بارزان.. سەرچاوەی هێنانەدنیای پاڵەوانانە بۆ گەلی کورد

223
شێخ تاهیر شووشی
(زا ب خودێ ڕیبارێت کوردستانێ بدەڤێ جەحشک و خائین و خۆفرۆشا پیس و پەلۆس نابن)
سەردێڕی سەرەوە، ناونیشانی وتارێکی نووسەری میسریی بە ڕەچەڵەک کورد، خاتوو (دوڕییە عەونی)یە، کە بە بۆنەی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێکەوتی ١٩ی ٥ی ١٩٩٢ لە بەشی عەرەبیی ئێزگەی (BBC) بڵاو کرایەوە.
ئەو نووسەرە بەڕێزە لە خۆیەوە ئەو پەیڤانەی نەنووسیوە، بەڵکوو دوای بەدواداچوون و خوێندنەوە و شیکردنەوەی زۆر بابەت و ئەزموون و گەڕان لە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی بێوچانی بارزانییان و میللەتی کورد و ئەزموونی خوێناویی پێشمەرگەکان و جەماوەری خەڵکی کوردستان و هەوادارانی ڕێبازی بارزانیی نەمر، کە هێژا سەرۆک مەسعود بارزانی و کوڕەکەی مەسرور بارزانی، بوون بە قوتابی و سەرکردە و کوردپەروەر لەناو ڕیزەکانی پارتی و پێشمەرگە و لە پێناو مافەکانی ئەم گەلەدا دەجەنگن.
مەسرور بارزانی یەکێکە لەو قوتابییە بەهرەمەندانەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و پەروەردەی دەستی باوکی خۆی (مەسعود بارزانی) مەرجەعی میللەتی کوردە کە هەمیشە بە سۆز و پەیمان و کردار، کاری بۆ خزمەتی کورد و کوردستان کردووە.
مەسرور بارزانی هەر لە منداڵییەوە مێشک و دەروونی پڕ بووە لە ڕەفتار و خەباتی کوردایەتی، بە ئەنجامدان و پیادەکردنی بیروباوەڕ و پەیڕەو و پرۆگرام و ئامانجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان. هەر لە ڕۆژی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩ بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و دیاریکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش و ئارامی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هەموو خەڵکی کوردستان و گەشەکردنی پرۆژەکانی کشتوکاڵ و تەندروستی و پیشەسازی و زانستی و کۆمەڵایەتی و گەشتیاری و پەرەسەندنی پرۆژەکان هەر لە سنووری هەڵەبجە و گەرمیانەوە هەتا دەگاتە زاخۆ، بە مەبەستی پێشکەوتن و ئاسوودەییی دانیشتوانی کوردستان.
مەسرور بارزانی، هەر لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا بۆ دابینکردنی ئەمن و ئارامی بۆ خەڵکی کوردستان و خاکەکەی و بەکارهێنانی هەموو هێز و توانای وەک پێشمەرگەیەک، لەژێر فەرمانی مەسعود بارزانی، بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، کە خۆی هاوسەنگەری سەرۆک مەسعود بارزانی بوو لە بەرەکانی شەڕدا.
مەسرور بارزانی بە باشترین شێوە ئەرکەکانی ئەنجام داوە و وەک ڕابەرێکی سیاسی و دیپلۆماسی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، هەمیشە کاری بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان کردووە، بەتایبەتی لە کاتی ئامادەبوونیان لە کۆڕ و کۆڕبەندە ئابووری و سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، یاخود لە سەردانەکانی بۆ وڵاتە ئەورووپییەکان و ئەمریکا و شوێنەکانی دیکە.
مەسرور بارزانی بە دڵ و بە گیان خۆی بە خزمەتکاری میللەتی کورد و خەڵکی کوردستان بەگشتی دەزانێت و هەمیشە سیاسەت و بەرنامەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێ دەکات، جەنابیان سیاسەتمەدارێکی سەردەمی و شارەزا و خاوەن ئەزموونە و هاوکێشەیەکی قورس و گرانە بۆ دوژمنان و نەیارانی پارتی.
مەسرور بارزانی ئەو کەسەیە کە شانبەشانی سەرۆک بارزانی، لە شەڕی دژ بە داعش و لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، هەروەها لە کاتی خیانەتی جاشەکان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا، تاکوو ئەمڕۆ هەر بەردەوامە و پڕنسیپ و بەرنامە و فەرمانەکانی مەرجەعی میللەتی کورد، هێژا مەسعود بارزانی جێبەجێ دەکات. بەندە، چەند جار خوێندنەوەی ورد و بەرچاوم لەسەر کەسایەتیی مەسرور بارزانی کردووە، بەتایبەتی ئەو کاتەی جەنابیان قوتابیی زانکۆ بووە لە ئەمریکا و منیش کارگێڕی لقی حەوتی پارتی بووم لە ئەمریکا و کەنەدا لە واشنتۆن و زۆر نزیک بووم لە جەنابیان، هەروەها دوای گەڕانەوەم لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ کوردستان و دەستبەکاربوونم لە ئاژانسی پاراستن، کە ئەو کاتە مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری سەرۆک مەسعود بارزانی بوو بۆ سەرپەرشتیکردنی ئاژانسی پاراستن و هەموو دەزگاکانی ئەمنی. بەڵێ لەو کاتانەدا بینیم و هەستم بەوە کرد کە چۆن مەسرور بارزانی زۆر کارامە و دڵسۆزانە ئەرکەکانی خۆی لە دابینکردنی ئەمن و ئارامی بۆ خەڵکی کوردستان و پاراستنی سەر و سامانیان جێبەجێ دەکات، لە هەمان کاتدا لەگەڵ کارمەندان و هاووڵاتییان کەسایەتییەکی خۆشەویست و دادپەروەر و هەڤاڵدۆستە.
بۆیە شاهێدیی ئەوە دەدەم کە مەسرور بارزانی باشترین پەروەردەکراوی مەرجەعی میللەتی کورد مەسعود بارزانی و قوتابیی قوتابخانەی مستەفا بارزانییە و هەڵگری زۆر لە خەسڵەت و سیما و بەهرەکانی باوکی گەورە مستەفا بارزانییە، بۆیە ئێمە بە شتێکی سەیر و سەرسوڕمان نابینین کە دوژمنان و ناحەزانی بەڕێزیان، هێرشی پڕ لە درۆ و پڕوپاگەندەی نەخوازراوی بێبنەما دەکەنە سەر جەنابی مەسرور بارزانی و کابینەی حکوومەتەکەی.
بۆیە لێرەوە داواکارین و بە خەڵکی کوردستان دەڵێین، با خۆیان کار و پرۆژە و گوفتار و ڕەفتارەکانی مەسرور بارزانی هەڵبسەنگێنن و خۆیان وەڵامی دوژمنان و تێکدەران بدەنەوە، لەمەڕ ئەو هەموو خزمەتگوزارییانەی جەنابیان پێشکەشی خەڵکی کوردستانی کردووە. با ئەو هەموو کارگە و بەنداو و پرۆژە خزمەتگوزارییانەی لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان پێشکەش کراون، بکەنە قەڵغان و وەڵامێکی بەهێز لە دژی ئەو نەیارانە. لێرەدا ڕاستی و دروستیی ئەو پەندە کوردییە دێتە جێ، کە دەڵێت (ئاوی زوڵاڵی ڕووبارەکانی کوردستان بە دەمی سەگ پیس نابێ). وێجا ئەمژی دبێژین (زا ب خودێ ڕیبارێت کوردستانێ بدەڤێ جەحشک و خائن و خۆفرۆشا پیس و پەلۆس نابن).
لە کۆتاییدا باوەڕم بە قسەکانی خاتوو (دوڕییە عەونی) هەیە، کە دەڵێت بارزان کارخانەی هێنانەدنیای پاڵەوانانە بۆ کورد و کوردستان، چونکە بە درێژاییی مێژووی خەباتی میللەتی کورد دەبینین، کە بنەماڵەی بارزان، هەر ڕابەر و سەرپەرشتیی شۆڕش و بەرخودانی میللەتی کوردیان کردووە و هەتا ئەمڕۆش بەردەوامن و کار دەکەن بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی ئازاد و پێشکەوتوو، ئومێدمانە ئەم ڕێبازە هەر بەردەوام بێت، بۆ بەدیهێنانی ئامانج و مافە ڕەواکانی میللەتی کورد.
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی