خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- دوێنێ دووشەممە 7ی ئۆكتۆبه‌ری 2024، بە ئامادەبوونی عه‌لی حوسێن بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی هەڵبجە ڕاپەڕینی پارتی و هێمن هەورامی و زاگرۆس فەتاح ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی و ڕێباز حەملان و بەرپرسی لقی12 و هەڤاڵانی ناوچەکە و ژمارەیەکی بەرچاو لە جەماوەری پارتی لە پێنجوێن و ناوچەکە دوای چەندین ساڵ لە سووتان و هەڵکوتانە سەر بارەگای ناوچەکانی پارتی لەلایەن جەماعەتی ئیرهابی فکری، هەردوو بارەگای ناوچەی (پێنجوێن و شلێر ) کرانەوە، عه‌لی حوسێن لە وتەیەکدا باسی ڕۆڵی خەڵکی سنوری پێنجوێن و ناوچەکەی لە شۆڕشەکان و پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا عه‌لی حوسێن باسی لە گرنگیی دەروازەی باشماخ کرد و گوتی: ئەم دەروازەیە یەکێکە لە شادەمارەکانی ئابووری وڵات، بەڵام بە داخەوە داهاتی زۆری ئەم دەروازەیە دەچێتە گیرفانی چەند کەسانێکی دەستڕۆیشتووی ئەم سنوورە و بۆ خۆیان تەخشان و پەخشانی دەکەن، وەک دەبینین خەڵکە شۆڕشگێڕە ماندووەکەش لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بێبەشن، ئەم دەروازە گرنگە لەهەر ناوچەیەک بووایە خەڵکەکەی لە خۆشترین و باشترین ژیاندا دەبوون، بەڵام بەداخەوە سەیر بکەن هەتاکو ئێستا ڕێگه‌ و بانی کە دێت بۆ ئه‌م شارە خۆشەویستە دوو ساید نییە! بۆیە لێرەوە داواکارین خەڵکی خۆڕاگری پێنجوێن و ئەم ناوچە خۆشەویستە دەنگی خۆیان بدەن بە لیستی 190ی پارتی دیموکراتی کوردستان ، بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بگاتە ناوچەکەیان و داهاتی ئەم دەروازەیە بۆ خەڵکی خۆشەویستی ئەم سنوورە خەرج بکرێته‌وە.