کاروان محەمەد سینو
هەر لەگەڵ دەستپێکی هەڵمەتی هەڵبژاردن؛ لەهەندێک کۆڕ و کۆبوونەوە و سەر ستێیج و میدیا و کەناڵ و سۆشیال میدیا؛ بینیمان و بیستمان هەندێک کەس و لایەن و (بەرپرس)ی نابەرپرس؟!، دوور لە ئهتتهکێت و ڕەچاوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە بەرامبەر، بە ئاشکرا و ئاماژەدان دەستیان کردووە بە گرتینی تیر و توانجی نادروست و قسەی نابەجێ بەرامبەر پارتیمان؛ کە دەبوایە وەڵامیان بدرێتەوە. بەڵام پێگیریمان بە وتار و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی لە ڕۆژی چوارٍشەممەی ڕابردوو کە فەرمووی: «داوا دەکەم لەو هەڵبژاردنە زۆر لەسەرخۆ بن، دوور لە توندوتیژی، دوور لە بەکارهێنانی زمانی زبر، ڕاتان نەکێشن بۆ شەڕێکی لا بەلا، سەنگی خۆتان و پارتەکەتان بپارێزن، زۆرجار وەڵامنەدانەوەی خەڵکی نابهرپرس وەڵامدانەوەیە، (وەڵامنەدانەوە خۆی وەڵامدانەوەیە)». بۆیە ڕێگامان بەخۆمان نەدا کە لە ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی لابدەین و بخزێینە ناو شەڕی لابەلای ئەو کەسە(نامەسئولە) و ئەو لایەنە چەواشەکار و سەرلێشێواوانە، ئەگەرچی پێویستی دەکرد وەڵامیان بدەینەوە.
بەڵام دواتر شیعرێکی شاعێری بەرزی نەتەوەی کورد حەزرەتی(مەحوی) هاتەوە بیرم کە لە سەدەی ڕابردوودا نووسیویەتی، بەڵام هەروەک بڵێی ئەم زاتە لەم سات و ئانەی ئێمەدا ژیابێ و دەژیێ و چۆن وەسفی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە خەریکن وڵات وێران دەکەن لەپێناوی بەرژەوەندیی بەرتەسکی خۆیان و رۆژ و شەو لەو زۆنەی کە لێی دەژین و خۆیان سەپاندووە؛ ڕێگری لە بووژانەوە و هێمنی و ئارامی و ئاوەدانی دەکەن. نامەسئولانە و بۆ دەستکەوت و پارە و نان؛ قسەی ناشرین و نابەجێ بە کەسایەتییەکانی میللەتی خۆیان ئەڵێن.
هەروەکوو بڵێی حەزرەتی (مەحوی) ئێستا لەنێوماندابێت، دەڵێ: ئێستا زەمانە وا دەگوزەرێ کە کاڵفام؟! و جاهیل باڵادەستە، ئەو جاهیلە خەیاڵ دەکات بێتە ئاستی قارەمان و تێکۆشەران، بەڵام کە مرۆڤ خواستێکی وای هەبێت؛ دەبێ لەپێشدا بزانێ توانای خۆی چەندە و دەتوانێ چی بکات. لەکۆتاییدا (مەحوی)شاعیر روودەکاتە خەڵک و دەلێت: خەڵکینە ئەوە هەندێ کەس چیان زەرەر دیوە لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی؛ تاوەکوو ڕووبکەنە ڕەفتاری نابەجێ و نامرۆڤانە؟!. ئینجا (مەحوی) پڕبەپێستیان وەسفیان دەکات.
خوێنەرانی بەڕێز… کە ئەم شیعرەی حەزرەتی(مەحوی)م ورد خوێندەوە، بینیم حەزرەتی (مەحوی) هەموو شتێک و هەموو وەڵامێکی دژبەرانی گەل و نیشتیمانپەروەرانی داوەتەوە، ئەوسا گوتم کە مەحوی شاعیر وەڵامی ئەم جۆرە کەسانەی دابێتەوە، جای چ دەکات من وەڵام بدەمەوە… بۆیە وەڵامم نەدایەوە و بەباشم زانی دەقی شیعرەکە (مەحوی) وەکوو وەڵام بۆ ئەو کەسە کاڵفام و لایەن و چڵکاو خۆرەکانیان؛ لە خوارەوە بڵاوبکەمەوە:
لادە شاعیر تۆ لە باسی عیشقبازی و سەیری کە؛
چۆن خەریکن چەن کەسێ ئێستا وەتەن وێران ئەکەن
جاهیلان بۆ ئیستیفادەی زاتی خۆیان؛ ڕۆژ و شەو
لەم موحیتە* مەنعی عیلم و سەنعەت و عیرفان ئەکەن
ڕووڕەشی دنیا و قیامەت ئەو نەفامانەن کە وا؛
هەجوی* قەوم و میللەتی خۆیان بە پارە و نان ئەکەن
ئاسمان ئێستا وەها چەرخاوە؛ جاهیل غاڵبە
گوربە* و ڕێوی خەیاڵی مەرتەبەی شێران ئەکەن
چەن کەسێکی تازە پیاکەوتوو لە کوورە دەرچوون
پیاو کە چوو بۆ ئیش؛ لە پێشا یۆقڵەمەی* گیرفان ئەکەن
خەڵقە؛ بەعزێ کەس لە ئینسانی چییان دیوە زەرەر؛
وا هەمیشە مەشقی وەحشی و پەیڕەوی حەیوان ئەکەن!!.