دارا محەمەد عوسمان
سیاچەمانە: شوێنی ئەم ئاوازە دەڤەری دڵگیری هۆرامانە.
لەبەردەمی ئاتەشگەكاندا ئەم سیاچەمانەیان فەرمووە بە دەنگی هونەرمەندانی دەنگ خۆش، ئەوەتا مێژووی مۆسیقای كوردی دەفەرمووێت: (لە بواری ناو هێنانی سیاچەمانە و هۆرەدا دەبێ ئەوە بڵێم كە دایكی ئەم دوو ئاوازە رەسەنەمان وەك وتمان هەر پاشماوەی ئاوازگەلی (گاتا)كانە، بەڵام جوگرافیای سیاچەمانە هۆرامانە، هەروەكو ئاشكرایە هەرچی ئاوازی ڕەسەن هەیە لەم دەڤەرەدا گرد بوونەتەوە، ئەوەش ماكی رەسەنایەتی خۆی پاراستووە، لە نێوان ئەو هەموو جۆرە موزیك و گۆرانییە كۆنانە بەشێوەی ڕاست و بەدڵێكی پڕ ئەوینەوە، لەناو ئاواز و گۆرانی ئەو ئاوازە بەرزە چڕەدا، سیمای هۆرامانی رەسەنایەتی خۆی پاراستووە. (1)
ئەدەب و هونەری كوردی لە ئەمڕۆی جیهاندا خەریكە پەرەی پێ دەدرێت، محەمەد ئەمین هۆرامانی دەفەرمووێت(2):(هۆرە وشەی كۆنە بەواتای لە خوا پاڕانەوە چ عیشقی مەعنەوی یان پێی دەڵێن عیشقی حەقیقی سیاچەمانە، بەڵام سیاچەمانە پەیوەندە بە خاوەنەكانیانەوە، كە مەلاكانی زەردەشتی، كراسی دەردامانیان لەبەر كردووە تەنها مافی مەلاكان بووە ئەو ئاوازەیان فەرمووە، وە گاتاكانیان بە ئاوازی پاڕانەوە فەرمووە).
د.محەمەد ئەمین هۆرامانی دەفەرمووێت: (سیاچەمانە وشەیەكی ناساكارە و پێكهاتووە لە ریشەی وشەی سەرە، سیاو، چەمانیش، لە (جامان)ەوە هاتووە، كە ئەویش خۆی لە خۆیدا جامە، لەگەڵ پاشبەندی (ان)ی كۆن دا كە پێكەوە وشەی جامانەیان پێكهێناوە،…) (3) ئەو(ە) بزوێنەی كۆتایشی دەنوسرێ بە وشەی ناساكارەوە بۆ ئەوەی رواڵەتی ناو، یاخود ئاوەڵناوی بداتێ،
لە گۆڤاری رامان-ی ژمارە (107)دا، عادل محەمەدپور دەفەرمووێ:(چەمكی لیریكا و ئیرۆس، هەوێنی جوانی و خۆشەویستی شەنگی و دەلالی و شادمانی ژیانی ماددی، كە گوێ دەری سۆزی سیاچەمانەیە). (4)
لە كتێبی خاتو كڵاوزەڕدا مامۆستا حەمەكەریم هۆرامی دەفەرموێت:(پاڵەوانی شانۆگەرییەكە (یوسف ئاسكەیە) سیاچەمانە بێژێكی سەردەمی خان ئەحمەد خان بووە و خاتوو كڵاو زەڕیش شاژنی خان بووە، بۆیە یوسفی سیاچەمانە بێژیش لە مەجلسی سیاچەمانە بێژانداخانەی لە فەرهەنگی كوردیدا گرتووە، بەڵام ئەم ئاوازانە بەرزترین ئاوازی بەرزە چڕی هۆرامانن، وشەكەش وشەیەكی ناساكارە). (5)
رای من و د. هۆرامانی یەكدەگرنەوە، بەڵام دێوجامە لە دووبەش پێكهاتووە، ئەویش راوكەر لەكاتی ڕاوكردنی باڵندەدا بەكاری دەهێنێت، پارچە قوماشێكی رەش و سپییە و درێژی و1.5م وپاینەكەشی 1م 0 ئەوگوڵە رەش و سپیانەش بۆ لێوەكردنی باڵندەكانە، ئەو دێوجامەیە لەكراسی دەرەدامانی موغەكان دەچێت كەلەكاتی ووتنەوەی سیاچەمانەدالەبەریان كردووە.
سیاچەمانەلەروی دەنگ سازی یەوە: ئەویش ئەوەیە دەنگی (تیژ) لەگەڵ دەنگی (گڕ) ودەنگی(ناوەند) دا یەكدەگرن وپێ ی دەوترێت(هارمۆنی)، لەگەرووی سیاچەمانە بێژدا هەرسێ دەنگەكە بەیەكجار دێنە دەرەوە،هەروەها ئەو بڕگانەی كۆتاییان بە (ڤاوڵ) دێت، جوانتر سیاچەمانە چڕئەو ئاوازانە دەچڕێت، بەڵام ئەوبڕگانەی كە كۆتاییان بە (كۆنسنات) دێت بۆ گۆرانی بێژ بەگران دەوترێت (ق.ك.گ)0
سیاچەمانە لەرووی ڕستە سازی یەوە: ئەو دێڕە هۆزانانە كە سیاچەمانە چڕ دەیڵێت ! لەكۆتایی بەیتەكانەوە (گیانم لەی ) بۆئەوەی بەجوانی بۆیەكدی بسێننەوە بۆ ئەوەی سیاچەمانە چڕ ماندوونەبێت،ئەمە لەكاتی ووتنی سیاچەمانەدا بە ئاسانی هەستی پێدەكرێت.
ئایا موزیك لەگەڵ سیاچەمانەدا دەگونجێ؟ ئەوە گومانی تێدانیە كە ئامێری شمشاڵ و زوڕنا بە هەموو جۆرەكانیەوە دەگونجێت. شایانی باسە ئەم دوو ئامێرە بە كۆنترین لەگەڵ تەنبووردا دەژمێردرێت. موزیكی دابەش گونجاوترین موزیكە بۆ هونەری بەرزی سیاچەمانە و هونەرمەندی سیاچەمانەچڕیش بە ئاسانی ئەو ئاوازە بەرزە چڕانە دەچڕێت. پێویستە زۆر وریابین، چونكە سیاچەمانە 3740 ساڵ بەر لە ئێستا گیانی بەبەر (گاتا)كانی زەردەشت پێغەمبەردا كردووە و پاش 2320 چڕینەوە، لە ژێر تۆزی رەشەبایەكدا نوقوم بووە، كەچی (یوسف ئاسكە)یەك تۆزەكەی سڕیەوە، وەك ملوانكەی زێڕین ئەو مێژووەی زیندوو كردەوە، هەروەها لالۆ ئەحمەدی نازارێ سەر دێڕی سیاچەمانەی دەهەژاندو بە دەنگی لالۆ ئوسمان كێمنەیی و لالۆ عەلی گوڵپی و لالۆ حەمە حسین كێمنەیی و جەمیل نەوسودی و كاكە ڕۆستەم كێمنەیی و چەندین لاو و گەنج ئەم هونەرەیان پێش خست.
هونەرمەند ئوسمان كێمنەیی دەفەرمووێت :(من بەر لە هەموو شتێ سیاچەمانە بە گشتی بە دایكی گۆرانی هۆرامی دادەنێم، ئێمە لە هۆراماندا بەهرە و ناسنامە و گەنجینەی هونەری بەنرخمان هەیە، كە دەبێتە گۆرانی (6). ئاشكرایە هەموو گۆرانی بێژێك سیاچەمانە چڕ نییە، بەڵام هەموو سیاچەمانە چڕێك گۆرانی بێژە.
ئەوەتا جەمیل نەوسودی هونەرمەند دەفەرمووێت: (سیاچەمانە هەوایەكی سەخت و سەركەش و چریكەیەكی تایبەتە نەیتو انیووە و ناتوانێ بیڵێت)، بەڵێ ڕاستە سیاچەمانە قوڕگی پاك وبێگەردو خاوێنی دەوێت، هەناسەیەكی هەناسە بڕكێی پێ نەكەوێت، چونكە سیاچەمانە هونەرمەندی تایبەتی خۆی هەیە، وەك چۆن دەشتی هەولێر (حەیران حەیران بێژی خۆی هەیە، لاوك لاوكبێژی خۆی هەیە) (7)، سیاچەمانە چڕینیش سیاچەمانە چڕی تایبەتی و بەتوانای دەوێت، هونەرمەند نابێت بە خێرایی سیاچەمانە بچڕێت، دەبێت زۆر بەئاگایی یەوە ئاگای لە دەربڕینی بڕگە و وشە و ڕستەكان و چۆنیەتی ووتنی بێت، سیاچەمانە دوورە لە تەنگژە و رەشبینی، بگرە هەردەم شادی دەوێت، سیاچەمانە وەسف و ڕەوانبێژی لە ئازارەكانی مرۆڤ دەكۆڵێتەوە، مرۆڤ فرە بەباشی لێی تێدەگات، چونكە هونەری ڕەسەن هەقوڵاوی میللەتە و مۆركی نەتەوەیی پێوەیە.
هەروەكو ئاماژەم بەوەدا كە سیاچەمانە شوێنی جوگرافیای دەڤەری هۆرامانی دەلالە.
د. فواد حەمە خورشید دەفەرمووێت (دیالێكتی گۆران لە باشووریەوە بیگرین هەر لە باكوری ڕێگەی نێوان قەسری شیرین، كرماشانەوە دەست پێدەكات بەرەو باكوور كشاوە تا دەگاتە شاخەكانی هۆرامان، لە خۆرئاواشەوە، هەر لە سەرچاوەكانی سیروانەوە بەرەو خۆرهەڵات دایپۆشیووە تا كرماشان..). (8)
د. هۆرامانی دەفەرمووێت:
1 – هۆرامانی تەخت پایتەختەكەی هۆرامانە، واتە شاری هۆرامان.
2 -هۆرامانی كەمەرە پایتەختەكەی رەزاوە.
3 – هۆرامانی دزڵی پایتەختەكەی دزڵیە.
4 – هۆرامانی لهۆن پایتەختەكەی نەوسودە.
5 – هۆرامانی گاوەرۆ پایتەختەكەی پاڵنگانە.
6 – هۆرامانی ژاوەرۆ پایتەختەكەی بێسارانە)(9)
ئەو وەختە كە زمانی ئەدەبی بەشێوەی هۆرامی بوو لقی هاویشتووە، یان بەواتایەكی دی، بەشی تری زارەكی هەن، وەك زازا، باجەلان، زەنگەنە، كاكەیی، شەبەكەكان، ئەردەڵان، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت، كە زمانی ئەدەبی كوردی هۆرامانی بووە.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت (ئەدەبی وڵاتەكە) تا دەگاتە بابانەكان لەسەرەتادا پەرەیان بە بەیت داوە (بەیتی ئەو رەحمابەگ..تاد)، نابێ هەر بەلاسایی كردنەوە بایەخ بە هونەرمان بدەین، بەڵكو دەبێت بە شێوازێكی رەگ داكوتاو لەخاك و خۆڵی هۆرامان، كە ناوجەرگەی بەشەكانی كوردستانە، كەڵك لە سەرچاوەی دێرینی خۆمان وەربگرین.
شوكر مستەفا، سەرچاوەكانی بیروباوەڕی كوردەواری فەرموویەتی (موغەكان لە گرۆیەكی شەشگانە پێك هاتبوون وەلێ ئاینیان چ بوو؟ دیار نییە، كەچی ئەوەی زۆر ئاشكرایە ئەوانیش هەر كۆنتر باوەڕیان بە زەروانییەت پێش میترانیەت، هەبووە و پاشان ئاینی(ئاهۆرامەزدا)یان پەسەند كردووە) (10). هێرۆدێت دیسان دەڵێت: وەك بیستوویە كە ماددەكان هورمزد پەرست بوون، كە هەر دەكاتەوە ئاهۆرامەزدا پەرستی.. هۆرامان سەرچاوەی دینەكانی كوردستان بووە، هۆرامان سەرچاوەی عیشق و سۆزی هونەری رەسەنمانە، زۆرجار وتراوە سیاچەمانە موزیكی لەگەڵدا نەگونجاوە، مامۆستان شوكر وتەنی موغەكان پیاوی دینی بوون ئیدی چۆن سیاچەمانە موزیكی لەگەڵدا ناگونجێت، كەچی خۆی سەرچاوەی موزیكی رەسەنی كوردەوارییە، هەر لە پەیدابوونی دینی زەردەشتی و بوونی كتێبی ئاڤێستای پیرۆز. تا ئەمڕۆ.
محەمەد جەلیلی عەندەلیبی دەفەرمووێت (بەداخەوە بەر لە من لێكۆڵینەوەی بۆ نەكراوە، بەڵام دەبێت نۆتا نووسی بكەین ئاواز نووسی بۆ بكەین، كە من دەست پێشخەریم كردووە، بۆ وێنە تەواوی مۆسیقای خانەقاكانم نۆتانووسی كردووە، تا بناسرێن و بە شێوەی نووسراو لە دەستی خەڵك دابن…)، (11) زۆربەی موزیك ژەن و هونەرمەندە موزیك ژەنەكان تا ئێستا نۆتە نوسییان بۆ ئاوازی بەرزە چڕی سیاچەمانە نەكردووە، كە ئەمەش نەبوونی هزری نەتەوایەتیمانە، سەرچاوەی فرە هەن كە میراتگری ئاهۆرامەزدا و كتێبی ئاڤێستا وەك وردە سەرەنجام، یارسان، زوڵاڵ زوڵاڵ، ڕێو رەچەكەی كاكەیی، 72 پیرەی سوڵتان سەهاك….تاد. ئەوە سروودی گاتەكان تەواوكەری ئەو ئاوازە بەرزە چڕانەیە، كە بە شێوەی هۆزان، پەخشان كە گاتەكان تەواو میراتگیریەتی، هەروەها سیاچەمانە لە (بیری چاك و وتەی چاك و كرداری چاك) بانگەوازی زەردەشتە، ئاوازی بەرزە چڕ لە سنگی سیاچەمانە چڕان و چیا گەردن گەشەكانی دەڤەری هۆراماندا، بە هەموو قەرانپوەكانیانەوە وەك كۆتەی (شقڵ، هەتا شنەبا لێیان بدات دەگەشێتەوە).
هەروەها من بەڕای خۆم وای بۆ دەچم هەموو مەقاماتی كوردی رەسەن لەسەر ئاوازی بەرزە چڕی سیاچەمانەوە وەرگیراون، ئەڵڵاوەیسی، قەتار، هەمایۆن، رەست، بەشەكانی گۆرانی بەتایبەتی سەحەری،چەمەری…تاد، هەروەها جۆرەكانی لاوك لە دەڤەری ژووروودا زۆریان لەسەر نووسراوە و نۆتە نوسیان بۆ كراوە، هەروەها كەمێك لەسەر حەیران نووسراوە، بەڵام ئاوازە بەرزە چڕەكانی سیاچەمانە مەگەر لەمەودوا نۆتە نووسیان بۆ بكرێت، هەروەها سیاچەمانە سەرقافڵەی هونەری بەرزی رەسەنمانە،
هەروەك مەولەوی فەرمویەتی:
(چمان زیڵەی زەنگ زەوارێ مەیۆ
زرنگەی قافڵەكەی وەهارێ مەیۆ
قافڵەچی ئامان دادەن دەخیلم
بنەك داری خەم خەیلێ زەلیلم). (12)
وەك لە نوسراوی كۆنینەی مێژووییدا بۆمان دەردەكەوێت، سیمای سەرومڕی ئەو كارە دێرین و هونەریانەی ئێمە، وایان كردووە كە تایبەتمەندی خۆی بپارێزێ شان بە شانی هونەری دراوسێكانی.
هەروەها ئەو سیاچەمانە دێرینانە لە دروست بوونی لانكەی مرۆڤایەتین كە میللەكەمان مۆسیقا و ئاوازی خۆی ناسی و شارەزایی هونەری خۆی بووە، هەوڵی خۆی داوە كە بە ڕزگار بوون بپارێزرێت، بۆ ئەوەی رەسەنی خۆی ون نەكات، ئەویش سیاچەمانەیە، ئەم هۆیەش وای كردووە كە هونەرمەندانی گەلانی دراوسێمان لە موزیك زانان و گشت گۆرانی بێژان، بە تایبەتی هونەرمەندانی تورك و فارس و عەرەب وەك محەمەد رەزا شەجەریان و هابیل و عەلیوف و زۆری تریش بەزەریفی ئاماژەی ئەو میلۆدیە كوردیانە دەكەن، كە لەگەڵ هونەرەكەیان كەڵكیان لێ وەرگرتوون و بەكاریان هێناوە…
سروودی سەرەنجام بۆ ئاوازی بەرزە چری سیاچەمانە دەلوێت، ئەمەش نموونەی ئەو سروودەی سەرەنجامە كە دەفەرمووێت:
(ئەوەڵ ئاخر یار، ئەوەڵ ئاخر یار
بوانام سەنای ئەوەڵ ئاخر یار
یار یەعنی مەولام ساحب زولفەقار
ئوستادی ئەزەل ژ بەر تار وە بار
میعاری كەونەین سەماو سێ و چوار
سەمای چوار مەلەك پەیكی پەیخام بار
یەك لەمعە نووری وەرنام وە خۆوە
قەرار دا نە رووی سەماو چوون كۆوە
یەك نووری هەنی قورسی قەمەرەن
موسەوەر نە ڕووی عەرشی ئەنوەرەن
ئەختەر بێ شومار ساحیب و سەیار
پەری رۆشنایی شەمستانی تار). (13)
ئەم سروودە بە ئاوازی بەرزە چڕ بە ئامێری تەنبور- سێ تار- تار- كە مەڵبەندی هۆرامانە، ئەوە هونەرمەندی تەنبور ژەن ئیرەج كەریمیان، ئەم ئامێرەی سەر لە نوێ دروست كردووەتەوە، كە ئەمەش نیشانە و بوونی هونەر دەسەلمێنێ كە سەرچاوەی هۆرامانە، چونكە سیاچەمانە عیشقی ئەوینی هونەری سەرقافڵەی گشت ئاوازەكانە.
لەبەردەمی ساسانییەكاندا دوو هونەرمەندی سیاچەمانە چڕ هەبوون، ئەوانیش (نەكیسا- بارەبوود)بوون، ئەوەتا خانای قوبادی ئاماژە بۆ ئەو دوو هونەرمەندە دەنگ خۆش و تەنبور ژەنانە دەكات و دەفەرمووێت:
(ئەوەڵ نەكیسا هورگرت ساز و چەنگ
بە پەردەی نەورۆز، خارا كەرد ئاهەنگ
بەڕەنگی ئەو شۆخ شیرین فەرما پێش
ناڵا مەستانە جە تیرەی چەنگ وێش). (14)
ئاماژەكردنی هۆزانی هۆزانڤانەكانی ئەم دەڤەرە، بە تایبەتی هۆزانڤانەكانی هۆرامان، بۆ ئامێری تەنبور نیشانە و بەڵگەی بوونی ئەو ئامێرە دیاری دەكات بۆ ئاوازی بەرزە چڕی سیاچەمانە.
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت (تبارك الذی نزل الفرقان علی عبده للعالمین نذیراً..)(15) واتە: خوا ئەو شتانەی حەزی لێیەتی بە مەخلوقاتی خۆی دەدات، هەروەها دەنگی خۆش و هێمنی لا پەسەندە.
لە پاشە ڕۆژدا ئەو شێوازانە هەر یەكەیان یاسای تایبەتی خۆی وەردەگرێت، موزیكیش بۆ مەبەستی حەراڵ بەكاردێت، نەك بۆ مەبەستی لادان و خراپەكاری.
لە گۆڤار رامان،ی ژمارە (107) دا عادل محەمەد پور دەفەرمووێت (لە دەقە كۆنەكانی یەسنا و گاسەكاندا بەڕاشكاوی ناوێك لە دەستەواژەی سیاچەمانە نەبراوە، ئەم ناوە رەنگە دواتر بەهۆی هەوێنی ئەوین و خۆشەویستی و زاتی جوانی ئافرەتەوە، بۆی داتاشرابێ، واتە وەسفی جوانی ئافرەت و سروشت، بەهۆی سروشتی رازاوە و خەمڵراوی هۆرامان) (16)، من ئەم بۆچوونە بە تەواو نازانم چونكە سرودی گاتەكان و بوونی كراسی دەرەدامانی موغەكان ئەو راستیە دیاری دەكات، كە وشەی سیاچەمانە لە وەسفی ئافرەت و جوانی رازاوە نەهاتووە، بگرە هەر لەو دەمەوە كە ئاماژەم پێكرد وشەی سیاچەمانە مەنزڵگەی ئاتەشگەدە و نەوەد و نۆ پیرەی هۆرامان باری ئەم بەرزە چڕە سەلمێنراوە. ئەوەتا لە سروودەكانی گاتاشدا وەك وتمان ئەو نوسراوانە راز و سوپاسی رۆحی مرۆڤ بۆ خوا – ئاهۆرامەزدا- و وەك لەبەندی (8)ی سروودی (33)دا وشەی (زئوتر) هاتووە كە زمان ناسان و لێكۆڵەرەوان راڤەی واژەی (زئوتر) دەكەن كە بە مانای سوپاس گوزار و سروود گۆبێت، بۆیە كرداری چاكە پەیڕەوی دینی زەردەشت بووە و ئامۆژگاری بۆ كۆمەڵ لە دەستورەكانی دا راستەقینە بوون هەروەكو وتمان ئاوازە بەرزە چڕەكانی سیاچەمانە فرە جۆرن و هەریەكەیان لە بابەتێكی ژیان دەدوێن.
سیاچەمانەی دەرەیی، كە ئەمیش جۆرە ئاوازێكی تایبەتە بە گەل یاخود بە هەرەوەزی كردن و نیشانەی كار و كرداری ناو كۆمەڵە، هەروەها ئەو ئاوازانەی سیاچەمانە بەو جۆرە هۆزانانە دەوترێن، كە هۆزانڤان لە هۆزانەكانیان دا باسی كارو رەفتار و كردەوەی باش دەكەن، ئاوازە بەرزە چڕەكانیش ئاوێتەی رەنگدانەوەی ئەو مامەڵەیەن، هونەرمەندیش ئەو ئاوازانە بە شێوەی نەریتی مەردانە پێشكەش دەكەن. بۆ ئەوەی ئەو كۆمەڵە شوێن و جوگرافیای ئەو ئاوازە بەرزە چڕانە بزانن، كە دەڤەری هۆرامان پەیامدارێتی، كە مەسەلەی ویژدانی كۆمەڵایەتی پێك دێنێ، ئەوەش ئارەزوەكانی ئەو كۆمەڵە نوێ دەكاتەوە، كە هونەر وەكو فەرموویانە دەبێتە بەردی بناغەی هەموو میللەتێكی هۆشیار، لە روانگەی ئەو هونەرەوە بە تایبەتی سیاچەمانە، میللەت بەرەو پێشكەوتن و ژیاری و شارستانی هاوچەرخ دەبات، میللەت دوور دەخاتەوە لە گۆشەگیری ئەدەبی گەلان، بەهۆی هونەرەوە ئاشنایەتی پتەو لە نێوان هونەری گەلاندا بەدی دەكات، بەوەش هونەر پێش دەكەوێت.
بۆیە هەندێ جار لە نووسینەكانمدا گازندەی ئەوە دەكەم، واتای ئەوە ناگەیەنێ رەخنە لەم و لەو دەگرم، بەڵكو مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ئێمە فریای ئەدەب و هونەر و فەرهەنگ و موزیكی خۆمان نەكەوین، ناتوانین گوێبیستی هونەری میللەتان بین، هەر میللەتێك لە فەرهەنگ دا لاواز بێت، ئەگەر لە سامانیش دا دەوڵەمەند بێت ناتوانێت سەركەوتن تۆمار بكات، هەر نەتەوەیەك پشت بە هونەری خۆی نەبەستێت ئەوا ئەو فەرهەنگ و ئاوازانەش لاواز دەبن، چونكە دیاردەی هەموو گەلان بەندە بە هونەری رەسەنیانەوە، بۆیە هۆرامان خاوەنی هونەری بەرزی نەتەوەیمانە.
ئێمەی خەڵكی هۆرامان نابێت گوێ بدەینە ئەوە كە موزیكمان لە (2-4) تۆنە پێك هاتووە، بەڵكو دەبێت زۆر هەوڵ بدەین موزیك بەرفراوان بكەین ئەویش بە هەوڵ و ماندووبوونی چەند هونەرمەندێكی رەسەن كە شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەك بۆ ئەوەی راژەی بیری چاك بكەن، بۆ نموونە سیاچەمانەی تەخت بە هۆزانی فۆلكلۆری یان هۆزانی گاتاكان یان هۆزانی هەر هۆزانڤانێك بۆ ئەم ئاوازە بەرزە چڕە دەلوێن، ئەم ئاوازە بە هەردوو دەنگەكە (تیژ، گڕ) كە بەریتمی 6.10 كە وەزنی تەواو و بەباشی نۆتەی بۆ دانراوە.
لە كتێبی سیدنی فینگلشتاین دەربڕینی ئەندێشە لە موزیك دا دەفەرمووێت (لە مەراسیمی هۆزانەكاندا دوو تایبەتمەندێتی پێكهاتەی دەنگی موزیكی ناكۆك لەیەكدا ئاوێتە دەبینرێت، كە بە بنەمای هەموو هونەری موزیكی دەژمێردرێت (چین) و (رەزم)، چین واتە گڕی و تیژی ئاماژەیە بۆ چۆنیەتی بەرز بوونەوە، یان نزم بوونەوەی هەندێك دەنگ بەرامبەر بەدەنگی تر، هەركاتێك خێرایی لەرینەوەی شەپۆلی دەنگەكە لە هەوادا زیاتر بێت، دەنگەكە بەو ئەندازەیە بەرزتر دێتە گوێی ئێمە. رەزم ئاماژەیەكە بە دوو بارەبوونەوەی رێك و پێكی ئەو كۆمەڵانەی لە چەند جوڵەیە یا ترپە لەگەڵ ئەوەی كە دەتوانێت لە كاتی تاقیكردنەوەی موزیكا بەیەك ئاوازی تەنیایی دووبارە بژەنرێ….) (17). هەروەها ئەو سەرچاوانەی كە هەن وان بە دەستەوە وای دەردەخەن كە زمانی كوردی هۆرامانی كۆنە، بۆیە زمانی ئەدەبی و رۆشنبیری كورد بووە، نەك تەنها لە سەرانسەری میرانی بابا ئەردەڵانییەكان كە لە دەوروبەری» 132»ی كۆچی دامەزراوە، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ دێرزەمان و لەوانەشە رواڵەتێكی نوێی ئاڤێستا بێ هەر لەبەر هونەری بەرزی سیاچەمانە بەو هۆزانە دەوترێت، لە مێژەوە لە دەڤەری رەنگینی هۆراماندا بە هەموو قەرانپووە كۆنەكانیەوە، ئەو هۆزانانە لە جوگرافیای هۆراماندا لە دایك بوون، چونكە هۆزانیش بەو شێوە زمانە كۆنترین هۆزانی بۆ نەوەكانی تۆمار كردووە.
ئەوە لە مێژووی ئەدەبی كوردی دا نوسراوە (هۆرامان شوێنێكی شاخ و داخ و وشكە نە فارس خۆی بۆ كوتاوە زۆر نە رۆم نە عەجەم بە تەنگیەوە بووە نەتورك، بەم بۆنەیەوە پیاوانی ئەوێ ئەوەندە ئاشنای پاشاكان نەبوون بە جۆرێكی وەها كە زمانی ئەوان سواری زمانەكەیان بێت). (18)
نموونەیەكی دی لە هۆزانی هۆرامی، مەلای جەباری فەرموویەتی
(میرزام یە وەعدەی نەو وەهارانەن
سەرەتای تڵمیت خاتر دارانەن
فەسڵ وەسڵ دۆست سەیر هەردانەن
لەرەی لەرزانەی زەنەخ دارانەن
زەمزەمەی بولبول دەبدەبەی گوڵەن
نزارەی هوزار دەروون پڕ چڵەن)، (19)
لە دەڤەری گەرمیانەوە كە مەلای جەباری ئەم هۆزانە پڕ واتایەی فەرمووە، ئەوە خەسڵەتی هۆرامانی بوونی هۆزانی بڕگەیەتی لە سەرانسەری كوردستاندا دەسەلمێنێ، هەروەها ئەو جل و بەرگەش كە پیاوە دینییەكانی زەردەشت لەبەریان كردووە لە مەراسیم و بۆنەكاندا جەخت لە رەسەنایەتی ئاوازی (بەرزە چڕ و فەرەنجی) بێ تەقەڵ دەكەن، كە هۆرامان سەرچاوەی بوونی هونەری بەرزە وەك تیۆر.
لە گۆڤاری- رامان-ی ژمارە (92)دا ژیتۆ شێخانی دەڵێت (لە كۆمەڵە سەرەتاییەكان بەكارهێنانی فراوانی موزیك پەیوەندی بە نەریت و دروشمەكانەوە هەیە، بۆیە چارەسەركاران و كاهینەكان جل و بەرگ و دروشمی تایبەت بەكاردەهێنن بۆ بەشداریكردن لە جیهانێكی تر، واتە جیهانی لە سروشت بەدەر و نائاسایە، هەروەها پێویستە دەنگی مرۆڤ بە ئاوازێكی تایبەتی ئەم بارە نائاساییە وتەی تایبەتی مرۆڤ بنەڕەتی گۆرانی و موزیكە، هونەرمەندی سیاچەمانە چڕیش دەبێت بزانێ لە كوێ هەناسە وەربگرێت و توانای فراوانی دەنگی فراوانی ئەو هەناسەیە لە دێڕە هۆزانەكان دا لەكاتی چرینی ئاوازەكەدا توانای بەهرەیی دەردەكەوێت). (20)
ئاوازی بەرزە چڕ تەنگەشەی مرۆڤ ناهێڵێت، موزیك سۆزدارییە لەو بڕوایەدان كە هونەری بەرزی سیاچەمانە هەر لە سۆز و ئەوینی خەڵكەوە نزیكە.
ئەمەش نموونەیەكی دی سیاچەمانە كە بەم هۆزانە بەرزەی فۆلكلۆری دەوترێت و دەفەرمووێت:
(ئاهم جە قبەی گەردوون ویەردەن
عەجەبا جەلام گوزەر نەكەردەن
تاكەی بنیشو جەسای دیواران
زەنجیر جە گەردن چوون گوناه باران). (21)
كۆتایی ئەم بەشە بەم پەخشانە دەهێنم، سیاچەمانەی ئاهۆرایی بە ئاڤێستای شەشە بەشی ئەسڵی، بە ماریفەت و پیری پیرشالیار، بەنەوەد و نۆ پیرەی هۆرامانی تەخت و لهۆن و كێمنە و بێرواس و رەنگین، چەمی خواجایی و هەزار گری تەختە و تەختایی دەرە قەیسەری، رووگە داڵانی، ئاتەشگەدەی ئاتەشگا بە سۆزی دڵداری خاوێن گرانبەهای مەبەست، بەرۆحی پاكی خانای قوبادی، هەتا دەگاتە بێسارانی بەكێشی پەنجەی هۆزانی دڵبەند، هۆرامان، پاوە، بە وێنەی بەهەشت بە عیشقی پاكی شێخی تەوێڵە، كە مەولەوی شێخی شاعیران شەیدای بوو، لەو هەردەوێڵە بە نوێكەرەوەی هۆزانی، بە ئەدەبی رەسەن، كە رێچكەی مەولەوی گەیاندە ئاهەنگ، شیعر، تاهیر بەگ، ئەحمەد موختاری سیروانی سەرمەست، بە ژنی جوانی یوسف ئاسكەی خانی زەڵمی هەست، بەكڵاوزەڕ، هۆرامان جێگای كنالەیلی ئاوازی سیاچەمانەی شێت و شەیدای مەبەست، بە ماچۆی هەجیج، بەهاری نودشە، دزاوەری سەربەرز، بەدەنگی حەقی حەق شناسانی حەق، بە تۆبەی دەروێش، هۆرامان یەكجار مدران، بە وێنەی پاساری كۆساڵانی، بە یەزن یەزن، یاخۆ داڵانی شنەی سەرشاخان، حەوش و بەدرانی، چەمەن ئارایش، لالۆ ئەحمەدی نازارێ، لەسەر شینی سەرمەستان بە سیاچەمانەی ئوسمان كێمنەیی و جەمیل و حەمە حسێن و عەلی گوڵپی و قولەی پیر رۆستەم.
ئەم دێڕ هۆزانە دەفەرمووێت:
(هۆرامان وەشەن خاكش دڵگیرەن
كەمەر فراوان یاگەی نەچیرەن). (22)
سەرچاوەكان:
1- محمد حەمە باقی- مێژووی موسیقای كوردی- چاپی یەكەم- ساڵی 1996 ز- ئێران.
2- د.محمدئەمین هەورامانی- مێژووی هەورامان- چاپی یەكەم- ساڵی1380 – تاران.
3- د. محمدئەمین هەورامانی- مێژووی هەورامان- چاپی یەكەم- ساڵی1380 – تاران.
4- عادل محمد پور- گۆڤاری ڕامان- ژمارەی 107 ساڵی 2006 – هەولێر.
5- مامۆستا حەمە كەریم هەورامی- كتێبی خاتوو كڵاو زەڕ- چاپی یەكەم- ساڵی 1982 – بەغداد.
6- ئوسمان كێمنەیی- گۆڤاری ڕامان- ژمارە 45 – ساڵی 2000 ز هەولێر.
7- جەمیل نەوسودی- گۆڤاری ڕامان – ژمارە 44 ساڵی 2000 ز هەولێر.
8-. فواد حەمە خورشید- كتێبی دابەشبوونی دیالێكتەكان- چاپی یەكەم- ساڵی 1985 – بەغداد.
9- د. محمدئەمین هەورامانی- گوڵزاری هەورامان- چاپی یەكەم- 2004 ز – هەولێر.
10- شوكر مستەفا- سەرچاوەكانی بیروباوەڕی كوردەواری – چاپی یەكەم- ساڵی 2006ز- هەولێر.
11- محەمەد جەلیل عەندەلیبی- گۆڤاری ڕامان- ژمارە- 45 ساڵی 2006 – هەولێر.
12- مەلا عبدولكەریمی مدرس- دوانی مەولەوی- چاپی یەكەم – ساڵی 1961ز – بەغداد.
13-مەحەمەد حەمە باقی- مێژووی مۆسیقای كوردی- چاپی یەكەم ساڵی 1996ز بەغداد.
14- محەمەد مەلا كەریم- خانەی قوبادی- چاپی یەكەم- ساڵی 1975 ز- بەغداد.
15- – قورئانی پیرۆز- سورەتی قورئان- ئایەتی یەكەم
16- عادل محمد پور- گۆڤاری ڕامان- ژمارەی 107 ساڵی 2006 – هەولێر.
17- سیدنی فینگیشتاین- دەربڕینی ئەندێشە لە موزیك دا- چاپی یەكەم- ساڵی 2005ز – سلیمانی.
18- مامۆستا عەلائەدین سوجادی- میژووی ئەدەبی كوردی- چاپی یەكەم- ساڵی 1952ز – بەغداد.
19- مامۆستا عەلائەدین سوجادی- میژووی ئەدەبی كوردی- چاپی یەكەم- ساڵی 1952ز – بەغداد.
20- ژیتۆ شێخانی- گۆڤاری ڕامان- ژمارە 92 ساڵی 2005 ز – هەولێر.
21- دارا محەمەد عوسمان- فۆلكلۆری هەورامان- چاپ نەكراوە.
22- دارا محەمەد عوسمان- فۆلكلۆری هەورامان- چاپ نەكراوە.