خەبات- عەلی بانیشاری
سەرۆكی لیستی 190ـی پارتی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت: دەنگدان بە لیستی 190، دەنگدانە بە مێژوویەك لە خەبات و قوربانیدان، بە ئێستایەك لە دەستكەوت و داهاتوویەك لە هیوا. ڕاشیدەگەیەنێت: بەهۆی خراپیی حكوومڕانی لە هەڵەبجە، شارێك كە خاوەنی 5000 شەهیدە وەكو پێویست خزمەت نەكراوە و لە بواری خزمەتگوزاریدا گرفتی گەورەی هەیە. دەشڵێت: لە پەرلەمانی كوردستان كار دەكەم بۆ باشتركردنی ژێرخانی پارێزگای هەڵەبجە.
هوشیار حسین بەگ، كاندیدی ژمارە 1 لەسەر لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی هەڵەبجە بە (خەبات)ـی گوت: داواكارم لە دانیشتووانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەنگ بدەن بە لیستی 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوەی وەكو شارەكانی دیكەی كوردستان دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە هەڵەبجە و دەوروبەری. گوتیشی: بەهۆی خراپیی حكوومڕانی لە هەڵەبجە، شارێك كە خاوەنی 5000 شەهیدە و ناسنامەی نەتەوەیەكی 50 ملیۆن كەسییە وەكو پێویست خزمەت نەكراوە و لە بواری خزمەتگوزاریدا پارێزگاكە گرفتی گەورەی هەیە و هێشتا دەیان كۆڵان لە هەڵەبجە قیڕتاو نەكراون و ڕێگای گوندەكانیش وێرانن.
سەرۆكی لیستی 190ـی پارتی لە بازنەی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند: دەنگدان بە لیستی 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگدانە بە مێژوویەك لە خەبات و قوربانیدان، بە ئێستایەك لە دەستكەوت و داهاتوویەك لە هیوا. دەنگدان بە پارتی وا دەكات كوردستانێكی بەهێز و گەشاوەمان هەبێت. زیاتر گوتی: ئێمە و ئێوە لە ڕۆژی دەنگدان ئایندەیەكی جوانتر بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە و تەواوی كوردستان دەنەخشێنین. بەڵێ بۆ دەنگدان بە لیستی 190ـی پارتی، لیستی خوێنی شەهیدان و قوربانیدان، لیستی پێشمەرگە و كەسوكاری ئەنفالكراوان، لیستی خۆنەچەماندن.
هوشیار حسین بەگ دەڵێت: لە پەرلەمانی كوردستان كار دەكەم بۆ باشتركردنی ژێرخانی پارێزگای هەڵەبجە و گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و چارەسەركردنی گرفتی بێكاری و فراوانكردنی هەلیكار بۆ لاوانی هەڵەبجە. هەروەها كار دەكەم بۆ پاراستنی ژینگە و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەڵەبجە و دەوروبەری. لەلایەكی ترەوە پەرەپێدانی سیستمی پەروەردە و تەندروستی لە شارەكە لە پێشبینەی كارەكانم دەبێت.
سەرۆكی لیستی 190ـی پارتی لە بازنەی هەڵەبجە دەشڵێت: ئەگەر متمانەی دەنگدەرانم بە دەستهێنا و بوومە پەرلەمانتار لە ڕێگەی دام و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمەوە هاندانی وەبەرهێنەران دەدەم بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی جۆرا و جۆر لە هەڵەبجە و پشتگیری پرۆژە بچووكەكان و خاوەن كارە ناوخۆییەكان دەكەم و كار لەسەر ئەوەش دەكەم گرنگی بە كەرتی گەشتیاریی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بدرێت، چونكە ناوچەكە خاوەنی 36 خاڵی گەشتیاریی گرنگە.
هوشیار حسین بەگ لە ساڵی 1984 خانەی پێگەیاندنی مامۆستایانی لە شاری سلێمانی تەواو كردووە. لە ساڵی 1992 بووەتە جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەڵەبجە. لە ساڵی 1994 بووەتە ئەندام مەكتەبی لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە. خولی 11ـی كادرانی تەواو كردووە. لە ساڵی 1999 بووەتە بەرپرسی لیژنەی ناوچەی هەورامان. لە ساڵی 2003 بووەتە بەرپرسی لیژنەی ناوچەی شارەزوور. لە ساڵی 2006 بووەتە كارگێڕی لقی 12. ناوبراو خاوەنی دوو شەهیدە.