوانگەیەوە، ئێمەی ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان لە ئاست پارتەکەمان و لە سەروویەوە، بنەماڵەی سەربەرزی بارزان کە سەد ساڵە و تا ئێستا خاوەنی ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانن، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییمان لە ئەستۆدایە و دەبێ بە گوڕوتینی پێشمەرگانە و جۆش و خرۆشی پارتیانە، بۆ سەرخستنی لیستەکەمان، لیستی (١٩٠)ی پارتی، بۆ پێشەنگ هێشتنەوەی پارتەکەمان، بۆ هێنانەدی ئاسایش و ئارامی، بۆ ئاوەدانی و پێشخستنی کوردستان، بۆ قووڵکردنەوەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە، بۆ داهاتوویەکی ڕۆشن و گەشتر بۆ گەلی کوردستان و وڵاتەکەمان، ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر لەسەر سندووقەکانی دەنگدان بن و گرەوی سەرخستنی پارتەکەمان و لیستەکەی ببەینەوە.