عەلی قادر عوبێد*
له هەڵبژاردندا یه‌كێك له بابه‌ته هه‌ره هه‌ستیارەكان كارتی دەنگدانە (ورقة الاقتراع)، زۆرترین گرنگی پێده‌درێت و له ڕووی لایه‌نی هونه‌رییه‌وه بابه‌تی زۆر ورد و هه‌ستیاری تیا ڕه‌چاو كرا‌وه، هه‌ر له هه‌ویری كاغه‌زەكه‌یەوە کە پێی دروست ده‌كرێت تا ده‌گاته باركۆده‌كانی ناو و سه‌ر كاغه‌زه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر بڵێین هیچی له كاغه‌زی دراو كه‌متر نییه زۆر ڕاسته، چونكه ئه‌و هه‌ویره‌ی وه‌ره‌قه‌ی ده‌نگدانی پێ دروست ده‌كرێت هه‌ویرێكی زۆر تایبه‌ته و ده‌بێت له ناوه‌رۆكی گرێبه‌ستەكه‌یدا جۆری هه‌ویره‌كه‌ی باسكرابێت به مواسه‌فاتێكی هونه‌ریی تایبه‌ت دروست بكرێت. دوای دروستكردنی كاغه‌زه‌كه‌ی ئه‌وكات لایه‌نی هونه‌ریی كارتی ده‌نگدان ئه‌و باركۆدانه‌یه له‌سه‌ری داده‌نرێت و به چاوی ئاسایی نابینرێت و له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی سۆفت وێری ئامێری پیكۆس (ئامێری ژماردنی ده‌نگه‌كان) یه‌ك ده‌خرێت، به شێوه‌یه‌ك كه نابێت هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك قبوول بكات، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر كه‌سێك به هه‌ڵه مه‌ره‌كه‌بی په‌نجه‌مۆری ده‌ستی كه‌وته‌سه‌ر كارتی ده‌نگدانه‌كه‌ی ئه‌وا ئامێری پیكۆس ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه ڕه‌تده‌كاته‌وه و قبووڵی ناكات، به هه‌مان شێوه ئه‌گه‌ر به قه‌ڵه‌م نیشانه‌یه‌كی له‌سه‌ر كارتی ده‌نگدانه‌كه‌ی خۆی كرد ئه‌وا به‌هه‌مان شێوه ڕه‌تی ده‌كاته‌وه كه‌واته یه‌كانگیرییه‌كی ته‌واو هه‌یه له نێوان كارتی ده‌نگدان و چۆنییه‌تی دروستكردنی و له نێوان ئامێری پیكۆسی ده‌نگدان له‌لایه‌كی تر باركۆدێكی تر هه‌یه له‌سه‌ر كارتی ده‌نگدان كه ئه‌ویش زۆر گرنگ و جێی بایه‌خه، باركۆدی كارتی ده‌نگدان خۆیه‌تی كه باركۆدی هیچ كارتێك له‌وی تر ناچێت و دووباره نابێته‌وە، ئه‌وباركۆده‌ش له لایه‌ن ئامێری ناساندنی ده‌نگده‌ره‌وه ناسێندراوه و (ئامێری لێکۆڵینه‌وه ) كاتێ ده‌نگده‌ر كارتی ده‌درێتی له‌لایه‌ن ڕازگری كارتی ده‌نگده‌رانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه لای كه‌سی ناساندن باركۆدی كارته‌كه‌ی داخل ده‌كات، كاتێ قبووڵی كرد ئه‌وكات ده‌نگده‌ر ده‌توانێ ئه‌و كارته به‌كار بهێنێ و ڕوو بكاته كابینه‌ی ده‌نگدان و ده‌نگ بدات. كه‌واته ئه‌گه‌ر بێت و بپرسین :- ئایا كارتی ده‌نگدان سیستەمی پارێزگاری تیا په‌یڕه‌و كرا‌وه؟
– ئایا كارتی ده‌نگدان چاپكردن و كاغه‌زەكه‌ی ئاساییه؟
– ئایا كارتی ده‌نگدان له‌گه‌ڵ ئامێره‌كانی وێستگه و ده‌نگدان ته‌نسیقی پێ كرا‌وه؟
– ئایا ئامێره‌كانی ده‌نگدان ده‌توانن كارتی ده‌نگدان بناسنه‌وه و له‌كارتی تر جیای بكه‌نه‌وه؟
– ئایا زانیارییه‌كانی سه‌ر كارتی ده‌نگدان چین؟
– ئایا كارتی ئه‌م ده‌نگدانه جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هەڵبژاردنی پێشوو؟
– ئایا هه‌موو بازنه‌كان یه‌ك كارتیان هه‌یه؟
– ده‌نگده‌ر چۆن ده‌توانێ له‌سه‌ر كارتی ده‌نگدان حزب و كاندیدی خۆی بدۆزێته‌وه؟.
– ئایا ده‌نگدەر چۆن ده‌نگ ده‌دات؟چه‌ند ده‌نگ ده‌دات؟ ئایا ده‌نگی به حزبی ده‌دات بۆ چییه و ده‌نگی به كاندیدی ده‌دات بۆ چییه؟
– ئایا ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌ر هه‌ڵه‌ی كرد ده‌توانێ كارته‌كه‌ی بگۆڕێ؟ بۆ چه‌ندجار ده‌توانێ داوای كارتی تر بكات؟
– ئایا ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت كارته‌كه‌یان چۆنه؟
– ئایا كارتی هه‌ڵه‌ی گۆڕاو چییه (أوراق مستبدله)؟
– ئایا كارتی پووچه‌ڵ چییه (أوراق باطله)؟
– ئایا كارتی دوور خراوه چییه (اورامستبعده)؟
– ئایا ڕێژه‌ی جیاوازی 5% كارتی ده‌نگدانی دروست چییه؟ چون هه‌ژمار ده‌كرێت؟
– ئایا ڕێژه‌ی 3% جیاوازیی هه‌ڵه‌ی ئه‌لكترۆنی ده‌ستی چییه؟
– ئایا ڕێژه‌ی 5% تێپه‌ڕاندن چییه له په‌نجه‌مۆردا؟
ده‌توانین بڵێین كارتی ده‌نگدان به شێوه‌یه‌ك سیستەمی پارێزبه‌ندی بۆ كرا‌وه و زیاتر له‌وه‌ی بۆ دراوی خه‌رج كردن كرا‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كرد پێویست به دووباره‌بوونه‌وه‌ی ناكا، دوای ئه‌وه‌ی له گرێبه‌ستی كارتی ده‌نگداندا كرنگی به هه‌ویره‌كه‌ی ده‌درێ به‌هه‌مان شێوه‌ش گرنگی به‌و شوێنه ده‌درێت كه لێی چاپ ده‌كرێت، هه‌روه‌ك چۆن چاپکردنی دراو ده‌بێ له چاپخانه‌یه‌كی ناسراو و به‌توانا بێت، كه بتوانێ ئه‌و باركۆدانه دابنێ له‌ناو كاغه‌زه‌كه‌یدا و خۆیشی هه‌ویری كاغه‌زه‌كه درووست بكات، له‌هه‌مانكاتدا كارتی ده‌نگدان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستی هیچ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی نه‌گاتێ هه‌میشه له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاپ ده‌كرێت، هه‌ر بۆیه‌ش كارتی ده‌نگدانی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له وڵاتی ئیمارات له دوبه‌ی چاپ ده‌كرێت و، ئێستا له‌ژێر چاپدایه به هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌ت و مواسه‌فاتانه‌ی كه ئاماژه‌مان پێ كرد، له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌شه كارتی ده‌نگدان كاغه‌زه‌كه‌ی به ئاسایی دانانرێت و له‌و جۆره كاغه‌زانه‌ی بۆ به‌كار نایه‌ت كه له بازاردا هه‌یه، ئه‌مه‌ش پارێزبه‌ندی به شێوه‌یه‌ك به‌هێز كردووه كه ئامێری ده‌نگدان ژماردنی ده‌نگه‌كان ( پیكۆس ) هیچ جۆرێكی تری كاغه‌ز ناناسێته‌وه، جگه له‌وه‌ی به‌تایبه‌تی بۆی دروستكراوه، ئه‌مه‌ش گومانی ئه‌وه ده‌ڕه‌وێنێته‌وه كه پارتێك یان وڵاتێك ده‌ستوه‌ردان بكات له كارتی ده‌نگداندا. ئامێره هه‌ستیاره‌كانی ده‌نگدان له‌وێستگه‌دا، دوو ئامێری گرنگ و هه‌ستیارن له وێستگه‌ی ده‌نگداندا، یه‌كه‌میان ئامێری لێكۆڵەره‌وه‌ی ده‌نگده‌ر(عده تحقق)، ئه‌م ئامێره تۆمارنامه‌ی ده‌نگدەرانی تیادا داتا كرا‌وه به سه‌رجه‌م زانیارییه‌كانی بایۆمتری كه تۆمار كرا‌وه بۆ ده‌نگده‌ر كاتی سه‌ردانكردنی بۆ ناوه‌ندی تۆماركردنی ده‌نگده‌ران و توانای ناسینه‌وه‌ی ده‌نگده‌ری هه‌یه له‌رێگه‌ی كارتی بایۆمتری ده‌نگده‌ر و خوێندنه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆری كاتێ په‌نجه‌كانی له‌سه‌ر ئامێره‌كه داده‌نێ ، ژماره‌ی ئه‌و ناوانه‌ی تێدا دانراوه به ئه‌ندازه‌ی ژماره‌ی ده‌نگده‌رانی هه‌ر وێستگه‌یه‌كی ده‌نگدانه، واتا هه‌ر وێستگه‌یه‌كی ده‌نگدان ئامێرێكی تایبه‌تی خۆی تێدایه و ته‌نیا ناو و زانیاریی ئه‌و ده‌نگدرانه‌ی تێدا تۆمار كرا‌وه كه ده‌نگده‌ری ئه‌و وێستگه‌یه‌ن، له‌هه‌مان كاتدا كارتی بایۆمتری ده‌ناسێته‌وه و باركۆدی كارتی ده‌نگدانیش لای خۆی تۆمارده‌كات و ده‌ینێرێت بۆ ئامێری پیكۆسی سه‌ر سندووقی وێستگه‌كه به كێبڵی (usb) به‌یه‌كه‌وه یه‌كانگیر كراون.
دووه‌میان ئامێری هه‌ژماردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی (پیكۆس) سه‌رسندووقه كه به ئامێری ده‌نگدانیش ناسراوه، ئه‌م ئامێره توانای هه‌یه كه كارتی ده‌نگدان بناسێته‌وه و ته‌نیا ئه‌و كارتانه قبووڵ ده‌كات كه به‌و شێویه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كرد، توانای هه‌یه ده‌نگی دروست و نادروست له یه‌كتر جیاكاته‌وه و ئاماژه‌ی پێ بكات و ده‌نگه نادروسته‌كان پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه به لێدانی مۆرێك له پشتی كارته‌كه، له هه‌مانكاتیشدا توانای هه‌یه كه ئه‌و كارته‌ی به ڕێگای درووستدا نه‌هاتووه وه‌ری نه‌گرێت، بۆ نموونه كاتێ كه‌سێك له خۆیه‌وه بیه‌وێت كارت بخاته سندووقه‌كه‌وه، ئه‌وا ڕه‌تی ده‌كاته‌وه، یان ده‌نگده‌رێك پێشتر ده‌نگی دابێت و بیه‌وێ ده‌نگ بداته‌وه ڕه‌تی ده‌كاته‌وه، یان كارتێكی ته‌زویر به هه‌مان شێوه‌ش درووستكرابێت ده‌یناسێته‌وه و وه‌ری ناگرێت، له هه‌مان كاتدا ده‌نگده‌ریش ده‌نگه‌كه‌ی به‌هه‌ڵه دابێت، بۆ نموونه دوو پارتی سیاسی نیشان كردبێت كارته‌كه وه‌رده‌گرێ و پووچه‌ڵی ده‌كاته‌وه، دوای كۆتایی هاتنی ده‌نگدانیش ئه‌نجامه‌كان شیكار ده‌كات و ده‌ری ده‌هێنی به دوو ڕاپۆرتی ئه‌لكترۆنی و كاغه‌ز ڕاپۆرت ده‌دات سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باركۆدی كارتی ده‌نگدان تۆمار ده‌كات. كه‌واته كارتی ده‌نگدان له‌گه‌ڵ ئامێره هه‌ستیاره‌كانی وێستگه یه‌كانگیر كرا‌وه و جگه له‌م كارته ئامێره‌كان هیچی تر قبووڵ ناكه‌ن.
زانیارییه‌كانی سه‌ر كارتی ده‌نگدان كه ده‌نگده‌ر ده‌توانێت به چاوی ئاسایی بیبینێت بریتین له‌وه‌ی كه هه‌ر بازنه‌یه‌كی ده‌نگدان به گوێره‌ی سنووره‌كه‌ی كارتی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌بێت و ته‌نیا زانیاری ئه‌و بازنه‌یەی له‌سه‌ره، به عه‌ره‌بی و به كوردی نووسراوه، كارتی ده‌نگدانی ئه‌م هەڵبژاردنه هه‌ر پارێزگایه‌كی به بازنه‌یه‌ك داناوه و كوردستان چوار بازنه‌یه و چوار جۆر كارتی ده‌نگدانی بۆ چاپ كرا‌وه (هه‌ولێر، سلیمانی ، دهۆك هه‌ڵه‌بجه)، له‌سه‌ر هه‌موو كارتێك دوو ڕیز هه‌یه، ڕیزی یه‌كه‌م لای ڕاست ژماره و ناوی پارتی سیاسی و هاوپه‌یمانی و پاڵێوراوی تاك و لۆگۆی تایبه‌ت و به‌رانبه‌ر هه‌ر کامیان خانه‌یه‌كی به‌تاڵی ده‌نگدان هه‌یه و ده‌نگده‌ر له‌و چوارگۆشه‌دا ئاماژەی ده‌نگدان به قه‌ڵه‌می تایبه‌ت له شێوه‌ی مۆره له‌ناو چوارگۆشه‌كه داده‌نێ، له‌لای چه‌پیش ڕیزێك ژماره له‌ناو چوارگۆشه دانراوه كه دوو هێنده‌ی ژماره‌ی كورسییه‌كانه له‌سه‌ر هه‌ر ژماره‌یه‌كی چوارگۆشه كه ده‌نگده‌ر ده‌نگ به یه‌ك كاندید ده‌دات كه د‌ڵخوازی خۆیه‌تی له‌و حزبه‌ی كه پێشتر ده‌نگی بۆدابوو. بەڵام له ده‌نگدانی تایبه‌تدا كارتی ده‌نگدان به شێوه‌یك ڕێكخراوه كه كێبركێکارانی هه‌رچوار بازنه‌كه‌ی تیا جێكراوه‌ته‌وه و ژماره‌ی كاندیده‌كانیش له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌وره‌ترین بازنه دانراوه، واتا 72 خانه، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی له‌لای چه‌پی سه‌ره‌وه‌ی هه‌رچوار پارێزگاكه نووسراوه و هه‌ریه‌ك چوارگۆشه‌ی خۆی به‌رانبه‌ره، له‌پێشدا ڕازگری كارته‌كان به ده‌نگده‌ر ده‌ڵێ ده‌نگده‌ری كام پارێزگایه و ناوی پارێزگای بۆ دیاری ده‌كرێت و ئه‌وكات ده‌چێت ده‌نگه‌كه‌ی ده‌دات به‌هه‌مان شێوه‌ی مه‌ده‌نی. به‌وه‌ش بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه ده‌نگده‌ر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌سه‌ر كارتی ده‌نگدان دوو ده‌نگ ده‌دات، ده‌نگێك بۆ حزب و ده‌نگێك بۆ كاندید، كه‌واته كارتی ده‌نگدانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه جیاوازی له‌وه‌دا‌یه له‌گه‌ڵ هی پێشوو ده‌نگده‌ر یه‌ك ده‌نگی ده‌دا، به‌ڵام له‌هەڵبژاردنه‌دا دوو ده‌نگ ده‌دات، ئه‌و ده‌نگه‌ی به حزب یان هاوپه‌یمانی یان پاڵێوراوی تاك ده‌درێت ده‌نگه درووسته‌كانی به‌ده‌ستیان ده‌هێنێ دابه‌شی كۆتای كورسی (القاسم الانتخابی ) ده‌كرێت، چه‌ند جار ئه‌و كۆتایه ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێ ئه‌وه‌نده كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنێ، هه‌روه‌ها ئه‌ده‌نه‌گه‌ی ده‌درێته كاندید ڕیزبه‌ندی ژماره‌ی ده‌نگده‌ر ده‌گۆرێت كه پێشتر پارته‌كه‌ی بۆ دانابوو. به گوێره‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی به‌ده‌ستی ده‌هێنێ له زۆره‌وه بۆ كه‌م، واتا كێ زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ست هێنا له‌كاندیده‌كان ده‌بێته ژماره یه‌ك، به‌و شێوه‌یه كه‌مترن كه‌س ده‌نگی به‌ده‌ست هێنا ده‌بێته كۆتا كه‌سی لیسته‌كه.
كاتێك ده‌نگده‌ر به هه‌ڵه له‌سه‌ر كارتی ده‌نگدان ئاماژه ده‌كات ده‌توانێ داوای كارتێكی تر بكات و ئه‌و كارتی ده‌نگدانه‌ی بۆ بگۆڕن، ئه‌م گۆڕینه ته‌نیا بۆ یه‌ك جار ڕێگه پێدراوه، ئه‌م ئاڵوگۆڕه پێی ده‌ڵێن كارتی ئاڵوگۆڕكراو (أوراق المستبدلة)، بۆیه له كاتی هاوتاكردن له فۆرمی 41 ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت كه چه‌ند ده‌نگده‌ر هه‌ڵه‌ی كردووه و چه‌ند كارتی گۆڕاو هه‌یه، جاری وا‌یه ده‌نگده‌ر به ئه‌نقه‌ست ده‌نگ ده‌دات به زیاتر له حزب یان هاوپه‌یمانی یان ئه‌و كاره به هه‌ڵه ده‌كات و نازانێ داوای گۆڕینی كارت بكات، ئامێری پیكۆس ئه‌و كارته هه‌ژمار ناكات و پووچه‌ڵی ده‌كاته‌وه، به‌و شێوه‌یه ده‌نگه‌كه ده‌سوتێ ، ئه‌م جۆره كارته پێی ده‌ڵێن كارتی پووچه‌ڵ (أوراق الباطلة ) به‌ڵام هه‌ندێك جار ده‌نگده‌ر دێت ده‌نگ ده‌دات و ده‌نگه‌كه‌شی درووسته یان كارته‌كه‌ی به به‌تاڵی له‌و ناوه فرێده‌دات و نایخاته سندووقه‌وه، ئه‌وكارته‌ش هه‌ژمار ناكرێت، به‌و جۆرە كارتانه ده‌وترێت كارتی دورخراوه (أوراق المستبعده)، هه‌موو ئه‌وانه له‌كاتی جیاكردنه‌وه و هه‌ژماركردندا ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت، له‌م كارتانه‌دا كه پووچه‌ڵن ڕێژه‌ی هه‌ڵه ڕووده‌دات له‌نێوان ئه‌و كارتانه‌ی له سندووقدان و ئه‌وانه‌ی ئامێری پیكۆس به هه‌ڵه‌ی هه‌ژمار كردووه ئه‌گه‌ر ڕێژه‌كه‌ی گه‌یشته 3% ئه‌وا ئه‌و سندووقه ده‌نێردرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له ناوه‌ندی وردبینی پاریزگا و ده‌نگی ئه‌لكترۆنی هه‌ژمار ناكرێت، ڕێژه‌كه به‌م شێوه‌یه هه‌ژمار ده‌كرێت ژماره‌ی ئه‌و كارتانه‌ی پووچه‌ڵن و هاوتا نین دابەشی سەر ژماره‌ی ئه‌وكارتانه‌ی ئامێری ئه‌لكترۆنی هه‌ژماری كردوون دەکرێت و لە ئەنجامدا ڕێژه‌كه دەردەچێت، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر هاتوو ئامێره‌كه 10 كارتی پووچەڵ هه‌ژمار كردبوو له هه‌ژماری ده‌ستی 15 كارتی پووچه‌ڵ هه‌بوو به‌م شێوه ده‌بێت 5÷ 10 = 0،5 كه‌واته ڕێژه‌كه له 3% زۆرتره، ئیتر ئه‌م سندووقه ده‌نێردرێته ناوه‌ندی وردبینی، خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو ئامێر 10 پووچه‌ڵی هه‌ژمار کردبوو به ژماردنی ده‌ستی 12 پووچه‌ڵ بوو ئه‌وا 2 ÷ 10 = 0,2 ڕێژه‌كه كه‌متره لە 3%، ئه‌وا به‌پێی یاسا ڕێژه‌كه قبووڵه و ئه‌نجامی ئه‌لكترۆنی حساب ده‌كرێت. بۆ حساب كردنی جیاوازیی ده‌نگی دروستی هه‌ژماری ده‌ستی و ڕاپۆرتی ئامێری هه‌ژماری ئه‌لكترۆنی پیكۆس ئه‌گه‌ر هاتوو ڕێژه‌ی جیاوازی 5% بوو ئه‌وا سندووقه‌كه ده‌نێردرێت بۆ ناوه‌ندی وردبینی. دوای ئه‌وه‌ی جارێكی تر به‌رپرسی وێستگه‌كانی ئه‌و بنكه‌یه و به‌رێوه‌به‌ری بنكه دووباره به ده‌ستی ده‌یژمێرنه‌وه، جیاوازییه‌كه به‌م شێوه‌یه هه‌ژمار ده‌كرێت: ژماره‌ی كارته دروسته‌كانی کە هاوتا نین (غیر متطابق) ÷ ژماره‌ی كارته دروسته‌كانی سندووق له راپۆرتی ئه‌لكترۆنی هاتووه ×100 =ڕرێژه‌كه. بۆ نموونه ئه‌گه رهاتوو ژماره‌ی كارته‌كانی ڕاپۆرتی ئه‌لكترۆنی 175 كارت بوو، جیاوازیی ژماردنی ده‌ستی 4 كارت بوو: ( 4 ÷175 ×100 = 2,28 )، به‌پێی یاسا ئه‌م ڕێژه‌یه قبووڵه و ئه‌نجامی ئه‌لكترۆنی هه‌ژمار ده‌كرێت . نمونه‌ی دووه‌م ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌كه 9 كارت بوو: ( 9 ÷175 ×100 = 5,14 )، ئه‌وا ئه‌م ڕێژه‌یه لە 5% زیاتره و سندووقه‌كه به‌و ڕێكاره‌ی ئاماژه‌مان پێدا ده‌نێردرێت بۆ ناوه‌ندی وردبینیی پارێزگا بۆ لێكۆڵینه‌وه.
له‌باره‌ی ده‌نگدان و ئامێری لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر هه‌ندێك جار به‌هه‌ر هۆكارێكه‌وه بێت په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ر ناخوێندرێته‌وه له لایه‌ن ئامێره‌كه‌وه، به شێوه‌ی تێپه‌ڕاندن به كارتی بایۆمتری هاوتاكردنی سه‌رجه‌م زانیارییه‌كانی ده‌نگده‌ر، مافی ده‌نگدان ده‌درێته ئه‌وده‌نگده‌ره، ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش ڕێژه‌ی سه‌دی 5% بۆ دانراوه و نابێت له كۆی ده‌نگده‌رانی ئه‌و وێستگه‌یه له‌و ڕێژه‌یه تێپه‌ڕێت، كاتێك كه گه‌یشته ئه‌و ڕێژه‌یه له هه‌ر وێستگه‌یه‌كدا ئه‌وا ئامێره‌كه ڕاسته‌و خۆ ئه‌و ده‌روازه‌یه داده‌خات و چی تر ئەو ده‌نگده‌رانەی له‌و شێوەیە‌ن مافی ده‌نگدانیان لەو وێستگه‌یه نامێنێت و ناتوانن له هیچ شوێنێكی تر ده‌نگ بده‌ن، ڕێژه‌كه به‌م شێوه‌یه هه‌ژماركراوه: (كۆی ده‌نگده‌رانی وێستگه ×5÷100= ڕێژه‌كه). بۆ نموونه وێستگه‌یه‌ك 450 دنگده‌ری تێدایه: (450 ×5 ÷100 = 22,5) نزیك ده‌كرێته‌وه بۆ 23 ده‌نگده‌ر ده‌توانن لەو وێستگه‌یه به تێپه‌ڕاندن (تخطی) ده‌نگ بده‌ن.
به‌و هیوایه‌ی سودێك بگه‌یەنین به ده‌نگده‌ری به‌ڕێز
*شاره‌زای بواری هەڵبژاردن.









