خەبات- بەرهەم شێخ عزەدین
لە شارۆچكەی دوكان هاووڵاتیان بە نیگەرانیی زۆرەوە باسیان لە خراپیی مامەڵەكردنی لایەنە خۆسەپێنەكانی ئەوێ و رەوشی قەزاكەیان و كەموكوڕییەكان كرد، بۆیە رایانگەیاندووە كە بە جۆش و خرۆشەوە پاڵپشتێكی بە هێزی لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبن، لەم ڕاپۆرتەی خەباتدا بۆچوونی چەند هاووڵاتیەكی قەزای دوكان دەخەینەڕوو:
هاووڵاتی ڕزگار ڕەسوڵ بۆ رۆژنامەی خەبات دەڵێت: بۆمان دەركەوت و ڕوون بووەوە، كە هیچ هێز و لایەنێكی دیكە ناتوانێ بە ئەندازەی پارتی خزمەتی خەڵك و دانیشتووانی كوردستان بكات، لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان تاكە لیست و لایەنە كە بەڕاستی خەمی كورد و كوردستانیانە، بۆیە گرنگیی سەركەوتن و براوەیی پارتی لەوەدایە كە بینیمان چۆن بەرگری لە خاك و قەوارەی هەرێمی كوردستان كرد، بە نموونەش شەڕی پردێ و سحێلا و چۆنیەتی تێكشكاندنی مەرام و پلانی بۆگەنی دەرەكی لەلایەن پارتی و هێزە خۆڕاگرەكەی، بۆیە گەیشتووین بەو بڕوایەی كە جگە لە پارتی هیچ هێزێكی دیكە ناتوانێت بمانپارێزێت و زەروورە پارتی براوە بێت، چونكە پارێزراو دەبین.
سەبارەت بە رەوشی قەزای دوكانیش گوتی: بە ڕای من و چەندین كەسی وەكو من، كە خۆمان بە خاوەنی قەزای دوكان دەزانین، ئەوەی پێویستە بۆ دوكان نەكراوە، چونكە حزبی باڵادەست لەم قەزایە قۆرخی هەموو جومگەكان و شوێنە گەشتیارییەكانی كردووە، بە ئاشكرا لەلایەن ئۆرگانەكانی حزبی خۆسەپێن و لایەنگرانی خۆیان كارئاسانی بۆ خۆیان دەكەن و بۆ مەرامی حزبی بەكاری دەهێنن و پێیان دەڵێن پەیوەندی بە ئێمەوە بكەن ئینجا پڕۆژەكەت جێبەجێ بكە و بێ خەم بە، بۆیە ئێمەش تامەزرۆی ئەو عەدالەت و دادپەروەریەین، كە لە هەولێر و دهۆك هەیە، لەو سنوورانە ئامانج جوانیی و خزمەتكردنی هاووڵاتیانە نەك حزبایەتی، بۆیە دەنگ بە لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەین .
ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت: بەڕای من تاكە شوێن وەكو شوێنێكی گەشتیاریی جوان و سەرنجڕاكێش قەزای دوكانە و پێویستە لە ڕێگەی حكوومەتەوە دەستی ئاوەدانیی پێ بگات و ئەوەیش بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت، چونكە تا ئەم حزبەی ئێستا كاروباری قەزاكەمان بەڕێوە ببات، دوكان نابێتە شوێنێكی گەشتیاریی مۆدێرن.
ڕەوەز نیهاد ئاغا، دانیشتوویەكی دیكەی شارۆچكەی دوكانە و بۆ رۆژنامەی خەبات بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە خستەڕوو: ئێمە لە بازنەی سلێمانی دەنگمان بۆ پارتی و لیستەكەی دەبێت، چونكە دەمانەوێت ئەو خۆشگوزەرانی و خزمەتەی كە لە سنووری هەولێر و دهۆك و زاخۆ كراوە بگات بە ئێمەش و كەس ڕێگری لە كارو پرۆژە و خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت نەكات، هەروەها دڵنیاین كە پارتی براوە بوو، كورد و كوردستان براوە و سەربەرز دەبن.
ڕەوەز نیهاد باسی قەزاكەی خۆیانی كرد و گوتی: قەزای دوكان تاكە شوێنی گەشتیارییە، كە بە هۆی كەسانی نابەرپرسی سەربە حزبێكی دیاریكراو لەو شوێنە، هیچ خزمەتگوزارییەكی نییە و رێگری لە كارەكانی حكوومەتیش دەكرێت، خەڵك هەیە موڵكی باوك و باپیرانیەتی و ناتوانێ بلۆكێك لەسەر بلۆكێك دابنێت، بەرپرسی سەربە حزبی دەستڕۆیشتوو هەیە بە سەدان پڕۆژە دەكات و كەسیش نییە رێگری لێ بكات. گوتیشی: من لە ساڵی 1990ـەوە دانیشتووی قەزای دوكانم، هیچ كاتێك كارێكی نایاساییم نەكردووە، ماوەی پێنج ساڵە وەك هەموو ئەوانەی كە لەسەر شوێنی گەشتیاری سەر زێی دوكان موڵكێكی كەمم كڕیوە و كردم بە خانوویەك و كەپرێك، تەنیا لەبەر ئەوەی سەربە حزبی دەستڕۆیشتوو نەبووم، كارەبام پێ نادەن، لە كاتێكدا لە دوای من زیاتر لە 20 خانوو لە تەنیشتمەوە كراوە و كارەبایان هەیە، بۆیە تا ئەم حزبەی ئێستا حوكمڕانیی كاروباری دوكان بەڕێوە ببات، نابێتە شوێنێكی گەشتیاریی مۆدێرن و بە پێویست و زەرووری دەزانم خەڵك دەنگ بە پارتی بدەن بۆ ئەوەی ئەو خزمەتكردنە بگاتە قەزاكەمان.
هاووڵاتی تەها حاجی سەعید دانیشتوویەكی دیكەی قەزای دوكانە و گوتی: دەنگدان بە لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی زەرورەت و زامنی ئارامیی و ئاوەدانییە، دووبارەكردنەوەی ئەزموونی سەركەوتووی گەشەسەندن و پێشكەوتنی هەولێر و دهۆكە، لە شاری ڕۆشنبیری و هونەر هۆكاری باشتربوونی ئارامی و ئەمنیەتی شاری سلێمانییە و ئازادی بیروڕا زیاتر و باشتر دەكات،بۆیە گرنگە لیستی پارتی و بارزانی لە سلێمانی سەركەوێت لەبەر ئەوەی تاكە حزب و هێزە دەستی ئەمینە و یار و نەیاری كوردستان بە ئاڵاهەڵگر و بەرپرسیاری دۆسیەی كورد لە باشووری كوردستان تەماشای دەكەن، سەركەوتنی پارتی زامنی پاراستنی مافی گەلی كوردە لە كوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی.
سەبارەت بە دۆخی قەزای دوكانیش گوتی: شارۆچكەی دوكان لە ئەنجامی ئیدارەیەكی خۆسەپێنی نابەرپرسیارەوە ئەوەی لەپێش ڕاپەڕین وەكو سیما و هەیبەتی گەشتیاری و پێشكەوتن هەیبوو، لە سایەی ئیدارەی نابەرپرسیار و حزبی حوكمڕانی ئێرە نەك پێشنەكەوتووە بگرە زیاتر دواكه‌وتووه‌، بەو بەڵگەیەی بە هۆی ململانێی ناشەریفانەی حزبی و بەرژەوەندیی شەخسی خاك و ئاوی ئەم شارۆچكە گەشتیارییە وەكو گۆشتی خێر تەخشان و پەخشان كراوە و دراوە بە بەرپرسانی حزبێك و بۆ مەرام و بەرژەوەندیی تایبەتی دوور لە یاسا و ڕێنمایی گەشتیاری، جوانییەكانی ئەم شارۆچكە گەشتیارییەیان لە شارۆچكەكە زەوت كردووە، نەك سوودی گشتی نەبووە، بگرە ئیدارە و دەسەڵاتی سلێمانی و شارۆچكەكە بە پیلان زیاتر دوایانخستووە و زیادەڕۆیی و بەشبەشێنەی شەخسی دوكانی زیاتر دواخستووە لەبری ئەوەی ئاوەدان و پێشبكەوێت. دەشڵێت: دەمانەوێت ئەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سە قامگیرییەی كە لە هەولێر و دهۆك هەیە لە سلێمانیش هەبێت.
هاووڵاتی تۆفیق سابیر گوتی: لە بازنەی سلێمانی دەنگمان بۆ لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دەمانەوێت ئەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سەقامگیرییەی كە لە هەولێر و دهۆك هەیە و ئارامی و پێكەوەژیان و سەروەریی یاسا لە سلێمانیش هەبێت، بۆیە دڵنیاین ئەگەر پارتی براوەی یەكەم بوو، كوردستان لە دەستێكی پارێزراو و ئەمیندا دەمێنێتەوە .
دواتر تۆفیق سابیر باسی قەزای دوكانی كرد و گوتی: دوكان قەزایەكی كۆنی گەشتیارییە، بەڵام بەداخەوە هیچ پرۆژەیەكی ئاوەدانی و جوانكاری و خۆشگوزەرانی بۆ نەكراوە و تاوەكو سیمای قەزاكە سەرنجی گەشتیاران ڕابكێشیت بە لای خۆیدا، بۆیە وەك دانیشتووانی قەزاكە سوودمەند بین لێی. كەواتە ئێمە دەنگمان بۆ لیستی 190 ی پارتییە بۆ ئەوەی قەزای دوكان بگەیەنێتە ئاستی شارە گەشتیارییەكانی دیكەی كوردستان.
شاهۆ تەها حاجی، دانیشتووی قەزای دوكان دەربارەی دەنگدان بە لیستی 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی دەڵێت: بۆیە دەنگ دەدەم بە لیستی 190 لەبەر ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی ڕاستگۆ و سەركەوتووە و خاوەنی بەڵێنی خۆیەتی و حزبێكی بە وەفایە، هەروەها دەمەوێت پارتی سەر بكەوێت بۆ ئەوەی هەلی كار بۆ گەنجان دەستەبەر بكات .
شاهۆ تەهای دانیشتووی دوكان گوتیشی: لەبەر كەمتەرخەمی حزبی خۆسەپێن لە قەزای دوكان، نەتوانراوە سوود لە سرووشتی دەریاچەی دوكان وەربگیرێ، بەرپرسانی سنوورەكە كەمتەرخەم بوون لە ئاست خزمەتكردنی قەزای دوكان، بۆیە بڕیارمانداوە دەنگ بە لیستی ژمارە 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین بۆ ئەوەی دوكان هاوشێوەی زاخۆ و جێگاكانی تر خزمەت بكرێ و ببێتە شارێكی گەشتیاریی جوان و سەردەمییانە.