پارتی ناڕووخێت

255
ڕەشید مەلاعەلی کولەکی
مێژوو بیرەوەرینامە و ئەو نووسراوەیە کە پێمان دەڵێت کە چی بەسەر مرۆڤەکاندا هاتووە، نەوەکانی ئێستا و داهاتوومان پێویستیان بە تێگەیشتنێکی ڕاست و دروستی مێژوو هەیە بۆئەوەی لەم ڕیگایەوە مرۆڤەکان بناسن، چونکە مێژووی هەموو کۆمەڵگاکان ئەنجام و بەرهەمی قوربانیدان و تێکۆشان و خۆڕاگریی مرۆڤە گەورە و مێژووسازەکانە. کورد خاوەن مرۆڤی گەورەی سیاسی و تێکۆشەر و کاریزمای گەورەیە کە بە هەوڵ و کۆڵنەدان و خۆنەچەماندنیان مێژووی گەلەکەیان تۆمار کردووە.
بارزان یەکێکە لەو ناوەندانەی گەورەترین و بەهێزترین سەرکردەی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی تێدا هەڵکەوتووە و مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێت. ئەو سەرکردانە ڕۆڵێکی یەکجار گەورە و گرنگ و چارەنووسسازیان بینیوە لە بزاڤی نیشتمانی و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا. هەر لەگەڵ هەڵکەوتنیان پێشڕەوایەتیی بزاڤی نیشتمانی و نەتەوەییی کوردیان گرتەدەست و سەرکردایەتی وسەرۆکایەتیی خەباتی ئازادیخوازیی کوردیان لە ئەستۆ گرت، وەنەبێ ئەم پێشڕەوایەتی و سەرکردایەتی و سەرۆکایەتییەش بە زۆری زۆرداری و خۆسەپاندن بووبێت، بەڵکوو لەگەڵ دەرکەوتنیان بوونە جێی متمانە و باوەڕی خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و گەلی کوردستان متمانەیان پێ بەخشین و کردیانن بە ڕێنیشاندەر و نوێنەری خۆیان لە خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاریخوازیدا. بەمەش بارزان و بارزانییەکان و ڕابەر و شێخەکانی بارزانی ڕووبەڕووی دوو شتی زۆر گران و قورس و مەترسیدار بوونەوە:
یەکێکیان ئەرکی نوێنەرایەتیکردن و پێشڕەوایەتیکردنی خەباتی گەلێکی بندەستی دابەشکراو و پارچەپارچەکراو، دووەمیان ڕووبەڕووی تەحەدییات و پیلان و دوژمنکارییەکی بێوێنەی داگیرکاران و دوژمنانی گەلی کورد بوونەوە و لەم ڕێگایەدا هەم تووشی نەهامەتی و کوێرەوەری و دەردەسەرییەکی بێوێنە بوونەوە و تەنانەت سەروماڵی خۆشیان لەسەر دانا، ئاوارەیی، بەندیخانە، هێرشی هەمەلایەنە و چەند لایەنە و بەستنی ڕێککەوتننامە دووقۆڵی و چەندقۆڵی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و هتد، بوو بە پشکی بارزانییەکان لەسەر گۆی زەوی. ئەوەی دوژمنە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان پێیان کرا هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی بارزانییەکانیان دا، بە واتایەکی تر هەوڵی ڕووخاندنی بارزانییەکانیان دا، بەڵام ئایا بارزانییەکان ڕووخان؟
بۆیە دەڵێین بارزانییەکان، چونکە بەر لە دامەزراندنی پارتی، بارزانییەکان متمانەی گەلی کوردیان پێ بەخشرابوو بە مەبەستی نوێنەرایەتی و سەرکردایەتیی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کوردستان و دوای دامەزراندنی، پارتی بوو بە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی کوردستان و لەڕاستیدا پارتی درێژەپێدەری ڕێبازی بارزان بوو کە بارزانیی نەمر نوێنەرایەتی دەکرد.
لەمەودوا دژایەتیکردنی پارتی و هەوڵی لەناوبردن و (بەقسەی جماعەت) ڕووخاندنی بوو بە ئامانج و کڕۆکی بەرنامە و پیلانی داگیرکاران بە هاوکاری و چاوساغی و یارمەتیی بەکرێگیراوان و خۆفرۆش و خاکفرۆشە ناوخۆییەکان. بەڵام پارتی نەک نەڕووخا، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دوای هەر پیلانگێڕییەک پارتی بەهێزتر دەردەکەوت و نوێنەرایەتیی بەشێکی زیاتری چین و توێژەکانی کوردستانی دەکرد و متمانەی جەماوەری کوردستان بە پارتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبوو، ئەم متمانەیە گەیشتە ڕادەیەک کە لە هەر چوارپارچەی کوردستان خۆیان لەناو ڕیزەکانی پارتی و سەنگەرەکانیدا دیتەوە.
با خوێندنەوەیەکی سەرپێیی ڕووداوەکانی سەد ساڵی ڕابردووی کوردستان بکەین، بۆئەوەی هەموو خەڵکی کوردستان و نەوەکانی ئێستا و داهاتووی گەلەکەمان لەو حەقیقەت و ڕاستییە مێژووییە بگەن کە پارتی نەڕووخاوە و مانەوەی پارتی بەم هێزە و؛ ئەزموونی لەناوچوونی دوژمنانی گەلی کوردستان و پارتیش، ئەو ڕاستییە دەسەڵمێنێت کە پارتی ناڕووخێت چونکە پارتی هەڵقۆڵاوی ویست و داخوازی و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستانە.
بەهۆی ئەو بیروباوەڕە مرۆڤایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانییەی هەیبوو شێخ محەمەد بارزانی تووشی ئەزیەت و ئازارێکی زۆر بووەوە لەلایەن عوسمانییەکانەوە و یەکەم ڕووبەڕووبوونەوە و پەلاماردانی عوسمانییەکان بۆ سەر بارزان و شێخ محەمەد بارزانی ساڵی١٨٨٤ دەستی پێکرد و ساڵی ١٨٩٣ بۆ ماوەی ساڵێک لە بدلیس بەندکرا و ساڵی١٨٩٥ بۆ ماوەی ساڵێک لە ژێردەستی (اقامەجبریە) لە موسڵ مایەوە و ئەم هێرشانە تا کۆچی دوایی لە ساڵی١٩٠٣ بەردەوام بوو.
دوای کۆچی دوایی شێخ محەمەد بارزانی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی کوڕی جێی گرتەوە و بەردەوام بوو لەسەر هەمان ڕێباز و؛ هێرشی عوسمانییەکانیش بۆ سەر بارزان و شێخ عەبدوسەلام بارزانی (بۆ ڕووخاندنیان) بەردەوام بوو، دوای ئەوەی ساڵی ١٩٠٩ فەریق محەمەدپاشای داغستانی هەڕەشەی لە شێخ عەبدوسەلام بارزانی کرد و شێخ بە هەندی وەرنەگرت و تەسلیم نەبوو، عوسمانییەکان بە پیلانێکی تۆکمە و بە پاڵپشتیی شازدە هۆز و عەشیرەتی کوردی هێرشیان کردە سەر بارزان. ڕاستە شێخ عەبدوسەلام بارزانی گیانی لە پێناو کوردستان بەخشی، بەڵام بارزانییەکان نەڕووخان.
دوای شەهیدکردنی براکەی، شێخ ئەحمەد بارزانی (خودانی بارزان) ڕێبەرایەتیی بارزانییەکانی گرتە ئەستۆ، لە بەرانبەردا هێرش و هەوڵی دوژمنانیش لە پێناو ڕووخاندنی بارزانییەکان بەردەوام بوو.
بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی١٩٣١ بارزان کەوتەبەر یەکێ لە سەختترین و دژوارترین هێرشەکانی سوپای عێراق بە پاڵپشتیی فڕۆکە بەریتانییەکان بە ناوی شەڕی برقی بەگ و مەبەست لێی کۆتاییهێنان بوو بە بارزانییەکان(ڕووخاندنیان).
هێرشە بەربڵاو و هەمەلایەنەکەی سوپا پڕچەک و زەبەلاحەکەی ئێران دژی بارزانییەکان و تەنانەت فەرمانە تایبەتییەکەی شای ئێران بۆ تەفروتوناکردن و لەناوبردنی یەکجارەکی بارزانییەکان (بۆ ئەوەی لەمە زیاتر ئابڕووی سوپای ئێران نەچێت»بە قسەی خۆیان»)، هەوڵێکی تری دوژمنانی کورد بوو بۆ ڕووخاندنی بارزانییەکان.
یەکگرتن و هاوکاری و‌ هێرشی هاوبەش و هاوکاتی هەر سێ وڵاتی ئێران، تورکیا و عێراق دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، بۆ سەر بارزانییەکان خەونێکی تری ڕووخانی بارزانییەکانی لە گۆڕ نا.
دامەزراندنی پارتی و بەردەوامیی هەوڵەکان لە پێناو ڕووخاندنی
دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر وەرچەرخانێکی گرنگ و گەورەی سیاسی و مێژوویی بوو لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا، بەوپێیەی پارتی وەک پێویستییەکی مێژوویی، خەباتی گەلی کوردی بردە قوناغێکی زۆر پێشکەوتووتر، چونکە پارتی هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی کورد و کۆمەڵگای کوردستان بوو.
هەر دوای دامەزراندنی، پارتی بوو بە ئامانجی یەکەمی دوژمنان بۆ ڕووخاندنی، چونکە داگیرکاران و دوژمنانی کوردستان بەباشی هەستیان بە ڕۆڵ و پێگە و گاریگەریی پارتی لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و بەرەوپێشەوەبردنی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد کرد.
هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر گورزێکی جەڕگبڕ بوو لە پەیکەری داگیرکاران و دوژمنانی گەلی کورد.
ساڵی١٩٦٣ دوو لیوای سوپای عێراق بە هاوکاری و یارمەتیی زیاتر لە حەوت هەزار جاش هێرشیان کردەسەر بارزان بە مەبەستی ڕووخاندنیان.
دوای سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی شۆڕشی ئەیلوول، بیر لە گەلەکۆمەکێ کرایەوە دژی شۆڕشی ئەیلوول و سەرکردایەتی و سەرۆکەکەی، ژمارەیەکی زۆر لە باب و باپیرانی سەرکردایەتیی چەند حیزبێکی ئەمڕۆی کوردستان لەپاڵ سوپای بەعس هەوڵی ڕووخانی شۆڕشی ئەیلوولیان دا، دوابەدوای ئەمە و لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لیوایەکی سوپای وڵاتێکی دراوسێش هاتەناو بابەتەکە و شان بە شانی سوپای عێراق دژی شۆڕشی ئەیلوول و سەرکردایەتییەکەی جەنگا بە مەبەستی ڕووخاندنی.
ساڵی ١٩٧٥ بە ڕێککەوتنی چەندین وڵاتی هەرێمی و نێودەوڵەتی گەلەکۆمەکییەکی گەورەی نێودەوڵەتی دژی پارتی بە مەبەستی ڕووخاندنی ئەنجام درا، ڕێککەوتن و پیلانەکە بە شێوەیەک گەورە و مەترسیدار بوو کە دوژمنان ڕووخانی پارتییان بە شتێکی حەتمی و بێ ئەملاوئەولا زانی و تەنانەت سەرۆکی ئەوکاتی عێراق بەشێوەیەک دڵنیا و لەخۆبایی بوو سەبارەت بە ڕووخانی پارتی کە لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە شۆڕش و پارتی و بارزانییەکان گوتی: (وانتهت الابد).
هەشتایەکانی سەدەی ڕابڕدووش بە فیت و دەستی هەرێمی هەوڵێکی زۆر درا لە پێناو ڕووخانی پارتی.
دوای ڕاپەرینی گەلەکەمان و ڕاماڵینی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس لە کوردستان و پێشنیاری جەنابی سەرۆک بۆ هەڵبژاردن و دامەزراندنی دامودەزگا یاساییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هەڵگیرساندنی شەڕی خۆکوژی هەوڵی ڕووخانی پارتی درا.
دواتر لە کاتێکدا کە پارتی سەرقاڵی سازدانی ئاهەنگی یادی دامەزراندنی بوو چەند پارتێکی بەناو کوردی بە هەماهەنگی و هاوکاریی یەکتر و وڵاتێکی هەرێمی هێرشێکی هەمەلایەنەیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی دەستپێکرد بە مەبەستی ڕووخاندنی پارتی.
ساڵی 2017 دوو رووداوی گەورە ڕووی دا کە لە مێژووی کوردستاندا بێوێنە بووە و ئاستەمە ڕووداوی لەم شێوەیە ڕووبدەنەوە کە بریتی بوون لە:
یەکەم: لە ئەنجامی ڕێککەوتن و خیانەتی ژێربەژێری بەشێکی ناو لایەنێکی سیاسی (بە قسەی خۆیان کاڵفامەکان) لەگەڵ حەشدی شەعبی لە شازدەی ئۆکتۆبەری 2017، بەشێکی زۆری خاکی کوردستان فرۆشرا و ڕادەستی داگیرکاران کرایەوە.
دووەم: دوای ئەم خیانەت و ڕادەستکردنەی بەشی زۆری خاکی کوردستان، ئامادەکارییە ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەستیپێکرد بە مەبەستی کۆتایی پێهێنان و ڕووخاندنی یەکجارەکی پارتی (بەقسەی خۆیان).
دوای ئامادەکارییەکان و بە بەشداریی چەند لایەنێکی بەناو کوردی و عێراقی و هەرێمی ڕۆژانی بیست(٢٠)ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧ و بیست و شەش(٢٦)ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هێرشێکی بەربڵاو بۆسەر پارتی دەستیپێکرد، پیلانەکە بە شێوەیەک داڕێژرابوو و مەترسیدار بوو کە پێویست بوو شتێک بە ناوی پارتی و تەنانەت بارزانییەکان نەمێنن. لە شەڕەکەدا گەورەترین و بەهێزترین تانکی ناو مێژووی سەربازی بە ناوی (ئابرامز) بەشدار بوو و بۆ یەکەم جار بوو تانکێکی ئابرامز بسووتێنرێت و تێکبشکێنرێت.
پیلانەکە بەجۆرێک گەورە و ورد داڕێژرا بوو کە ئەم جارەیان نەک سەرۆک کۆماری عێراق بەڵکوو باڵیۆزی گەورەترین وڵاتی جیهان بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند: (ئەمڕۆ دوێنێ نییە) واتە مەبەستی ئەوەبوو کە ئیتر پارتی ڕووخاوە و باشترە تەسلیم بن. بەڵام لە هەردوو بەرەی پردێ و سحێلا تووشی گەورەترین شکستی سەربازی و سیاسی بوون و پارتیش هەر نەڕووخا.
ئەزموونی مێژوو ئەو ڕاستییەی سەلماند کە پارتی بە زەبری هێزی سەربازیی بەریتانیا، ئەمریکا، تورکیا، ئێران، سووریا، عێراق و ڕێککەوتننامە سیاسی و سەربازییەکانی دیجلە، سەنتۆ، ناوخۆیی و هەرێمییەکان نەڕووخا و نەک نەڕووخا، بەڵکوو ئەمڕۆ زۆر بەهێزترە لە بیست و سی و چل و پەنجا ساڵی ڕابردوو کە هۆکارەکانی مانەوەی پارتی و بارزانییەکان لێرەدا جێیان نابێتەوە، بەڵام بابەت و پرسیارێکی گرنگ ئەمەیە:
پارتی و بارزانییەکان بەم هەموو گەلەکۆمەکی و هێزەسەربازی و ڕێککەوتنە سیاسی و ئابووری و ئەمنییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان نەڕووخا، ئایا بەم دروشم و قسە و هاشوهوشە نابەجێیانە دەڕووخێت؟
ئێمە هیچ ناڵێین با هەر ئەوان سەیرێکی مێژووی باب و باپیرانیان و خۆیان بکەن ڕاستییەکەیان بۆ دەردەکەوێت.