خەبات- دانا بۆتانی:
لە ئێستادا هەموو بستێکی ئەم جیهانە تەنراوە بە تەکنەلۆژیا و زانستی سەردەم، بۆیە ئێمەی کوردستانیانیش نابێ بێبەشبین لە سوود و قازانجی ئەم زانستەی ئەمڕۆ لە کایەکانی ژیان ڕەنگی داوەتەوە، (هەژماری من) کە لە کوردستان وا خەریکە بەهیممەتی دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەم نیشتیمانەو بەتایبەت سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شوێنپەنجەی خۆی دەگرێت و هێدی هێدی لە هزر و بۆچوونی تاکی کورد دەچەسپێ، کە چ دەستكەوتێكی گەورەیە، کە وڵاتی ئێمەش شانبەشانی وڵاتانی دیکەی جیهان مۆدێرنانە هەنگاو دەنێت. لە ئێستادا نزیکەی 600000 مووچەخۆر بەشدارن لە پرۆژەی (هەژماری من)، خەبات لە بەشداربووانی هەژماری من دەپرسێت. گرینگی هەژماری من لە چیدایە؟
بەشداربوویەکی هەژماری من بە ناوی نەوال عەبدۆک گوتی: هەژماری من پەنجەرەیەکی گەشبینییە کە بەرە و ڕووی تاکی ئەم هەرێمەی خۆمان دەکرێتەوە. گرنگە ئێمەی دانیشتووانی کوردستان بزانین کە هەنگاوێکی لەم جۆرەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێگەی نرخاندن و هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنیانەیە. هەژماری من تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی پارە و داهاتمان پارێزراوبێت لە فەوتان و بردن و بەهەدەردان و دووربوون لە مەترسییە سروشتییەکان وەک دروستبوونی لافاو و ئاگر و هتد…
گوتیشی: هەر هەنگاوێکی نوێ بۆ بە مۆدێرنکردنی وڵات لەمپەر و ئاستەنگی دێتەپێش و بۆی دەسازێنرێت، بەڵام خۆشبەختانە لە ئانوساتی ئێستادا خەمخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت جەنابی سەرۆکی حکوومەت، کە خۆی ئەندازیاری ئەم پڕۆسەیەی هەژماری من بووە، دڵسۆزانە وەستاونەتەوە لە بەرامبەر هەر گوشار و زەبرێکی دەرەکی بۆ وەستاندن و پەکخستنی پرۆسەی بە هەژمارکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
خەبات لەم بەشداربووەی پرۆژەی هەژماری من دەپرسێت چی بەوانە دەڵێیت کە دژی پرۆژەی هەژماری منن؟! نەوال عەبدۆک گوتی: هیوادارم خەڵکی هەرێمی کوردستان لۆژیکییانە و عەقڵمەندانە بیربکەنەوە و بە گرنگی ئەم پرۆسە بەنرخە بڕوانن و پێی ئاشنابن کە هەژماری منە، چونکە دواجار ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە هەژماری من دەبێتە گەورەترین دەسکەوت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێڕاق و خاوەنی جوانترین بەرهەمی دنیای مۆدێرن دەبین لە سەرتاسەری کوردستان. ئەوانەی دژی هەژماری منن دڵنیام دژی پێشکەوتنی کوردستانیشن.
خەبات بەردەوام دەبێت و دەپرسێت دەربارەی گرنگی هەژماری من، لەمبارەیەوە کامەران عەبدولرەحمان بەشداربوویەكی دیكەیە و گوتی: جاران گلەیی ئەوەیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرد کە ناتوانێت هەنگاو بنێت تا وڵات بەرەو سیستەمی بانکی بڕوات. کاتێکیش سەرۆکی حکوومەت ئەم هەنگاوە گەورەی نا تا بەڕووی جیهاندا بکرێتەوە لەرێگای سیستەمێکی بانکی بە ناوی هەژماری من، ئێستا دەبینین نەیارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژی ئەم سیستەمە بانکییە وەستاونەتەوە، دڵنیام جگە لە مزایەدەی سیاسی هیچی دیکە نییە، چونکە هەژماری من شکۆی مووچەخۆرانە و مووچەکانیان تێدا پارێزراوە. من ئێستا خاوەنی هەژماری خۆمم و لە رێگاو ئەو بانکەوە مووچە وەردەگرم، کە خۆم تێدا تۆمار کردووەو بە شێوەیەکی زۆر مۆدێرنانە رۆژێک پێشتر ئاگادارم دەکاتەوە لە رێگای مۆبیلەکەمەوە، کە مووچەکەم خراوەتە سەر هەژمارەکەم، منیش هەر کاتێک بمەوێت دەتوانم رایکێشم و زۆر سەربەرزانە هەم مووچەکەمان وەردەگرین، هەمیش سوودمەند دەبین لەو ئۆفەرانەی کە بانکەکان پێشکەشمانی دەکەن، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک هەژماری من پڕ بکاتەوە و چیتر کەس موزایەدە بەم بابەتەی هەژماری منەوە نەکات.
خەبات دەپرسێت کێن ئەوانەی دژی پرۆژەی هەژماری منن؟ مامۆستا هەنگاو سەڵاح بەشداربوویەكی دیكەی پرۆژەی هەژماری منە و گوتی: دڵنیام ئەوانەی دژی هەژماری منن چاویان بە پێشکەوتنی وڵات هەڵنایەت یان ئەوەتا ئەو پرۆژە گرنگە، داهێنانی حزبەکەی خۆی نییە، بۆیە دژی دەوەستن. ئەگینا هەژماری من واتە وەرگرتنی مووچەکەت بە شێوەیەکی شکۆمەندانە و سەربەرزانە. چیتر پێویست ناکات خەڵک لە بەردەم بانکەکان سەرە بگرێت و ببورێتەوە، بۆیە پرۆژەی هەژماری من وەک سەرۆکی حکوومەت دەڵێت: پاراستنی مووچەکەت و وەرگرتنی بەشێوەیەکی سەربەرزانە لەگەڵ هەموو ئەو ئۆفەرانەی کە بانکەکان پێشکەشی دەکەن بۆ مووچەخۆران، ئێستا لە بازاڕدا دەتوانیت بێ هەڵگرتنی پارە لە باخەڵدا کارەکانی خۆت جێبەجێ بکەیت، وەک هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو لە رێگای هەژمارەکەتەوە خەرجییەکانت بکەیت و پێداویستییەکانت جێبەجێ بکەیت.
یادگار عەدنان بەشداربوویەكی دیكەی پرۆژەی هەژماری منە و گوتی: سەیرە ئەوانەی ئەمڕۆ دژی هەژماری منن دژی پێشکەوتنی وڵاتیشن، چونکە هەر ئەوانە بوون دوێنێ داوایان دەکرد کە هەژماری من یەکێکە لە باشترین ئەو سیستەمە بانکیانەی کە هەموو عێراق پێی سەرسامە، لەبەر چەند هۆکارێک یەکەم دەتوانیت لە نێوان چەند بانکێک بانکێک هەڵبژێریت هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە وڵات بەرەو سیستەمی بانکی بڕوات کەمتر گەندەڵکاران دەتوانن دەستتێوەردان بکەن و پارەکانیان سپی بکەنەوە. هەر بۆیە پرۆژەی هەژماری من باشترین پرۆژەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی مووچەخۆرانی کردووە، لەبەر ئەوەیش ئەوانەی دژی ئەم سیستەمە بانکییەن بۆ دوو مەبەستە یان چاویان بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت، یان ئەوەتا ناتوانن بەهۆی ئەم سیستەمە بانکییەوە بە ئاسانی پارەکانیان بۆ ئەملاولا سپی بکەمەوە.
بێخاڵ عەبدوڵلا یەكێكی دیكەیە لەو مووچەخۆرانەی لە پرۆژەی هەژماری من بەشدار و بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە جوانترین و باشترین ئەو پرۆژانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی کردووە. چونکە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە رێگای سیستەمێکی بانکی بەڕووی جیهاندا بکرێتەوە و ئەم کرانەوەیەش لە رێگای هەژماری منەوە دەکرێت و دەتوانیت هەنگاوێکی گەورە بهاوێژێت بەرووی جیهاندا هەروەها مووچەی مووچەخۆرانیش پارێزراوتر دەبێت لە ناو هەژماری من هەم لە کارەساتە سرووشتەکان و هەمیش لەرێگای ئەم سیستەمە بانکییەوە رێگا لەوانە دەگرین کە دەیانەوێت گەندەڵی بکەن و پارە زەبەلاحەکانیان سپی بکەنەوە، هەر ئەمەشە وا دەکات بەشێک لەوانە دژی پرۆژەی هەژماری من بن، چونکە توانای گەندەڵی و دزییان نەماوە.