تەعریب و سەرژمێرییە گشتییەکەی عێراق

172
ئەسرین عاسی شوانی
وا بڕیارە لەم نزیکانە سەرژمێریی گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێ بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەوەتەی سەرژمێری لە عێراق کرابێت گەلی کورد لە جیاتی ئەوەی سودمەند بێت لە سەرژمێرییەکان، زەرەرمەندی یەکەم بووە، کە پێدەچێ سەرژمێریی ئەمجارە زیانەکانی لە ئەژمار نەیەن بۆ کورد بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان، چونکە ئەم سەرژمێرییە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێ تەعریب لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان گەیشتووەتە ترۆپک، بەتایبەتی دوای شانزەی ئۆکتۆبەری 2017 و سەردەمی پارێزگاری بەزۆر سەپێنراوی کەرکووک، کە بە بەرنامە و بە شێوەیەکی چڕوپڕ پرۆسەی تەعریبی تیا ئەنجام داوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو کەمبوونەوە دەچن، لە ئەنجامی زەبر و زەنگ و جیاوازیی نەتەوەیی، ژمارەیەکی زۆر کورد لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بەرەو شارەکانی هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن و عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ دەبن، ئەم سەرژمێرییەش دەبێتە هۆکارێکی مەترسیدار بۆ گۆڕینی باری دیموگرافیی ناوچە جێناکۆکەکان، دەشبێتە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ کەرکووک و سەرجەم ئەو ناوچانەی بە ماددەی 140 سپێردراوە، جگە لەوەش لەم سەرژمێرییەدا ئاماژە بە نەتەوە و ئایین ناکرێت، ئەمەش بەگشتی جۆرێک نیگەرانی کەڵەکەی ئاڵۆزییەکانی بەر لە خۆی کردووە، سەرژمێریی ئەم جارەی عێراق کە بڕیارە لە 20/11 بەو میکانیزمە ئەنجام بدرێت کورد، زۆر لە ڕابردوو زیاتر زەرەرمەند دەبێت، چونکە تەعریبی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان گەیشتووەتە لوتکە، خەڵکێکی زۆری ڕەسەنی کەرکووک بە هۆی پاڵەپەستۆی دەسەڵاتدارانی ناوەند و بە هۆی کار و وەزیفەوە کەرکووکیان جێهێشتووە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و ئەگەر لەم سەرژمێرییەدا وەک کەرکووکییەک و لە شاری کەرکووک بەشداری نەکەن، مانای وایە بۆ هەتا هەتایە کەرکووک لە دەست دەدەن و بە کەرکووکی هەژمار ناکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا کە عەرەب بە لێشاو و بە بەرنامە ڕوو لە سنووری کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکەن، ئەم سەرژمێرییە دەبێتە بنەمایەک بۆ مانەوەیان و بوون بە زۆرینە و کەمینە بوونی کورد، بۆیە ئەوەی پێویستە بکرێت لەم کاتەدا ئەوەیە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد قورسایی خۆیان بخەنەگەڕ کە سەرژمێری لەم کاتەدا دوابخرێ یان کە کرا کورد بە کۆمەڵێک مەرجەوە بچێتە پرۆسەکەوە کە زیانی لێ نەکات، هەوڵ بدرێت سنوورێک بۆ تەعریب دابنرێ و کار بە کارتی نیشتمانی بکرێت، هەر چەندە بۆ ئەوەش درەنگە، چونکە عەرەبە هاوردەکان زۆربەیان باری کەسێتیشیان گواستووەتەوە کەرکووک بەتایبەت لەکاتی ڕاکان جبوری کە هەڵمەتێکی فراوانی تەعریب دەستی پێ کردبوو، لە هەمووشی گرنگتر ئەگەر سەرژمێریش بەو شێوەیەی ئێستا بەڕێوە بچێت، هەوڵ بدرێت کەرکووکییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕۆژی سەرژمێریدا بگەڕێنەوە کەرکووک و وەک کەرکووکی بەشداریی ئەو پرۆسەیە بکەن، دەبێ دەسەڵاتدارانی سیاسیی کورد هۆشداری و زانیاریی پێویستیان بۆ ڕوون بکەنەوە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان و گرنگیی بەشداریی کەرکووکییەکان و گرنگیی سەرژمێرییەکەیان بۆ ڕوون بکرێتەوە تا بە فراوانی لە ڕۆژی سەرژمێری بگەڕێنەوە کەرکووک، هەوڵ بدەن ئەوەی دوژمن بە دەیان ساڵ بۆی نەکرا بە هۆی کەمتەرخەمیی خۆیانەوە خەونی دوژمنان نەهێننە دی.