وەزارەتی پەروەردە بۆ هاوكاریكردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، حەوت ڕۆژی لە ناوەندەكانی پەروەردەی هەرێمی كوردستان كردە پشوو.
بە نووسراوێكی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە و بە ئیمزای ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، لە ڕۆژی سێشەممە، 15ی 10ی 2024، تاكوو 21ی 10ی 2024، لە سەرجەم ناوەندە پەروەردەییە حكوومی و ناحكوومییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ماوەی هەفتەیەك پشوو دەبێت.
پشووەكە بە مەبەستی سوودوەرگرتنە لە بینای ناوەندە پەروەردەییەكان، بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی گشتی، بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20ی تشرینی یەكەم بەڕێوە دەچێت.
پێشتر، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم ئاگادار كرابوونەوە، هاوكاریی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكەن، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.