سوورە مەرگەیی
لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ بڕیاری ریفراندۆم جێبەجێ كرا، ئەو بڕیارە گەڕانەوە بوو بۆ دەنگ و بڕیار و ئیرادەی خەڵکی کوردستان، ئەو بڕیارە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و نەخێر بۆ ژێردەستەیی بوو)، ئەوەبوو ٩٣/ی خەڵكی کوردستان دەنگیان بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان) دا، باقیەکەی تری نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بەڵێ بۆ ژێردەستەییان هەڵبژارد.
بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەو رێژەیە دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستانی شۆک کرد، ئەوەش وایکرد بۆ پێشگرتن بە سەربەخۆیی کوردستان و درێژەدان بە سیاسەتی داگیرکاری و گەیشتن بە ئامانجی لەناوبردنی کورد، پەنا بۆ ئەو تاقم و گرووپە خیانەتکارانە بێنن كە مێژوویەكی دوور و درێژیان لە خیانەت و وڵاتفرۆشیدا هەیە؟!، ئەوەبوو هێزێكی كوردی بووە پێشقەتاری حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی كەمدا هێنرانە ناو شاری کەرکووک، ئەو پیلانگێڕییەی لە نێوان سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی و لایەنە کوردییە وڵاتفرۆشەکە، دژ بە ئیرادەی کوردایەتی و (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان) بەسەر دوو قۆناغدا دابەش کرابوو.
قۆناغی یەکەم:ــ پیلانەکە لەو قۆناغەدا وا نەخشەی بۆ کێشرا بوو، کەرکووک و دەوروبەری رادەستی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی بکرێ، ئەو قۆناغە وەک ئەوەی نەخشەی بۆ کێشرابوو جێبەجێ کراو کەرکووک لەژێر دەسەڵاتی کورد دەرهێنرا و رادەستی و سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی کرا.
قۆناغی دووەم:ــ ئەو قۆناغەش کە رادەستکردنی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بوو، لەسەرەتای دەستپێکی ئەو قۆناغە کەناڵە فەرمییەکانی لایەنە کوردییەکەی ناو پیلانگێرییەکە کورد گوتەنی: “وەک هەنگیان لە دارێکدا دۆزیبێتەوە”، لە هەواڵە خێرا و بە پەلەکان موژدەی پێشڕەوی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبییان بەرەو هەولێر دەگوازستەوە. بەڵام ئەو قۆناغە لە سەرەتای دەستپێکی لەسەر دەستی کوڕانی رێبازی بارزانیی نەمر، لە پردێ و سحێلا بە شکاندنی دەبابەی ئەبرامزی ئەمەریکی تێکشکێندرا، ئەگەر ئەو پیلانە لە پردێ و سحێلا تێک نەشکێنرابا، ئەوا ئێستا شتێک نەدەما بەناوی حکومەتی هەرێم و هەولێر و سلێمانی و دهۆکیش بە دەردی کەرکووک دەبران، بەوەش بەری رەنجی خوێنی هەزاران شەهید و دەیان ساڵ خەبات و قورباندان؛ دەکرایە خۆراکی وەرگرتنی پۆستی سێ پارێزگاری کارتۆنی و دەسەڵاتی رەهاش دەکەوتە دەست میلیشیا و عەسکەرتارییەت.
ئەوەی دەمەوێ لەو باسەدا ئاماژەی بۆ بکەم، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەوەتا لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧، رۆژی ریفراندۆم گەڕانەوە بوو بۆ دەنگ و بڕیار و ئیرادەی خەڵکی کوردستان، لە هەمان بەروار و لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوولی (٢٠٢٤)یش دەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوو و لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردن كهتوونهته بەڵێندانی قەبە و گەورە، بەڵام گرنگە خەڵکی کوردستان لەگەڵ بیستنی بەڵێنە قەبە و گەورەکان، ئاوڕێک لە ١٦ی ئەیلول و ٢٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ بداتەوە. رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠١٧)ش کە قڵپکردنەوەی پیلانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو بەسەر پیلانگێڕاندا، رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵیش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە و خەڵکی کوردستان دەبێتە خاوەنی دوا بڕیار.
ئەوەتا وەک دەبینین مێژوو چەند بە جوانی خۆی دووبارە دەکاتەوە، (دوو)٢٥ی ئەیلول و (دوو)٢٠ی ئۆکتۆبەر دەبنە سەرەتای (دوو) قۆناغی پرشنگداری مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و ئیرادەی کوردپەروەرانی سەربەخۆخواز.