خەبات: ئارام شێرکۆ:- لیزا فەلەکەدین کاکەیی ئەندامی مەکتەبی ناوهندی و یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک گەرمیانی پارتی لە لێدوانێکی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگهیاند: بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە کوردستان پێویستی بە پارتییە، کە یەکێکە لە دەستکەوتە نەتەوەیی و مێژووییەکانی گەلی کورد، نەک تەنها بۆ کوردانی باشوور، بهڵكوو بۆ كوردی هەموو پارچەکانی دیكهش، ئەوەی کە مسۆگەری مانەوەی ئەم قەوارەیە دەکات، تاکە حزب، پارتی دیموکراتی کوردستانە، دڵنیاشم ئەم بۆچوونەم ڕاستییەکە لەلای زۆرینەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەو کەشە سیاسییەی، کە لەهەرێمی کوردستان درووست بووە، بەتایبەتی هاش و هووشی ڕاگەیاندن، ڕەنگە زۆرجار وابکات ڕاستییەکان ون بکات، بەڵام لە کۆتاییدا هەمیشە لە هەموو وڵاتێک وابووە، ئەوەی سەردەکەوێت ڕاستییە و ئەوەیە، کە بە فیعلی کاردەکات و ئەوی دیکە هەر لە هاش و هووش دەمێنێتەوە و لەئەرشیفەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆڕمەکانی دیکەی میدیا تەنها ئەرشیفێکی دەمێنێتەوە.
بەڵام ئەوەی، کە بەردەوام دەبێت لەخزمەت کردن، ئەوەی دەتوانێت هەرێمەکە بەرەو باشتر ببات و بتوانێت خەڵکەکە ڕازی بکات، ئەوە دەمێنێتەوە، ئەو تاکە حزبەش تەنها پارتی دیموکراتی کوردستانە، زیانگەیاندن بە فلێکسەکانی کاندیدانی لیستی 190 ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم لیستە لەم سنوورە بەهێزە و کاندیدەکانیشی بەهێزن و هەمیشە ئەگوترێ “بەرد لەداری بەردار ئەگیرێت”، گەر دارێک بەری نەبێت، بێگومان نە کەس ئاوڕی لێدەداتەوە و نە کەسیش بەردی تێدەگرێت، کەواتە ترس و دڵەڕاوکێیەک هەیە بەرامبەر لیستی 190 و کاندیدانی لە سنوورەکە، بۆیە ئێمە ئەمە بە بەهێزی کاندیدەکان و بەهێزی لیستەکە ئەبینین، بەڵام هەروەکو جەنابی سەرۆکیش لەکاتی وتارەکەی لەدەستپێکی ئەم بانگەشەیە ڕایگەیاند، کە ئێمە ئەبێت بە شێوەیەک مامەڵە بکەین، گەر بینیمان فلێکسەکانی ئەوانیش زیانیان پێگەیشتووە، هەوڵبدەین چاکی بکەینەوە، کەواتە ئەمە گەورەیی پارتی دەگەیەنێت و پارتیش خۆی گەورەیە و پێویستی بەم جۆرە ڕێکلامانە نییە، تا بڕوات زیان بە فلێکسی لایەنەکانی دیکە بگەیەنێت، بۆیە ئەوەی، کە ڕوویداوە چاوەڕوانکراوە و بەهێزی ئێمەیە.