ڕیفراندۆم… خەباتی ئاشتییانە

182
سەلاح شاکەلی
دوای حەوت ساڵ کە یادی ڕيفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ دەکەینەوە ناکرێ وەک یادی ڕووداوە خوێناوی و دڵتەزێنەکانی دەستی دوژمن خەم و فرمێسک میوانمان بن، چونکە ڕیفراندۆم وەڵامێک بوو بۆ برینەکانی ئەم گەلەو دوژمن و داگیرکەرانی شۆک کرد، ڕيفراندۆم دەروازەیەک بوو بۆ چوونە ئاسۆیەکی گەشتر لە هەناوی بەرپرسیارییەتی مێژوویی و نیشتمانی و نەتەوەییەوە سەری هەڵدا، بە ئامانجی قۆناغێکی نوێی کوردایەتی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە زۆر نەبوو هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەڕی تیرۆریستانی داعشیان یەکلا کردبووەوە و پلان و نیازەکانیان لە گۆڕنا، لەو هەل و مەرجەشدا کە قوربانییەکی زۆر درابوو بۆ پاراستنی هەرێم لە وەیشوومەی تیرۆر، زۆر ئاسایی بوو ئەو دەرفەتە بقۆزرێتەوە بۆ ئەنجامدانی ڕيفراندۆم. نەک هەر ئەوەندەیش بەڵکوو هەنگاوێکی چاک و لە کات و شوێنی خۆیدا بوو. وەک سەرۆک بارزانی دەڵێ: (لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە بۆ شەرعییەتی یاسا) هەنگاوێکی مێژووییمان نا چونکە لە ڕابردووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باشووری کوردستاندا دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ ڕيفراندۆم هەنگاوێکی گەورە و خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بوو لە ڕێڕەوی کوردایەتیدا، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ لە دۆستانی دوور و نزیکی کورد بیانووی جودایان دەهێنایەوە و دەیانگوت: کات و بارودۆخەکە بۆ ڕێفراندۆم لەبار نییە بەڵام ئەو هەڵوێستەیان لە دڵسۆزییەوە نەبوو بەڵکوو دژایەتییەکی ناڕاستەوخۆی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد بوو، چاویان بە ئاسوودەیی ئەم گەلەدا هەڵنایەت، هەرکاتێک کورد بیری لەو هەنگاوە کردبێتەوە وایان وتووە و بەڵگەی نەرێنییان هێناوەتەوە، دۆستە بیانییەکانیشمان کە داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان دەکرد کەچی ئامادە نەبوون بە نووسراوێک نییەت پاکی خۆیان پیشان بدەن و ببنە جێی متمانە و پاڵپشت، بەڵام بڕیاری ئەنجامدانی ڕيفراندۆم پەیامێک بوو بۆ ئەوان چونکە ڕۆژێک لە ڕۆژان یەکێک لەو بەناو دۆستانە بە کورد ناڵێن: فەرموون ڕیفراندۆم بکەن ئێمەش پشتگیریتان دەکەین، داننان یان دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلانی بندەست ڕەگێکی قووڵی لە هەردوو شۆڕشی فەڕەنسی و ئەمریکا لە سەدەی ١٢دا هەبووە و ڕۆشنفکرانی ئەو دەمە پێداگربوون لەسەر مافی ئازادی و دادی کۆمەڵایەتی و ڕزگاربوونی گەلانی ژێردەستی دەسەڵاتی زۆرینەی دەستڕۆیشتووی ستەمکار، لەدوای هەردوو شەڕی جیهانیی یەکەم و دووەم تا ئاستێک ئەو بۆچوونانە پیادە دەکران، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدوای شەڕی جیهانیی یەکەم (ووردرۆ ویلسۆن ١٨٥٦-١٩٢٤) لە پەیامێکدا داوای کرد ڕێگە بدرێت گەلانی ماف پێشێلکراو بە دەنگدانی ئاشتیانە مافی چارەنووسی خۆیان وەرگرن بەڵام بۆچوونێکی دژ بەو بیرۆکەیە لەئارادا بوو پێی وابوو ئەو بانگەشەیەی ویلسۆن نیازێکی تایبەتی لەپشتەوەیە و تەنیا بۆ گەلانی ئەورووپا و بەشێک لە گەلانی ئاسیا و ئەفریقا ئەوانەی لەژێر ڕکێفی هەردوو ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا و نەمسادا بوون ڕاگەیەندرا بۆ ئەوەی لەو دوو ئیمپراتووریایە جیا ببنەوە و بەو پلانە ئەو دوو ئیمپراتۆریانە سست و لاواز بن، بەڵام ڕيفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی کوردستان بۆ سستکردن و لاواز کردنی هیچ هێز و لایەنێک نەبوو تەنانەت لەپێش ڕيفراندۆمدا باشووری کوردستان بەگوێی دەوروبەری دا، کە دەوڵەتی کوردی لەسەر خاکی دایک زیانی بۆ هیچ کەس نابێت و وەک دوو دراوسێی برا و ئاشتیخواز و بێ کێشە بژین زۆر لەوە باشترە لە دەوڵەتێکی پڕ لە کێشە و گیر و گرفتی بێ چارەسەردا دانوومان پێکەوە نەکوڵێت.
ڕيفراندۆمی کوردستان تەنیا بۆ ڕزگارکردنی نەتەوەیەک بوو لە نیشتمانی خۆیدا تا بە ئاسوودەیی و سەرفرازی بژی، چیتر جینۆساید و قڕ نەکرێت، بە چاوی هاووڵاتیی پلە دوو سێ تەماشا نەکرێت، چونکە دەمێ ساڵە تەنیا لەبەر کورد بوون ماڵ کاول دەکرێت و خوێن لە برینی دەچۆڕێت. ڕيفراندۆم سەرکەوتووانە و بە بەڵێ (بەڵێ بۆ دەوڵەتی کوردستان) ٪٩٢ ی دەنگی کوردستانییانی پێدرا و وەک بەڵگەیەکی نەتەوەیی چووە مێژووەوە بەڵام گەر کورد، یەک هێز و یەک دەنگ بووایە، ئێستا ڕەوشەکە جۆرێکی تر بوو، ئەوەی ڕۆژانە دەگوزەرێ بەدەست دەسەڵاتێکەوە کە خۆی بۆ بەڕێوە نابرێت، ناو ناوەش لە ڕیزبەندی لیستە ناشرینەکانی دنیادا ژمارەیەکی بەرچاوە، وەک لیستی دەوڵەتە گەندەڵەکان، لیستی پایتەختە نائارامەکان و بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و لیستی دزیی سەدە.