بانگەشەی پاراستنی ژیان و ژینگە

201
چیا هه‌ركی
ڕابەر و لێڤەگەڕمان، هێژا (سەرۆک بارزانی) لە ڕۆژی یەکەمی بانگەشەی هەڵبژاردن و ناساندنی لیستی پارتیمان و بەربژێرەکانی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە کاتی بانگەشەکردندا دەبێت پارتی و پارتییەکان، لە ئاست مێژووی پڕ سەروەری و گەورەیی پارتی و ئەو بەرپرسیارێتییە مەزنەدا بن کە لە ڕابردوو و ئیستا و داهاتوودا لە ئەستۆی پارتەکەیانە. بۆ ئەمەش ڕێنوێنیی هەموومانی کرد کە خۆمان لە بەکارهێنانی زمانی زبر و ئاست نزم بەدوور بگرین و بە ڕاشکاوییەوە فەرمووی: “ئەوەی زمانی درێژ بێت، دەستی کورت دەبێت.”
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕێنمایی و ئامۆژگارییانەی جەنابی سەرۆک و بۆ ئەوەی ئۆرگانەکانی پارتیمان و بەربژێرەکانیشمان هەڵمەتێکی شایستە و شیاو بە دیرۆکی پارتی بەڕێوە ببەن کە ڕەنگدانەوەی ڕەوشتی بەرزی کوردانە و گوتاری نیشتمانییانەی پارتی بێت و بە ڕۆڵی خۆی هاوکار بێت لە هاندانی هاووڵاتییان بەگشتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان بەتایبەتی بۆ بەشداریی کارا و زیاتر لە دەنگدان، هەروەها زەمینەسازی بۆ بەڕێوەچوونی ئاشتییانەی پرۆسەی هەڵبژاردن بکات و سەرکەوتنی پارتیمان و لیستەکەی مسۆگەر بکات، سەرنجی هەڤاڵانمان بۆ چەند خاڵێکی گرنگی تایبەت بە هەڵمەتی بانگەشەکردن ڕادەکێشم.
هەڵمەتی دیموکراسی و شارستانیی بانگەشەکانی هەڵبژاردن؛ بە چەند خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی گرنگ دەناسرێتەوە و هەر هەڵمەتێکیش ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییانەی تێدا بێت، دەتوانێت کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی و هۆشیاریی سیاسی، قووڵکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی و متمانەی هاووڵاتیان بە سیستەمی سیاسی تۆکمە و پتەو بکات.​​​​​​​​​​​​​​​​
هێزی سیاسی؛ جا ئایدیۆلۆژیاکەی هەر چییەک بێت، کە بڕیار دەدات بچێتە ناو کێبڕکێی سیاسی و ململانێی هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی متمانەی هاووڵاتی مسۆگەر بکات و لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا نموونەیەکی جوان و دروست پێشکەش بکات، نموونەیەک کە هانی بەشداریکردنی کارا و چالاکانەی هاووڵاتییان بدات بۆ هاتنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و متمانەیان بە خۆی و پڕۆژە و بەرنامەکانی، مسۆگەر بکات، دەبێ ڕەچاوی ئەم چەند خاڵ و خەسڵەتەی خوارەوە بکات:
– پێشکەشکردنی ئامار و زانیاریی دروست و ڕاست دەربارەی دەستکەوتەکانی ڕابردووی و بەرنامە و پلانەکانی بۆ داهاتوو و خۆی لە بەڵێندانی نادروست بەدوور بگرێت.
– پابەندی یاساکانی هەڵبژاردن و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بێت و خۆی لە پێشێلکارییەکان بپارێزێت.
– جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و داخوازییەکانی کۆمەڵگا بکاتەوە و بۆ ئەمەش بەرنامەی ڕوون و ڕاشکاو و دیاریکراوی هەبێت.
– هێرشی کەسیی و ناشیرین نەکاتە سەر بەرامبەرەکانی و لەبری ئەوە، ڕەخنەی لۆژیکی و بەرپرسیارانە لە بەرنامە و سیاسەتەکانی بەرامبەر بگرێت و جێگرەوەکانی خۆی بخاتەڕوو.
– زمانێکی نەرم و نیان و ڕوون و ڕەوانی دوور لە توندوتیژی بەکار بهێنێت.
– لە خستنەڕووی بەرنامە و پڕۆژەکانیدا ڕەچاوی بەرژەوەندیی تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگا بکقت و نوێنەرایەتیی دەنگی سەرجەم گرووپە جیاوازەکان بکات.
– کۆبوونەوە و چالاکیی جەماوەریی ڕاستەوخۆ بکات و سنگ و دەرگای بۆ گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی هاووڵاتیان و میدیاکان واڵا و کراوە بێت.
– پابەندی بنەما و پرەنسیۆە دیموژراتییەکان بێت و پێداگیر بێت لەسەر هاندانی هاووڵاتییان بەگشتی و ئەندام و لایەنگرەکانی بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان.
– لە بەرنامەی بانگەشەیدا بایەخ بە پرسە ژینگەییەکان، پاراستنی کوالێتیی ژیانی هاووڵاتییان، کارکردن بۆ دوورخستنەوەی هاووڵاتی لە شڵەژانی دەروونی و نیگەرانبوون و دڵەڕاوکێ، بەرگرتن بەو هەوڵ و هەنگاوانەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی دەخەنە بەردەم مەترسی، بدات و بەهەندیان وەربگرێت.