
خەبات- سەرهەنگ نەجمەدین
پارتی دیموکراتی کوردستان، خزمەتێکی زۆری بە خەڵکی کوردستان و دۆزی ڕەوای کورد کردووە، ھیچ کاتێکیش سازشی لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە، ئەمەش وەك ئەركێكی سەرشانی جێبەجێی كردووە، لەمبارەیەوەش کچە وەرزشوانانی كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە كە هەر بۆیەش پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، متمانەی زۆربەی خەڵکی کوردستان بە دەست دێنێتەوە.
خاتوو ئاڵا دێدەوان، ئەندامی یەکێتی تۆپی دەستی عێراق، پێگەی ئافرەتانی بە بەرز نیشانداوە لە پۆستەكانی حزبی و حکوومییدا، ئەرکی گەورەیان پێ سپێردراوە، ھەر ئەوەش وای کردووە ئافرەتان لیستی ١٩٠ی پارتی بە تاکە لیستی خوازیاری خۆیان بزانن.
هاوکات لەدرێژەی قسەکانیدا، خاتوو ئاڵا گوتی: ڕۆژ دوای ڕۆژ، جەماوەری پارتی ڕوو لە زیادبوونە، تاکە حزب لە کوردستان کە خۆی بە خەمخۆری ئافرەتان زانیوە، پارتییە و ھەموو کاتێک ھەوڵی داوە مافی ئافرەتان دەستەبەر بکات، بۆیە دەنگ بە لیستی ١٩٠ دەدەین، پارتی توانیویەتی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ئاوەدان بکاتەوە و ئابووری کوردستان بەھێزتر بکات و پەیوەندی نێوان ھەرێم و وڵاتان باشتر بکات، هەر شوێنێک پارتی لێی دەستەڵاتدار بێت، بێگومان ئاوەدانیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و خەڵک ھەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەکات، بۆیە لە ڕۆژی ھەڵبژاردن، ئەو حزبەی ئەوەندە خۆ بە خەڵکی کوردستانەوە ماندوو دەکات و خزمەتی دەکات، خەڵکی کوردستانیش ڕێز لە ماندووبوونی ئەو حزبە دەگرێت و دەنگی پێ دەدەن.
ڕەنگین عوسمان یاریزانی پێشووی گۆڕەپان و مەیدانی قوتابخانەکان، لەبارەی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانی دەڵێت: لیستی ١٩٠ کە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لیستی هەموو کورد و کوردستانیانە، لیستی خەبات و تێکۆشانە، لیستێکە ھەمیشە پشتگیری و پاڵپشتی ئافرەتان دەکات بۆ بەرەوپێشچوونی تواناکانیان، بۆیە دەنگی ئێمەی ئافرەتان بۆ ئەو لیستەیە، هەمیشە پارتی خزمەتی خەڵکی کوردستانی کردووە، بەردەوام پشتگیری لە ئافرەت کردووە بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە کایەی سیاسی، ھەلی کاری بۆ ھەزاران ئافرەت ڕەخساندووە، ھیوادارین خەڵکی کوردستان بەتایبەتی ئافرەتان دەنگ بە لیستی ١٩٠ بدەن، بۆ ئەوەی زیاتر پشتگیری لە ئافرەتان بکات و زیاتر ھەلی کاریان بۆ بدۆزێتەوە.
هەروەها : ئێستا ڕێژەی ئافرەتان ڕۆژبەڕۆژ لە دامودەزگاکانی حکوومەت زیاتر دەبێت، ئەوەش ھەموو بۆ خەباتی بەردەوامی پارتی دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئافرەتان بیانەوێت لە خۆشیی و ئازادیدا بژین، دەبێ دەنگ بە لیستی پارتی و کاندیدەکانی بدەن، چونکە تاکە حزبە بەڕگری لە مافی ئافرەتان كردووە.