سهرهتا وتار سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی هەموو خەڵکی کوردستانە
وەیسی سەعید وەیسی
ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، گرنگی و بایەخی خۆی ھەیە، ھیچی کەمتر نییە لە گرنگیی یەکەمین ھەڵبژاردن، بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەت بە دامەزراوە یاسایییەکانی کوردستان، بۆیەش دەبێت بە بایەخەوە لێی بڕوانین و ھاوکاربین بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی پرۆسەیەکی دیموکراسییانەی پاک و بێگەرد تا دەنگدەرانی کوردستان ئازادانە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە کەشێکی ئارامدا نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمانی ئاییندە ھەڵبژێرن.
پارتیمان بە لیستی ژمارە ١٩٠ بەشدارە لە پرۆسەکە، کاتی ھاتووە خەڵکی کوردستان جارێکی تر لە پێناو پاراستنی شکۆی کورد و کوردستان و قەوارەی دەستووریی ھەرێم، متمانە بە پارتی بداتەوە، چونکە بەدڵنیایییەوە دۆست و نەیار چاک ئەو ڕاستییە دەزانن چەند پارتی بەھێز بێت ئەوەندەش کوردستان بەھێزتر دەبێت، چونکە لە دەستپێکی دامەزراندنییەوە پارتی پێشەنگی کوردایەتی و خەبات و تێکۆشان بووە لە پێناو گەیشتنی خەڵکی کوردستان بە مافەڕەواکانی، ھەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسییەکانی پارتی گەواھیدەری ڕابردوویەتی، چۆن لە شۆڕش و خەباتدا ڕۆڵ و ئەرکی سەرەکی ھەبووە، لە ڕێگەگرتن لە پیلانی ناحەزان بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستانیش ھەمان ڕۆڵی ھەبووە، لە کاتی قەیران و تەنگانەدا بە تەنیا لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریی لە کەرامەتی خەڵکی کوردستان مایەوە، بۆیەش کاتی ھاتووە خەڵکی کوردستان هاوکاری پارتی بێت لە پێناو بەردەوامیدان بە سەقامگیریی کوردستان، چونكە گەر پارتی زۆرترین دەنگی هێنا ئەوە مۆركردنی دووبارەی ریفراندۆمە لەلایەن گەلی كوردستان و مانەوەی دۆزی كوردە بە زیندوویی، بەپێچەوانەوە گەر سەنگی پارتی كەم بێت كوردستان لاواز دەبێت و دەستكەوتەكان كەم دەبنەوە، چونكە گەر پارتی و پێشمەرگەکانی نەبان لە پردێ و سحێلا بەرگرییان نەكردبا كوردستان دەكەوتە ژێر ڕکێفی نەیاران و ئێستاش حزب و لایەنەكان دەبوایە لەژێر قەدەغەكردنی ئاڵای كوردستاندا زۆر زەلیلانە بانگەشەی هەڵبژاردنیان كردبا.
با خەڵکی کوردستان لەوە دڵنیا بێت تا پارتی و سەرۆک مەسعود بارزانی لە مەیداندا بن کوردستان لە دەستێکی ئەمیندا دەمێنێتەوە و بەرەو پێشەوە دەچێت، بۆیە دەبێت لە پێناو کوردستانێکی بەھێز و سەقامگیر خەڵکی کوردستان لە ٢٠-١٠سەرکەوتن و شکۆمەندییەکی تر بۆ پارتی تۆمار بکەن، چونکە سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستانە.